وتار
چل ڕۆژ لەدامێنی لوتکەدا

د.بەختیارشاوەیس

د.بەختیارشاوەیس
نایشارمەوە لەچل رۆژی رابردوو هاوکاتی رووداوەنەخوازراوەکانی کوردستان ، بەدڵی حوزن و جلی رەش و ریشی دەروێشیەوە دەستم هێزی نەبوو ، جورئەتی نەئەکرد و نەیئەتوانی لەسەر دواماڵئاوایی مامی شکۆی نەتەوە پێنوسەکەم بگرێت و لەسەر ئەم کۆستە گەورەیە ئەدگارێک بۆ مێژوو تۆمار بکات.
ئاخر زەحمەتە قەڵەمێک بەتایبەتی کە لە دوانزە ساڵی رابردوو بەشێکی زۆری نوسینەکانی کەهەندێکیشیان کراونەتە کتێب و نامیلکە و بڵاوکراونەتەوە باسی ڕۆڵی ستراتیژی و سیاسی و دیپلۆماسی و پراگماتیکی و حەکیمی مامجەلال بوو بێت و ئێستا بتوانێت لەسەر مەرگی ئەو کەسایەتیە و لەوتارێکی کورتدا هەموو سەروەریەکانی کۆبکاتەوە.
زەحمەتە و زۆریش گرانە ، پێنوس دەرەقەت نایەت جێگەی ئەو هەموو تێکۆشان و گیانفیداییە ، ئەو  هەموو شۆڕشگێری و حیکمەتە ، ئەو هەموو دڵسۆزی و لەخۆبردوویە ، ئەو هەموو سەروەری و دەستکەوتە لەگۆشەیەکی ڕۆژنامەیەکدا جێگە بکاتەوە.
لە بنەرەتدا ئەستەم و زەحمەتە بڕوا بەمەرگی کەسێک بکەیت کە ؛
ـ لەقۆناغی سەرەتایدا و لەکۆیە پێشڕەوی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی خوێندکارانی کوردی کردبێت بۆ مافەکانیان
ـ لەتەمەنی نۆزدە ساڵیدا سەرکردایەتی گەورەترین حیزبی کوردی بوبێت لەسەڕێبازی کوردایەتی و دژی دەربەگایەتی و جیاوازی چینایەتی
ـ لەتەمەنی  بیست و یەک ساڵیدا لە وارشۆ و مۆسکۆ و پەکین نوێنەرایەتی خوێندکارانی کورد و عیراقی کردبێت لە کۆنگرە جیهانیەکان
ـ بەبێ پشت و پەنا و بەتەنها بەخۆیی و جانتەیەکەوە لەشستەکاندا گەشتبێتە لای جمال عبدالناسر لەقاهیرە وجورج حەبەش لە فەلەستین و دەنگی مەزڵومیەتی کوردی دابێت بە گوێی جیهانی عەرەبیدا
ـ لەناوەراستی هەفتاکان دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و نائومێدبوونی مرۆڤی کورد بەخۆیی و گۆچانەکەی و کۆمەڵێک هاوڕێی کەلەپەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین شۆرش هەڵبگیرسێنێتەوە و صدام حسین پێی بڵێ دەتوانێ دارخورما لەشاخەکانی کوردستان بڕوێنێت ، بەڵام ناتوانێت چوار پێشمەرگە بباتەوە شاخەکان
ـ لەهەشتاکان و لەدوای ئەنفال و کیمیاباران پایتەخت بەپایتەختی ئەوروپا و ئاسیا بگەرێت و درندەیی ڕژێمی بەعس و جینۆسایدی خەڵکی کوردستان بناسێنێت
ـ هەروەها لەهەمان ماوەدا لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی بریتانیا و ئیسپانیا توێژینەوەی هەبێت و باسی ئایندەی فیدراڵی بکات بۆ گەلانی عیراق و پێشبینی داگریکردنی کوەیت و پلانی ڕاپەرینی لەمێشکدا بێت
بەبێ پێچو پەنا و لەئەزەلەوەسەختە بڕوا بە مەرگی کەسێک بکەیت کە؛
ـ لەڕۆژانی ڕاپەرین و سەرەتای ئازادی خەڵکی کوردستان ، هاواری هەڵبژاردن و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراتی و حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان و چەسپاندنی فیدراڵی بکات و هێزەکانی دیکەش بەفرێدانی داواکاری حوکمی زاتی رازیبکات
ـ لەگەڵ گرفتەکانی هەرێمی تازە لەدایکبوو لەنەوەدەکان بچێتە ئەنکەرە و قەناعەت بە تورکۆت ئۆزال بێنێت کێشەی کوردی باکووری کوردستان چارەسەربکات
