وتار
ھەڵسەنگاندنی وێبمێتریکس

یادگار عەلی

بەرەو پێشچوونە بەردەوام و خێراکان لەبواری (تەکنەلۆژیای زانیاری)، نوێترین ئامرازەکانی تەکنەلۆژیای خستە خزمەت پرۆسەکانی (فێرکردن و فێربوون)، ئاسانکاری تەواویشی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارە کارگێڕی و ئەکادیمییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کرد. بەردەستبوونی بەرھەمەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری؛ بوو بەپاڵنەرێکی بنچینەیش بۆ چاککردنی ئاست و کوالێتی خزمەتگوزارییە زانستیی و ئەکادیمیەکان و فەراھەمکردنی توانای دەستراِگەیشتن بەھەموو زانیارییەکان و پەیوەندیگرتن لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمی و زانستیەکان لەسەرتاسەری جیھان دا.

لەئەنجامی بەردەوامی شۆرشی تەکنەلۆژی و زیاتر دەرکەوتنکی گرنگی دامەزراوە زانستیی و ئەکادیمییەکان لەکۆمەڵگەکاندا، وردە وردە چەندین دامەزراوە بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەو چالاکیانە ھاتنەبوون کە زانکۆکان لەمیانی ماڵپەڕەئەلیکترۆنیەکانی خۆیان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت پێشکەشی دەکەن. لەنێو ھەموو ئەوانەش؛ دامەزراوەیەکی ئیسپانی لەمەدریدی پایتەخت بەناوی (ھەڵسەنگاندنی ماڵپەڕی زانکۆ جیھانییەکان : (Web metrics Ranking of World Universities) دروست بوو. ئەم دامەزراوەیە: بە (وێبمێتریکس - web metrics) ناسراوە، سەربە ناوەندی نیشتیمانیی ئیسپانیایە بۆ لێکۆڵینەوە (CSIC-- National Research Council) کەلە ڕێگەی ھەردوو تاقیگەی ( Cyber metrics Lab& CCHS) تەواوی کارەکانی پرۆسەی ھەڵسەنگاندنەکە ئەنجام دەدرێت.

مێژووی سەرھەڵدانی ئەمجۆرە ھەڵسەنگاندنە نوێیە. یەکەم دەرکەوتنی بەشێوەیەکی کرداری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠٠٤)، لەوساڵەدا؛ (١٦) زانکۆ لەھەڵسەنگاندنەکەدا بەشداربوون. ئامانجی سەرەکی ئەنجامدانی ئەمکارەش؛ ھەستکردن یاخود پێدانی ئاگادارییە بە زانکۆکان لەسەر ئامادەگیان لەڕێگەی چالاکیی و کارە زانستیەکانیانەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت کە مەبەست لە (ماڵپەڕی ئەلیکترۆنیی زانکۆکان)ـە، نەوەک خودی زانکۆکان خۆیان. پرۆسەکە لەساڵێکدا دووجار و لەمانگەکانی (کانوونی دووەم و تەمموز) ئەنجامەکانی ڕادەگەیەنرێت.

پێوەرەکانی ھەڵسەنگاندنی (وێبمێتریکس - web metrics):

(دامەزراوەی وێبمێتریکس)، چەند پێکھاتەیەکی لەنێو بونیادی ماڵپەڕی زانکۆکان مەبەستە و فۆکەسی پرۆسەکەی لەسەر دادەنێت، ئەوانیش بریتین لە:

١.قەبارەی ماڵپەر (Web Size): بریتیە لە قەبارەی کۆمەڵێک لاپەڕەی پێکەوەیی کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پێکەوە بەستراون، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاپۆرتە خوولیانەی دروستکراون کە ھەریەک لەکۆمپانیاکانی: (گۆگڵ، یاھوو، ئەکسالید و لایڤ) بڵاویدەکەنەوە.

