وتار
ئایا ئێران له‌ لێواری رووخاندایه‌؟

كاروان سه‌باح هه‌ورامی

ئەگەرچی وەڵامدانەوەی پرسیاری لەو جۆرە زۆر دژوارە، بەتایبەتی بۆ ناوچەیەکی وەکو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ھەندێک راستیی ھەن کە دەشێ پشتیان پێ ببەستین بۆ دەستکەوتنی وەڵامەکە.
پێش ھەموو شتێک وڵاتانی ھاوشێوەی ئێران و سیستەمە نادیموکراسییەکان لە دۆخی قەیران و جەنگ و گەمارۆدا زیاتر توانای مانەوەیان دەبێت و باشتر گەلە برسییەکانیان دەستەمۆ دەکەن.
بۆ دەستکەوتنی وەڵامەکە، دەبێت باسی راستیە ئابووری و سیاسییەکان بکەین.
راستییە سیاسییەکان
ئێران بە پشت بەستن بە بیردۆزە کلاسیکییەکانی جوگرافیای سیاسی، بواری زیندووی خۆی (ئەو سنورە جوگرافیای تێیدا چالاکە) زۆر فراوانتر کردووە لە رووبەرەکەی خۆی،لە یەمەن جەنگی سعوودییە دەکات و لە لوبنان جەنگی ئیسرائیل و لە سووریا جەنگی تورکیا و ئەمرکا و لە عێراق و ئەفغانستانیش جەنگی ئەمریکا دەکات، لە جەنگەکەشیدا سوود لە توانای مرۆیی و ئابووری ئەو وڵاتانە وەردەگرێت، ھەر بۆیە ھەر جوڵەیەک بەرامبەر بە ئێران جووڵەی بەرامبەری بەدوادا دێت کە رووبەرەکەی لە تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت.
ئەمریکا پێویستی بە مانەوەی ئێران ھەیە بە مەرجێک لەوە بەھێزتر نەبێت، چونکە لە سای ترسی ئێرانەوە،‌ عەرەب ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر لە ئیسرائیلەوە نزیکە، و ئەمریکاش ترسی ئێران دژی وڵاتانی عەرەبی کەنداو بەکاردەھێنێت بۆ دەستکەوتنی دەستکەوتی ئابووری و سیاسی.

لەڕووی ئابوورییەوە
تا ئێستا ئەمریکا نەیتوانیوە ھەناردەی نەوتی ئێران یەکسان بکات بە سفر، براین ھوک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە بلۆمبێرگی وتووە، (توانیویانە گوشاری گەورەی ئابووری لەسەر ئێران دروست بکەن) بە واتایەکی یکە ھێشتا ئێران دەتوانێت کڕیار بۆ نەوتەکەی لە دەرەوە بدۆزێتەوە.
لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا، ٣٧%ی داھاتی ئێران لە نەوتەوە ھاتووە، بەڵام گوتەبێژی حکومەتی تاران محەمەد باقر نیکبەخت رایگەیاندووە بۆ ساڵی داھاتووی ئێران پشت بەستن بە داھاتی نەوت لە بوودجەی وڵات بۆ ٢٨% کەمدەکەنەوە و لە باشترین حالدا لە ٢١ ملیار دۆلار زیاتر نابێت لەکاتێکدا (بودجەی گشتی وڵات ١١٢ ملیار دۆلارە بە گوێرەی بەھای حکومی بۆ دۆلار و کەمتر لە ٥٠ ملیار دۆلار دەبێت بە گوێرەی بەھای بازاڕی بۆ دۆلار)، بەڵام دەبێت ئەوە بوترێت ئێران کەمتری قەرزی دەرەکی ھەیە و ئاستی کورتھێنانی بوودجەشی بە تێکڕایی تەنھا ١.٧%ـە.
چەند راستییەک لەبارەی پێگەی نەوت لە ئابووری ئێران پێویستە بوترێن:
١- داھاتی باجی ناوخۆیی لە ئێران ئەگەر زیاتر نەبێت لە داھاتی نەوت کەمتر نیە، ئێرانیش بۆخۆی کار بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە داھاتی نەوت دەکات.
٢- ئێران بە پشت بەستن بە بیردۆزەکانی جوگرافیای سیاسی، باوەڕی وایە بەشێکی گەورەی ھێزی ئابووری لەناوخۆی وڵاتدایە و لەوەشدا پێویستی بە گەیشتنە بە ئاستی خۆبژێوی ، ھەربۆیە کار بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و کشتوکاڵی ناوخۆیی دەکات و کاریش بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانی دەکات، سەردانەکەی زەریفیش بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق لەو چوارچێوەیەدابوو.
٣- ئێران توانی ھاوبەشی نێودەوڵەتی بدۆزێتەوە و لەگەڵیان بە دراوی ناوخۆیی مامەڵە بکەن لە بری دۆلار، بەمدوایەش ئێران و ھندستان رێککەوتوون لە بری نەوتی ئێرانی، ھندستان رووپیەی پێبدات، ئێرانیش ئەو پارە بۆ کڕینی دەرمان و وەبەرھێنان بەتایبەتی دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوتی لەو وڵاتە خەرج دەکات، ئەوەش بەو مانایەی ئێران توانیویەتی گوشاری دەستنەکەوتنی دۆلار کەمبکاتەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی وەکو ھندستان و چین و تورکیا و رووسیا کە وڵاتی مەزنن و پەیوەندی باشی ئابوورییان لەگەڵ ئێران ھەیە، جگە لەوەش ئێران لە درەوەی سنوورەکانی خۆی کارگە دادەمەزرێنێت و داھاتەکەی بۆ تاران دەگەڕێـتەوە.
٤- بە سود وەرگرتن لە جوگرافیای وڵاتەکەی، جیاوازی تۆبۆگرافی و ئاوھەوایی، ئێران دەتوانێت بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی دابین بکات، بەڵام ئەوە کاتی پێویستە.
٥- ئێران تا ئێستاش بازاڕی عێراق و سووریا و بەشێک لە ئەفغانستانی لەدەستە و لە خزمەتی ئابووری تاراندایە، بۆیە بوارێکی باشیش ھەیە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی کە ھەمیشە گلەیی کە خراپی کواڵتییەکەیان دەکرێت، ئەو ئاسانیەش دەستبەرداری بازاڕی ئەو سێ وڵاتە نابێت بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.

