وتار
بەغدای دوای ڕیفراندۆم

د.بەختیارشاوەیس

ئیتر ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان کەلە 25 /9 ئەنجامدراو لە 25 /10 /2017 واتە تەنها مانگێک لەدوای ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سڕیکرد بوە بەشێک لەرابردوو. ئەمەنەک لەبەر ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق وایگوتووە ، یان نەک لەبەر سڕکردنەکەی حکومەتی هەرێم چونکە ئیشکالیەت لەدەسەڵاتی حکومەت هەیە بۆ بڕیاردانی لەمجۆرە . بەڵکو بەو مانایە بوە رابردوو کە ئەنجامی رایفراندم کە بریاربوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت ، نەک کاری پێنەکرا بەڵکو بوە فاکتەری بەهێزکردنەوەی دەوڵەتی عیراق و خودی عەبادی لەسەر شانۆی سیاسی عیراق ئەمەجگە لە زیانە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان ،هەروەها ئەو دەوڵەتە رکابەرە ئیقلیمیانەی لەیەک گوتاردا رێکخستەوە کە زیاتر لە نیو سەدەیە دانویان بەیەکەوە ناکوڵێت. کە هەڵدانەوەی ئەم لایەنانە پێویستی بە توێژینەوەی ورد و لێکۆڵینەوەی درێژخایەنە و لەم وتارە ناچینەسەر ئەو رێگە تەنها ئەوە نەبێت بڵێین کە کورداوەری لەمێژەوە وتویانە بۆ ڕیش چووین سمێڵمان دانا.

پەرلەمانتارێکی هاوڕێم کەبۆ مەسەلەی بەردانی گیراوەکانی دووزخورماتوو رۆشتبونە لای قەیس خەزعلی ئەمینداری عەصائیبی ئەهلی حەق وتبوی ئێستا ئەوەی دەتانویست بەهۆی ڕیفراندۆمەکەوە دەستانکەوت ئیتر چیترتان دەوێت؟ لەوەڵامدا ئەمیری عەصائیب گوتبووی دووشەوی کۆتایی ریفراندۆم دەپارامەوە لە حوسەین کە مەسعود بارزانی پەشیمان نەبێتەوە و بە بەدیلی ئەمریکیەکان رازینەبێت و کارەکەی بکات. ئێستا دەرکەوت کەئەگەر بزوێنەری سەرەکی ئەم ریفراندۆمە کە زیاتر لە ۲٦ ساڵە دەوڵەتداری دەکات و دەیان ساڵ پێشتریش ئەزموونی سیاسەتکردنی هەیە بەهێندەی قەیس خەزعەلی لە مناوەرە سیاسیەکان و هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان نەگەشتبێت ئیتر لەدوای ئەمە چاوەروانی چیلێبکرێت کە باشترە ئەمەیان بدەینە دەست حوکمی مێژوو

بۆ ئەوەی زەرەر لەنیوەی بگەڕێتەوە دەبێت بزانین کە چۆن لەگەڵ بەغداد مامەڵە دەکەین و بەغدادیش چۆن دەروانێتە بارودۆخەکە؟ کە لەدیدو تێڕوانینی تایبەتی بەندە وەک نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بۆ دەکەم؛

1ـ ئێمە بە ئاراستەی بەغداد:

داننان بە هەڵە خاڵی سەرەتای هەوڵدانە بۆ چاککردنەوەی هەڵەکە. بۆ ئەمەش پێویستە هەمومان خۆمان بەبەرپرسیار بزانین ، بەوانەشەوە کە لەگەڵ کاتی ریفراندم نەبووین و مەترسیەکانیمان وەک مانگەشەوی سەر لەئێوارە دەزانی وگوێیان لێنەگرتین. ئەمێستا کاتی لێپرسینەوە و دادگاییکردن نیە چونکە هەموومان لە ناو کەشتیەکەداین و کەنوقم بوو هەموی دەخنکێت، ئێستا کاتی یەکخستنەوەی ئیرادە و یەکڕیزی و ئاشتکردنەوەی خەڵکی خۆمانە ، بەتایبەتی خەڵکی کارەساتباری دووز و رەشپۆشی کەرکوک، ئێستا کاتی ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی و ئاشبوونەوەی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەکان و دواتر تێکەڵکردنی هەردوو جۆرە ئاشتەواییەکەیە واتە ئاشتبونەوەی کۆمەڵگەی کوردستان لەناوخۆیدا و دواتریش ئاشتبوونەوەی جەماوەر لەگەڵ سیاسیەکان و هێزەسیاسیەکان ، کەئەمەش بەگەرانەوەی متمانەی نێوان خەڵک و حیزبەکان دەبێت و کارێکی ئاسان نیە ، ئەم متمانەیەش بەلایەنی کەمەوە بەداڕشتنی ستراتیژێکی نوێ دەبێت لەگەڵ بەغداد.

ستراتیژی نوێ لەبەغداد سەرەتا دەبێتە لەفڕێدانی ئەو عەقڵیەتە خۆسەپێن و دەمارگیریە دەستپێبکات کەپێی وایەدەستوور سەرچاوەی کێشەکانە، نەخێر دەبێت دان بنێیت بەوەدا ئەوە خۆتی نەتزانیوە چۆن مادە دەستووریەکان لەخزمەتی دۆزەی نەتەوەکەت بەکاربهێنیت ، میانگیریانە و عەقڵانی یان بە پوختی و بەکوردی مامجەلالیانە لەبەغداد دەستوورت نەکردوەتە هۆکاری خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لەئاستی ناوخۆی عیراق و لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و دەوڵەتانی ئیقلیمی.

لەم سۆنگەوە فرێدانی ئەم عەقڵیەتە سەرەتایی ستراتیژێکی سەرکەوتوو دەبێت بۆ کورد لەعیراقدا و هێشتا دەرفەتەکە ماوە و دەستوور وەک خۆیەتی ومادەکانی تایبەت بەخەڵکی کوردستان کەس دەستی لێنەداوە و چاوەراونی عەقڵی کراوەن بگەنە بەغداد بۆ دەرهێنانی کورد لەم میحنەتەی کەتێیکەوتوە.

2ـ بەغداد بەئاڕاستەی ئێمە:

لەدوای رووداوەکانی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر جۆرێک لەغروری سیاسی و بێمنەتی بەرامبەر دەستپێشخەریەکانی هەرێم هەستیپێدەکرێت ، بەتایبەتی لەلایەن سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی ، کە ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەڵگەرانەوەی هاوکێشەکە بەوپێیەی کە غرور جگەلەوەی دەبێتە هۆی لەباربردنی دەرفەتەکان ، هەروەها رقی ئەوانەش ئەستور دەکات کە بەردەوام لەگەڵ مانەوەی عیراق بوون و ئەگەر دۆخەکە بەرەو بنبەست بروات ئەوە مەترسی سەرهەڵدانی شەری ناوخۆیی لێدەکرێت کە دواجار هەموو لایەک زیانی گەورەی تیادەکەن، کە ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکان و کەرکوک زۆرترین نزیکە لەم مەترسیەوە، هەربۆیە پێویستە دەستبەجێ حکومەتی عیراق و عەبادی هەنگاوی پراکتیکی بۆ گفتوگۆی بێمەرج بنێت و لەدوای سڕکردنی ڕیفراندۆم ( هەرچەند تێبینیش هەڵبگرێت) لەچوارچێوەی دەستوور ، دوور لەغرور کێشەکان چارەسەر بکات.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.