مەبەست لە (قەبارەی ماڵپەڕ): قەبارەی ئەو زاکیرە دەگرێتەوە کە ماڵپەڕی زانکۆکان ھەیانە و بۆ بڵاوکردنەوەی چالاکیەکانیان بەکاریدەھێنن. ئاشکرایە ماڵپەڕەکان وەک یەک و بەیەک ئاست ئەو قەبارەیەیان نیە و بەکاریشی ناھێنن، چونکە ئەوکارە پەیوەستە بەقەبارەی زانکۆ لەڕووی ژمارەی کۆلێج و بەش و خوێندکار لەوەشدا؛ مەرجنیە زانکۆکان ھەمان ژمارە لەکۆلێج و بەش و خوێندکار و یەکەی کارگێڕییان ھەبێت.ھەر ئەوەش وایکردووە ئەو ساڵانەیەی کە ماڵپەڕی زانکۆکان یان کۆمپانیاکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان دەیدەن، وەک یەک نین، ئەمە بۆ ھەموو ماڵپەڕە فەرمیەکان بەھەمانشێوەیە، نەوەک تەنھا ماڵپەڕی زانکۆکان. ھەرچی زاراوەی (لاپەڕە پێکەوە بەستراوەکان)یشە، مەبەست لێی ئەوەیە کە ماڵپەڕەکە چی لەخۆی گرتووە، ئەو شتانەی کەلەسەر ماڵپەڕەکەن چۆن نەخشێنراون و بەچەند کلیک و چۆن دەتوانین پێیان بگەین.

٢.دۆسیە دەوڵەمەندەکان (Rich Files): بریتیە لەھەموو ئەو دۆسیە و زانیارییە نووسراوانەی کە لەسەر ماڵپەڕی زانکۆ ھەن، ئەمە؛ ھەموو دۆسیە جیاوازەکان دەگرێتەوە کەبەستراون بە ماڵپەڕی زانکۆوە لەڕێگەی (گۆگڵ) ـەوە.

٣.گۆگڵ زانستیی (Google scientists): لێرەدا مەبەست لێی ھەبوونی بابەتی زانستیی زانکۆکانە لەسەر (گۆگڵ سکۆلار)، وەک: لێکۆڵینەوەی ڕەسەن، نامەی زانستی، پوختە، توێژینەوەی ھەڵھێنجراو، ڕاپۆرتی تەکنیکی و زانستی و بابەتی ھەمەجۆر لەشێوەی: وێنە، فیلم، نەخشە و .. کەبەناوی ماڵپەڕی زانکۆوە بڵاوکرابێتنەوە.

٤.گرێدان و دەرکەوتن (Links  &  Visibility): مەبەست لەو بەستەرانەیە کە بەڕەنگی شین دەردەکەون و زانیاری لەھەناویاندایە، لەڕێگەی کەرەستەکانی گەڕانەکان: (Browsing , Search Engines).

لێرەدا مەبەست لەوەیە: تاچەند لەنێو ماڵپەڕی زانکۆکاندا گرنگی بە (ھایپەرلینک – کلیک لەسەر ووشە یاخود دەستەواژە .. بکەیت و زانیاری تەواوت پێبدات لەسەری) دراوە. ئەمە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەکات کەسەردانی ئەو ماڵپەڕە دەکەن، چونکە ھەموو ئەو شتانەی کەدەیخوێننەوە دەتوانن لەڕێگەی (شینکردنەوە – ھایپەرکردن) کلیکیان لەسەر بکەن و لەھەناویانەوە زانیاری زیاتر لەوەی خراوەتەڕوو وەربگرن.

دابەشکردنی نمرەکان بەسەر پێوەرەکان لە ھەڵسەنگاندنی دامەزراوەی (وێبمێتریکس - web metrics)دا

ئەم دامەزراوە ئیسپانییە، نمرەی بەسەر ئەو چوار پێوەرەی کەپێشتر خستمانەڕوو وەک یەک دابەش نەکردووە، بەڵکو بەپێی گرنگیان خاڵەکانی پێداون، بەمشێوەیە: (٢٠%) لەسەر (قەبارەی ماڵپەڕ)، ھەروەھا (١٥%) لەسەر (دۆسیە دەوڵەمەندەکان)، (گۆگڵ زانستی)ـش (١٥%) و ھەرچی دەرکەوتن و گرێدان (ھایپەرلینک) یش ھەیە بەتەنھا (٥٠%) خاڵەکانی ھەڵسەنگاندنەکەی لەسەر دانراوە.

