وتار
پاشای عەرشی بەرخودان و ئاوەدانی!

عادل عەلی

کە ئاشبەتاڵ بوو هیچ کەسێک لەوبڕوایەدا نەبوو لەو تاریکستانەی ئەوێ رۆژێ تروسکایی چرایەک دابگیرسێ و روناکی بخاتەسەر   
تولە رێگاکانی خەباتی مەحاڵ کە بەگژ دێوەزمەی
سەردەمدا بچێتەوە، کەچی هەر زوو نەک تروسکایی چرایەک بەڵکو چەخماخەی شۆڕشی نوێ بەدەستی حەوتەوانەکەی شارەزوور و دەستە چەکدارەکانی بادینان موژدەی هاتنی بەرەبەیانێکی نوێ بە ئاواز و دیزاینێکی جیاوازتر لە مەیدانی بەرخوداندا بەرجەستە بوو.
یەکێتی ئاوا دەستی پێکرد و بەگژ مەحاڵ و تەنگژەکاندا چووەوە، لایەن و کەسانی تر نەک هاوکار نەبوون بەڵکو ئەڵتەرناتیڤی شۆڕشی چەواشە و دژە شۆڕشیان خستەڕوو بووبوونە دڕکەزیی رێی ژووانی ئازادی.
یەکێتی بەخوێن و ئارەقەی رۆڵەکانی نمونەیەکی ناوازەی داهێنا لە مەیدانەکانی نەبەردی و زیندان و خەباتی شەقامی شارەکان، بۆ هێنانەدی ئازادی و جێگیربوونی دەسەڵاتی نیشتمانیش بووە ئەندازیار و ڕابەری راپەڕین و هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەت ،کە ئەوێ رۆژێ لای کەسانێک نەک خەون بوو بەڵکو وەک کۆمیدیا تەماشا ئەکرا، هەر بۆیە لە جێی دروشمی فیدراڵی ئاڵای حوکمی زاتیان بڵندئەکرد و دەستی هەموو کەسێکیان ماچ ئەکرد لە حوکمی زاتی زیاتریان بۆ بهێنێ، کەچی بەرنامە نیشتیمانی و کوردستانیەکانی یەکێتی بوونە واقیع و لە مەیدانی کردەوەدا بەرجەستە کران.
لە حوکمڕانی خۆماڵیشدا یەکیتی دەستی ئاوەدانی درێژ کرد و بەشی هەرزۆری بەرنامە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە بەرنامەکانی ئەم هێزەوە سەچاوەی گرتووە; ئەو کاتەی کە یەکیتی هێزی سەرەکی بوو لە حکومەتی ئیدارەی سلیمانی ئاشکرایە کە پلان و بەرنامە چاکسازییەکانی بواری ئابوری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی فەرهەنگی و کەلتووری پەرەپێدانی ژێرخانی کۆمەڵ چۆن بووە و چۆن چۆنیش ئیدارەکەی هەولێر لاسایی کردۆتەوە.
داهێنانی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان و دابەشکردنی دەسەڵات و شۆڕکردنەوەی تواناکان و بواردان بە رۆژنامەگەری ئازاد و سەرهەڵدانی میدیای ئازاد لە زۆنی سەوز و دەستبردن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکانی باری شارستانی بە قازانجی ژنان، وەک هەنگاوێک بۆ جێگیرکردنی یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵدا و دروستکردنی چەندین سەکۆی ئازاد بۆ گەشەپێدانی
بیروڕای ئازاد و چەندین دەستکەوتی دیکە، هەر هەمووی لەسەردەستی یەکیتدا جێگیرکراون، ئەوەش دوای چەندین ساڵ هێزی تر لاسایی کردوونەتەوە.
لە جەنگی رووبەرووبونەوەی تیرۆریشدا بەدرێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتری شەرگەی دژی داعش یەکیتی هێزی ئامادە و شەڕکەر بووە، لە نزیکەی دوو هەزار شەهید لە شەڕی داعشدا یەکیتی نزیکەی هەزار و پینج سەد شەهیدی هەیە.
لە جێگیرکردنی ئەمن و ئاسایشی خەڵیکیدا لەو شوێنەی یەکێتی باڵا دەست بووە دوژمنان کەمترین زەفەریان بردووە و کار و کردەوەی هێزە ئەمنیەکان باشترین شاهیدن.
لەهەر جێگایەکیش کە مەترسی داگیرکاری لەسەر بووبێت ئەوە هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزی پیشمەرگە بوون فریا کەوتوون.
باشترین بەڵگەش پاراستنی هەولێری پایتەخت بوو ئەگەر دژەتیرۆر فریانەکەوتنایە چ کارەساتێک ئەخولقا؟!...
هەڵشاخان بە رووی یەکیتدا لەم کاتەدا کە هەر لە سەرەتاوە کە دەستی سازانی درێژتر و سنگی فروانترە بێ مەڵامەت نیە!بەڵکو لە کارکردن بە رۆحی تۆڵەسەندنەوە و شکاندن سەرچاوە دەگرێت.
....
ئەوانەی ئێستا یەکێتی بە پاشای عەرشی کەلاوە ناو ئەبەن لەبیرچۆتەوە هەر ئاغاکانی ئەوان بوون کوردستانیان سپارد بە وێرانی و قیران لەسەر قەیران بەناوی ئابوری سەربەخۆو دەوڵەتی کوردییەوە...ئاشکراشە ئەو رێگایە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە و ئەو حەرەکەیە زۆر کۆنە.
ئیستا کە گرفتێک و لێکتێنەگەیشتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە کەسانێکی وەک ڕێبوار وەلی فاڵ ئەگرنەوە بۆ رەوتی روداوەکان و ئایندەی پەیوەندییەکانی یەکیتی و پارتی، کە بەبڕوای من جگە لە حیکایەتی گوێ ئاگردان و رستنێک کە مەحکوومە هەر زوو ببێتەوە بە خوریی هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت.
لەراستیدا، دەبێت هەمووان ئەو راستیە بسەلمێنین کە یەکێتی پارتی دوو هێزی جودا لە بیرکردنەوە کار و کردەوەن لە کوردستاندا کاریگەرییەکانیان لە کۆمەڵ و دابەشبوونەکان دەبینرێت بوونێکی واقیعییان هەیە.
ئەم دوو ئاراستە و هێڵە فیکری و سیاسیە دوو مۆدێلی جیاوازی سیاسەتکردن و حزبایەتی کردنن، کە نەدەتوانن پێکەوە هەڵبکەن، نەدەشتوانن بێ یەک هەڵبکەن.
یەکێتی و پارتی یەکێتیەکی دژایەتین واتا هەم ئەتوانن یەک بن و هەم ئەتوانن دژ بن، ئەڵبەتە ئەمە چەمکێکی دیالکتیکیە پێناچێ نەوعی رێبوارەکان لەم چەمکە فەلسەفیە حاڵی ببن.
رەوتی روداوەکان لەداهاتودا ئەم فاڵ و قاوەگرتنەوانە بەتاڵ ئەکاتەوە و مانەوەش بۆ هێزە رەسەنەکانەو هیچ لایەک نابێتە ئەلتەرناتیڤی یەکێتی و یەکێتیش پاشای عەرشی بەخودان و ئاوەدانیە و(الایام و بیننا)!

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.