وتار
گەڕانەوەمان بۆ بەغدا و نان و پیاز خواردن

د.بەختیارشاوەیس

لەم رۆژانەی دوای ڕیفراندۆم بەشێکی زۆر لەخەڵکی کوردستان پرسیارمان لێدەکەن بۆچی نارۆنەوە بۆ هۆڵی پەرلەمانی عیراق و شەری خۆتان بکەن و بەرگری لەمافەکانی خەڵک بکەن.

بەدڵنیایەوە ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن هەمەجۆرن ، هەیانە لەدڵسۆزی و پەرۆشیەوەیە ئەم بابەتە دەوروژێنن ، هەروەک هەیشە مەبەستی دیکەی هەیە یان دەیەوێت پۆستێکی فەیسبوک پربکاتەوە و کۆمەڵێک لایک کۆبکاتەوە.

لەپەیوەندیدا بەم مەسەلەوە بەگرنگی دەزانم چەند خاڵێک روونبکەمەوە؛

1ـ هەتا ئێستا نوێنەرانی کورد تەنها دوو دانیشتنی پەرلەمان لەبەغداد نەبووین ، کەیەکێکیان رۆژی 25 /9 واتە هەمان ئەو رۆژە بوە کە خەڵکی کورستان بەکەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم ریفراندۆمی ئەنجامداوە. هەربۆیە ئایا دەکرێ خەلک سەرقاڵی پرۆسەی ریفراندۆم بێت و نوێنەرەکانی لەگەڵ نەبێت؟ بەدیوەکەی تردا ئەگەر ئێمە بەبیانوی هەبوونی کۆبونەوەی پەرلەمان بایکۆتی ریفراندۆممان بکردایە ئەبێ چی بوترایە بەنوێنەرانی کورد جگە لەخۆفرۆشی و جاش و خائین.

2ـ لەدوای ریفراندۆمەکەوە قۆناغی نوێ لە پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق هاتوەتە ئاراوە ، حاڵی حازر بەغداد لەشۆکی ریفراندۆم درنەچوە و لەحاڵەتێکی ناهاوسەنگی کاردانەوەدایە، هەربۆیە ئەم چەند رۆژە پێویست بوو بۆ هاتنەوە هۆش ، هەم گرنگە بۆ دراسەکردنی دۆخەکە لەلایەن سەرکردایەتی ئەو حیزبانەی کە نوێنەریان لە پەرلەمانی عیراق هەیە. چونکە راستە ئێمە نوێنەری خەڵکین بەڵام بریاری بایکۆت یان گەرانەوەمان لەکەشێکی هەستیاری وەک دوای ڕیفراندۆم دەبێت سەرکردایەتی حیزبەکان بیدەن و دەرەنجامەکانیشی لەبەرچاوبگیرێت.

3ـ بایکۆتی ئێمە لەدانیشتنەکان پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو ، بەڵام  بۆ بەرگریکردن بوو لەئیرادەی خەڵکی کوردستان ئەویش کاتێک کوتلەکانی شیعەو سونەو تورکمان بەدەر لەتەوافوق ناوەرۆکی بریارێکیان دژ بەریفراندۆم و پارێزگای کەرکوک خستە دەنگدانەوە، ئەگەر نا لەماوەی زیاتر لەسێ ساڵی پەرلەمانتاریمان هیچ کاتێک پێنج کۆبونەوەی یەک لەدوای یەک بەجەماعی بایکۆتمان نەکردوە

4ـ بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان ، جۆرێکی خەباتی پەرلەمانیەو لەکۆی پەرلەمانەکانی وڵاتانی دونیا وەک پەیام و گوشار و جۆرێک لەشەڕی پەرلەمانتاران دەکرێت، ئەمەی ئێمەش لەم کاتەدا کە ئیرادەی زۆرینە دەیەوێت مەرامی سیاسی بسەپێنێت بەسەر ئێمەدا کەنوێنەری خەڵکی خۆمانین باشترین کارتی دژ بەنەیارەکانمان بوە

5ـ ئەوانەی کە شەو و ڕۆژ بەشان و باڵی ڕیفراندۆمدا هەڵیان ئەداو هیچ مەجالێکیان بۆ سەرنج و تێبینیەکانی ئێمە لەسەر کات و ئامادەسازییەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆم نەهێشتبویەوە ، نازانم بۆ هێندە پەلەیانە بڕۆینەوە بۆ بەغداد ؟ ئەی مەگەر ئێوە نەتانەوت دوای ڕیفراندۆم ئێمە لەسەر شەراکەت گفتوگۆ ناکەین و بەغداد تەڵاق دەدەین. ئەی ئێستا پەلەی چیتانە 

خۆ ناکرێت بەبێ بایەخ و بەسوکی بچینەوە لەتەنیشتیانەوە

دابنیشین لەکاتێکدا کە ئەوان بریاریان دەرکردوە دژی خەڵکی کوردستان بەداخستنی فرۆکەخانە و کۆنترۆڵی سنوورەکان و جوڵاندنی هێز بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان

6ـ دواتر لەناو پەرلەماندا 65 کورد لەکۆی 328 ئەندام بوونی هەیە ، خۆ ئەگەر پێشوەخت زەمینەسازی نەکرێت و فراکسیۆنەکانی شیعەو سونە بەردەوام بن لەسەر سەپاندنی ویستی زۆرینە و نەگەرانەوە بۆ تەوافوق کە وەک کاردانەوەی ڕیفراندۆمەکە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکەن ، وابزانم هیچی لێشین نابێت. کە پێموایە تارادەیەک ئامادەنەبونی ئێمە لەم چەند رۆژە ئەم حاڵەتەی کەمکردوەتەوە و ئەوانیش بەخۆیاندا چونەتەوە

7ـ ماوەتەوە بڵێم ئەگەر مانەوەمان لەکوردستان تائێستا بەهۆی ڕیفراندۆم و دەرهاویشتەکانی بوبێت و بەرژەوەندی گەلەکەمان هۆکاری ئەمە بوبێت ، ئەوا لەسنوری تێبینیە تایبەتیەکانمدا دەمەوێت بەراشکاوی بڵێم ئێستا ئیتر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بەغداد و بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەین لەرۆژی سێشەممەی داهاتوو. وە پێویستە سەرکردایەتی تێکرای حیزبەکان بەیەکگرتوویی ئەم بریارە بدەن و دواتریش کەس نان و پیازی پێوە نەخوات چونکە دوای ڕیفراندۆم تێرمان خواردوە!

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
ڕیبوار طە مصطفی
د.عیزەدین مستەفا رەسول
فەرەیدون کونجرینی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: Info@snnc.co
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.