وتار
ھەولێر و بەغداد لەچاوەڕوانی دانوستاندا !

د.بەختیارشاوەیس

ھیچ شتێک بەھێندەی مەسەلەی دەستپێکردنەوەی دانوستان و گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان قسەی لەسەر ناکرێت و لەوەش زیاتر ئەم باسە ناوەندەکانی میدیا و راگەیاندنکاری سەرقاڵ کردوە. حکومەتی ھەرێم زیاتر لەھەموو لایەک ئامادەیی دانوستان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی دەربریوە و بەشێوەیەکی ڕێژەیی و لەژێر لێوەوە سەعد حەدیسی وتەبێژەکەی حکومەتی بەغداد وەڵامی داوەتەوە.

سەرباری دەرکەوتنی مەیلی ئەمریکاو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەسەر بنەمای دەستوور بەڵام پێویستە بڵێین کە جدیەتی ئەمانیش وەک پێشتر نیە و جۆرێک لە پاشەکشە بەھەوڵە نێوەندگیریەکانیانەوە ھەست پێدەکرێت.

لەناو ئەم ھەموو داواکاریەی بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم و جوڵاندنی مەسەلەی گفتوگۆ و ھەوڵدان بۆ کردنەوەی دەرگا لەلایەن عەبادیەوە لەسەر وەفدی کوردی و لەولاشەوە بێباکی حکومەتی بەغداو دانانی مەرج و مەرجکاری بۆ ھاتنیان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ شکستێکی گەورە بەدیدەکرێت. ئەگەر نا ئەم ھەموو داخوازییە لەپای چی و ئەو ھەموو ھەرەشەو گورەشەی پێش ریفراندۆم بەمانای چی؟ ئەی لەبیرتان چوو سەرلەئێوارەی ۲٤/۹ واتە چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی ریفراندۆم لەھەرێمی کوردستان ، علی عەلاق سەرۆکی وەفدی  ھاوپەیمانی شیعە لەبەغداد پێش خوا حافیزی لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم وتی لەسبەینێوە ئیتر ئێمە دەرگای گفتوگۆتان لەسەر ناکەینەوە؟ ئەم ھەموو داواکاریە بۆ دانوستان ھەر بەتەنھا غروری عەبادی زیاتر ناکات بەڵکو پێگەی کورد لاوازتر دەکات و سەقفی داخوازیەکانی بەغدا لەسەر ھەرێمی کوردستان بەرزتر دەکات. ھەر بۆیە پێموایە چەندێک ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم کاتەداو نەبوونی ئامادەسازی پێشوەخت بۆ پرۆسەکە ، زیانی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا ، ھەروەھا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم چەندێک ھەڵە بوو کە کار بە ئەنجامەکەی نەکرا ، لەگەڵ ئەو دوو ھەڵە کوشندەیەدا ھەڵەی سێیەم ئەوەیە کە ھێندە داوای دانوستان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ بکەیت لەکاتێکدا کە لای بەرامبەر بێباک و مەغرور بو بێت.

لەدێرین زەمانەوە کوردەواری دەڵێت ؛ سوار و پیادە بۆئەوەی ماچ و موچ بکەن دەبێت سوارەکە کەمێک دانەوێت و ملی شۆرکات و پیادەکەش پێویستە کەمێک نوکە پێی بەرز بکاتەوە ، ئیستا بەغداد نە سوارەکەیە نە پیادەکە بەڵکو سەرمەستی چنینەوەی دەستکەوتە سەربازیەکانیەتی بەلەناوبردنی داعش لەتەواوی خاکی عیراق و شاگەشکەی کۆکردنەوەی دەستکەوتە سیاسی و دیپلۆماسیەکانیەتی بە دابرانی دنیا لەھەرێم و گۆشەگیرکردنی.

لەنێوان ھەرێم و ناوەند  ئەگەر ھەڵوەشانەوەی ریفراندۆم مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بێت ، ئەوا لەسێ خاڵدا بەربەستەکانی گەرانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ تارادەیەک کەمبوونەتەوە ، کەئەوانیش؛

۱ـ سڕکردنی ریفراندۆم لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان

۲ـ بریاری دادگای باڵای ئیتیحادی سەبارەت بە تەفسیری مادەی ۱ ی دەستووربەوەی کەھیچ پێکھاتەیەک مافی جیابوونەوەی نیەو دواتر بەیاننامەی حکومەتی ھەرێم بە رێزگرتن لە بریارەکەی دادگا

۳ـ بریاری رۆژی ۲٠/۱۱ ی دادگای فیدراڵی بەھەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆم و لێکەوتەکانی و لێدوانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەوەی کەبریاری دادگا کۆتا یەو قاگعە

لەدوای ئەم سێخاڵەوە ئیتر کەشی گونجاو ھاتوەتەئاراو کاتیەتی کە گفتوگۆیەکی بونیادنەرو ھاوسەنگ لەچوارچێوەی دەستوور دەستپێبکات و لەھەرێمەوە دەنگە نەشاز و ناسازەکانی لەبابەت کەس توانای ھەڵوەشانەوەی ریفراندۆمی نیە وەلا بنرێت و لەبەغداشەوە ئەو ھەڵوێستە توند و دەمارگیرانە پەراوێز بخرێت کە دەڵێن ھەر دەبێت ھەرێم دان بەھەڵوەشانەوەی ریفراندۆمەکەدا بنێت . کە بۆ ئەمەش ھەم بەغداد گرنگە لەپرۆژە یاسای بودجە و مەلەفەکانی تردا بگەرێتەوە بۆ دەستوور و غروری سیاسی نەیگرێت و وەک سەرکەوتووی جەنگ سەیری ھەرێمی کوردستان نەکات ، ھەم ھەرێمیش گرنگە کە لەم گێمەی دانوستانەکاندا ھەموو ئەو کەلێنانە پڕبکاتەوە کە لەگفتوگۆکانی رابردوودا ھەیبوە ، وەک کەلێنی چۆنایەتی وەفدەکان و چەندایەتی لەزەمەن و ئەجێندای دانیشتنەکان و ھەماھەنگیکردنیان لەگەڵ نوێنەرەکانی خەڵکی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

گفتوگۆ و رێکەوتن ھەربەتەنھا لەبەرژەوەندی لایەک نیە دژی لاکەی دیکە ، بەڵکو ھەردوولا کۆمەڵێک ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و سەربازییان لەبەردەمە کە تەنھا بەھەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ لەپەیوەندیەکان و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێراوەکان و گەرانەوە بۆ دەستوور دوور لەتەفسیری تاکلایەنە دەتوانرێت جۆرێک لەسەقامگیری بێتە سەرزەمینی واقع.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.