ڕێگەکانی بەردەم زانکۆکان بۆ تۆمارکردنی ئاستی پێویست لە (وێبمێتریکس - web metrics)دا

دوو ڕێگەی سەرەکی لەپیش زانکۆکان ھەیە بۆئەوەی بتوانن خۆیان لەگەڵ پێوەرەکانی وێبمێتریکسدا بگونجێنن و دوانەکەون، ئەوانیش:

یەکەم: وەک ھەنگاوی یەکەم و بنچینەیی، دەبێت ژێرخانێکی بەھێز و تۆکمە لە بواریEnterprise Mail Solutions) ) بۆخۆیان دروستبکەن. ئەم ژێرخانە دەبێت بەشێوەیەک بێت کە توانای ھەڵگرتن و سەیڤکردنی زۆرترین قەبارەی زانیاری ھەبێت لەماوەیەکی کورتدا، ھەروەک خاوەن سیکیوریتیەکی بەھێز بێت و توانای بەردەوامی ھەبێت بەبێ پچڕان و ڕاوەستان، لەوەش گرنگتر کەمترین تێچوونی بوێت.

دووەم: لەپاڵ خاڵی یەکەمدا؛ گرنگ و پێویستە:

١.ئیمەیڵی زانکۆیی بۆسەرجەم خوێندکاران دروستبکرێت و  ئامرازی تری کارلێککردنی خوێندکار لەگەڵ ماڵپەڕی زانکۆ بھێنرێتە ئارا.

٢.فەراھەمکردنی ھەموو ئەو ئەپانەی کە دەکرێت لەڕێگەی ئیمەیڵی زانکۆییەوە بەدەستبھێنرێت بۆ خوێندکاران و ستافی ئەکادیمی.

٣.زۆر گرنگە ئیمەیڵەکان بەشێوەی پەیوەستکراو و ئۆتۆماتیکی بن.

٤.مەشقکردن بەخوێندکارەکان لەسەر بەکارھێنان ئیمەیڵ و ئەپەکانی و پێشکەشکردن و فەراھەمکردنی پشتیوانی ھونەری بۆیان.

٥.ئەو خزمەتگوزارییە بەشێوەیەک بێت کە بەردەوام لەکاردابێت و نەوەستێت.

٦.توانای گەیشتن بەو ئیمەیڵە دروستکراوە لەھەر ئامێرێکی کۆمپیوتەر یان مۆبایل و لەھەموو شوێنێک.

٧.لەھەموو ئەوانەش گرنگتر، ھەبوونی ھێڵێکی بەھێزی ئینتەرنێت لەبەش و کۆلێجەکان، تاوەکو مامۆستایان و خوێندکاران بتوانن ھەرکات ویستیان ئیمەیڵەکانیان بەکاربھێنن یاخود سەردانی ماڵپەڕی زانکۆکەیان بکەن.

گرنگە بونیادی (ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی) بەشێوەیەک بێت کە لەڕووی جۆر و قەبارەی فۆنت، ھەڵبژاردنی ڕەنگ زۆر گونجاو بێت. ھەروەھا ھەموو پێکھاتە ھونەرییەکانی نێو ماڵپەڕەکە بەشێوەی زانستیی بن، لەپاڵ ئەوەشدا؛ لایەنی دەروونی خوێنەران لەبەرچاوبگیرێت تێیدا و ھەوڵبدرێت سەرنجڕاکێش بێت و زیاتر جوڵا و بێت تاوەکو وەستاو و فۆتۆیی، چونکە ئەمجۆرە ماڵپەڕانە کەمەندکێشی خوێنەر دەکەن بۆئەوەی سەردانیان بکەن. ھەروەھا زۆر گرنگە بەکارھێنانی ماڵپەڕەکە بۆ ئەوانەی کاری تێدا دەکەن ئاسان بێت و توانای ئەوەشی تێدابێت کەلەداھاتوودا بەپێی پێویست بەشی نوێی بۆ زیادبکرێت یاخود لابدرێت.. بێجگە لە چالاکی زانکۆ و مامۆستایان، زۆرگرنگە خوێندکارانیش خۆیانی تێدا ببیننەوە و شوێنی سکاڵا و ڕەخنە و سەرنجی ئەلیکترۆنی ھەبێت و ئەوانەی ئیمەیڵی زانکۆییان ھەیە بتوانن سەرنجەکانیانی لێوەی تۆماربکەن.. لەگەڵ زۆر میکانیزمی تری میدیایی کە پێویستن لە ماڵپەڕێکی پرۆفیشناڵدا ھەبن و ئێرە شوێن و بواری وتنی ھەموویمان پێنادات.

*مامۆستای زانکۆی گەرمیان

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.