ھەموو ئەوانە مانای ئەوە نیە، دۆخی ئێران زۆر کۆکبێت، بەڵکو گەلەکەی لەوپەری ھەژاری و بێکارییدایە و ناڕەزایەتیش گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام لە کۆتاییدا سوپای پاسداران بڕیاردەدات لە شارەکان چی دەگوزەرێت و کی دەنگ بڵند دەکات، ئێرانیش لە ھەموو دۆخەکانا بەشی تێرکردنی ئەو سوپایە داھاتی بەدەستەوە دەمێنێت.

ئێران و ھەرێمی کوردستان
لەمەودوا روانینی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان روونتر و کاریگەرترە، چونکە ھەرێمی کوردستان وەکو بازاڕێک بۆ ئێران گرنگە، ھاوکات وەکو رێڕوێکیش بۆ کەلوپەلی تورکی بەرەو عێراق کە ئێران بە بازاڕی خۆیی دەزانێت دیسان گرنگە، ھەر بۆیە ئاسایی بوونەوەی رێی بازرگانی نێوان موسڵ و دھۆک تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ حکومەتی عادل عەبدولمەھدی بەوەی کە داخۆ دەتوانێت ئەو رێگا بازرگانییە بە تەواوی بکاتەوە، لە کاتێکدا ئێران ئەوەی ناوێت.
ئێران لە ھەرێمی کوردستان دۆست و دەست و پێوەندی ھەن، کە دەتوانن سەرئێشە بۆ ھەر کارێک دروستبکەن کە بەو ئاراستەنەبێت ئێران گەرەکیەتی. لە راستیشدا ھەرێمی کوردستان ناتوانێت بەو خێراییە دەستبەرداری کەلوپەلی ئێرانی ببێت، بەخواستی خۆی بێت یان بە گوشاری ئێران بێت، ھەروەھا لە ناکۆکی نێوان تاران و واشنتن، دیسان بۆ ھەرێمی کوردستان کارێکی ژیرانە نیە بە تەواوی بداتە لای تەرەفێک دژی ئەوی دیکە، چونکە ئێران لە کۆڵانەکانی ھەرێمی کوردستان ھەستی پێدەکرێت و ئەمریکاش گەورەترین ھێز و فاکتەری مانەوەی ھەرێمی کوردستانە. رێگای راست وەرگرتنی زۆرترین دەستکەوت و سازشە لە ھەردووکیان، بێ ئەوەی خۆی رادەستی لایەنێک بکات.

*مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین
ماستە لە پەرەپێدان و جوگرافیای ئابووری
خوێندکاری دکتۆرا لە جوگرافیای سیاسی

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.