وتار
حەویجە

د.بەختیارشاوەیس

زیاتر لە ٤٢ ھەزار شەڕکەر لە ھێزە جیاوازەکان و سوپای عیراق ، بە ٨ ھەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و ٦٥٠ زرێپۆش و دژەمین و بەھاوکاری فرۆکە جەنگی یەکانی سوپای عیراق و ھاوپەیمانان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی قەزای حەویجە دەکەن ، کە بەناوچەکانی دەوروبەریەوە نزیکەی لەسەدا ٣٢ ی پاێزگای کەرکوک پێک دەھێنێت و نزیکەی ١٠٠ ھەزار ھاوڵاتی لە رووبەرێکی ٤٠٨١ کیلۆمەتری دوجا تیایدا دەژین.

ئەوەی جێگەی تێرامانە لەم مەسەلەیەدا وەک عەمید یحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھێزە شەرکەرەکان گوتی نەبونی ھەماھەنگیە لەنێوان ھێزەکانی عیراق و ھێزەکانی پێشمەرگە ، کە ئەمەش ئاماژەیەکی سلبی یە ھەم بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە ، ھەم بۆ ئایندەی دۆخەکە بەوپێیەی کە ناوچەکە کێشەی دەستووری و مێژوویی لەسەرەو لەدوای ھاتنی داعشەوە ھاوکێشەی نوێ و گۆرانکاری نوێ لە ئاستی جوگرافی و سەربازی و دەسەڵات ھاتوەتە ئاراوە و نەبوونی ئەم جۆرە تێگەیشتنە ھاوبەشە ھێندەی دیکە مەترسیەکان تۆختر دەکاتەوە. بەو پێیەی کە:

•ناوچەکە  ھێڵی تەماسی نێوان ھێزەکانی ھەردوولایە، ھەروەھا:

•دردۆنگی سیاسی لەنێوان پێکھاتەکانی ناوچەکە بەھەڵپەسێرراوی ماوەتەوە و ھەرئەم کێشە سیاسیانەیە کە تاحاڵی حازر نەتوانراوە دەنگ بدرێت لەسەر پرۆژە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەھۆی رێککنەکەوتنی پێکھاتەکانی پارێزگای کەرکوکەوە.

سەرباری راستیەکانی سەرەوە ، پێویستە ھێما بەوە بکەین کە رزگارکردنی حەویجە ئەگەر یەکجار دەستکەوت بێت بۆ ھێزە عیراقیەکان و لەدوای موسڵ و تەلەعفەر مانای نزیکبوونەوەی کۆتایی ھاتنی داعش بگەیەنێت لەتەواوی عیراق، ئەوا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەو خەڵکی کەرکوک چەندینجار دەستکەوتە، چونکە:

١.ھەبوونی داعش لەحەویجە  مەترسی راستەوخۆ بوە بۆ ئارامی و سەقامگیری ئاسایش لە پارێزگاکەو زۆر جار تیرۆریستانی داعش دزەیانکردوەو ھەوڵیانداوە کەرکوک داگیربکەن و پێدەچێ لەمەودوا ئەم سەرئێشەیە لەکۆڵی ھاوڵاتیانی کەرکوک بێتەوە.

٢.لەدوای ھاتنی تیرۆریستانی داعشەوە نزیکەی ١٥٠ ھەزار ئاوارەی حەویجەو ناوچە جیاجیاکانی عیراق لەپارێزگای کەرکوک و دەوروبەری جێگیربوون و زۆرجار حاڵەتی نەخوازراوی دوور لەبەرنامەی سیاسی ھێزە سیاسیەکان روویدەدا، بەڵام بەمەرامی سیاسی خوێندنەوەی نادروستی بۆدەکراو ھەوڵ دەدرا ناوبانگی پێشمەرگەی پێ لەکەدار بکرێت و لەقوربانیەکانی کەمبکرێتەوە ، وە ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەکردە سەر پەیوەندیە سیاسیەکان. کە دەکرێت لەدوای ئەم ئۆپەراسیۆنەوە ئەم مەسەلەیەش چارەسەرببێت.

٣.دیمەنی لەقەفەسنانی ئەو پێشمەرگانەی کەلەلایەن چەتەکانی داعشەوە لەحەویجە دەسورێنرانەوە، ھەرگیز لەیادناچنەوە و بەئێستاشەوە کەسوکاریان و خەڵکی کوردستان لەچاوەروانی چارەنوسیانن. ھەربۆیە رزگارکردنی حەویجە دەرفەتی کۆتایھێنان بە چارەنوسی ئەم دیلانەو دەیانی دیکە زیاتر دەکات.

لەم سۆنگەوە، بۆئەوەی مەترسیەکانی پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە و ھەروەھا لێکەوتەکانی دواتریش کەمبکرێتەوە، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەرێگەی لیژنەی بەرگری و ئاسایشەوە بەدواداچوونی وردی پرۆسەکە بکات و بەرنامەی پێشوەخت دابرێژێت کە تیایدا ھەماھەنگی و ھاودەنگی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزە عیراقییەکان لەخۆبگرێت و سنووری دوای پرۆسەکە دیاری بکات و لیژنەیەکی تایبەت دروست بکات کە بێلایەنانە ئەرکەکانی راپەرێنێت و لەقوڵبوونەوەی کێشە سیاسیەکاندا ھێزە چەکدارەکان دووربخاتەوە لەرووبەرونەوەو پێکداھەڵپژان.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
فەرەیدون کونجرینی
د.بەختیارشاوەیس
فەرید ئەسەسەرد
د. ئیسماعیل نامیق
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.