ـ لەبەرخاتری نەرژانی خوێنی گەنجی کورد بەگەورەییەوە پێیەکی لە پیرمام و ئەویتریشی لەواشنتۆن بێت و ئاشتی بگەرێنێتەوە بۆ ماڵی کورد
ـ هەوێنی کۆنگرەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی بەعس بێت لە لەندەن و صلاح الدین و دواتر ئەندازیاری دەستووری هەمیشەیی و چەسپێنەری مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت
ـ تەنها سفرەکەی ئەو بێت کە بتوانێت فەقێکانی ئیمام خومەینی وجەنڕاڵەکانی پڕیسدینت بۆش لەبەغداد کۆبکاتەوە
ئێستا چۆن زەحمەت نیە  باوەر بە مەرگت بکەم لەکاتێکدا ، تۆی سەروەرمان؛
ـ جۆرج واشنتۆنی عیراق بویت ،وەک سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت
ـ صمام الامان  بویت ، وەک سیستانی دەڵێت
ـ پاڵەوانی ئازادی عیراقیەکان بویت ، وەک تۆنی بلێر دەڵێت
ـ سیمبولی هاوبەشی سیادەی عیراق بویت ، وەک نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیڵێت
ـ نیعمەتی خوا بۆ گەلانی عیراق بویت ،وەک پاپای ڤاتیکان دەڵێت
ئەمێستا کەچل رۆژ و چل شەو لەدامێنی لوتکەی تۆدا تێڕاماوین ، ئەوەی زیاتر دەبێتە فەخرو شانازی بۆ ئێمەی خوێندکاری ڕێبازەکەت ، ئەوەیە کە تۆی رابەرمان؛
ـ لەسەردەم و سەرۆکایەتی تۆدا ، ٪٥۱ خاکی کوردستانمان لەدەستنەچوو ، بەڵکو کەرکوک و ناوچەناکۆکی لەسەرەکان شاری برایەتی پێکهاتەکان بوو بەواقیعێکی کوردستانی
ـ لەسەردەمی تۆ بوو هەردوو مەزارە شیعیەکە لەسامەڕا تەقییەوە ، بەڵام هەر زوو هەموو عومەر و عەلییەکان هاتنە کۆشکی سەلام و ئاشتبونەوە ، دواتر هەرخۆت هەموانت ناردە هەولێر و قەڵاو منارەت گەورەتر کرد و حکومەتە عیراقیەکەت لەسەر دەستی کورد دروستکرد
ـ ئەو کاتانە ئێمەی نوێنەرانی کورد لەبەغدا هێندە لاواز نەبوین کە ئەوانی تر باکیان نەبێت بە ئامادەنەبونمان لە دانیشتن و یاساو بریارە گرنگەکان
ـ لەسەردەم و سەرۆکایەتی تۆدا ، ڕیفراندۆم ی بێبنەما و بێ پێشبینی ئەنجامەکانی و مەترسی دروستکردن لەسەر هەڵوەشانەوەی هەرێم بونی نەبوو ، بەڵکو هەنگاوی عەقڵانی و هێمن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەستی پێدەکرا
ـ لەسەرۆکایەتی تۆدا ، ئەمریکاو ئەوروپا دۆستمان بون و دەیانپاراستین نەک دەستمان لێهەڵبگرن و گڵۆپی سەوز هەڵکەن بۆ لەشکرکێشی ناوچە کوردستانیەکان
ـ لەسەردەمی تۆدا ، پەرلەمان مەرجەع بوو نەک پەکخراو ، پاشەکەوتی موچە نەک نەبوو بەڵکو فەرمانبەران سولفەی سەد موچەیی و سولفەی خانوبەرەو دەیان ئیمتیازاتی دیکەیان هەبوو
ـ لەکاتی تۆدا هەژاری و نەداری ، سەرهەڵگرتنی گەنجان بۆ دەرەوە نەک هەرنەبوو ، بەڵکوکاتی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیمان بوو ، سەردەمی گۆڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ ساڵانە و گۆرینی کەرەستەکانی ناوماڵ و پێداویستی خێزان بەمۆدیل و کاتی گەرانەوەی کوردەکان بوو لە ئەوروپا بۆ کوردستان

هەر بۆیە ئەمێستا دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڵکو تا هەتاهەتایە بڕوا بە مەرگت ناکەم و هەموو رۆژێک بە ڕێبازەکەت لەدامێنی لوتکەی بەرزتدا ڕاوەستاوم

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.