وتار
ئایاری هەڵبژاردن و دۆخی هەرێم

د.بەختیارشاوەیس

سەرباری هەوڵە بەردەوامەکانی سونەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دواجار شیعەکان هەژمونی سیاسی و ئیداری و پەرلەمانی و دیپلۆماسی خۆیان لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی پاراست و دوای هێنان و بردەیەکی زۆر لەناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران، بە نامەیەک بۆ دادگای باڵای فیدراڵی لەماوەی شەو و رۆژێکدا کۆتایی بەچەلەحانێکە هێناو جگەلە دیاریکردنی دوانزەی ئایاری ئەمساڵ بۆ کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە یاساکەیشی خستە دەنگدانەوە و هەمان رۆژ سەرۆکایەتی کۆمارپەسەندی کرد.

لەکۆی گێرمەوکێشەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانەوە دەکرێ ئاماژە بەوە بکەین کە بەپێی ژمارە بێت ئەوا هەر زۆر پێشتر هاوپەیمانی نیشتمانی دەیتوانی کێشەکە ساغ بکاتەوە و گوێ لە سونەکان نەگرێت بەوپێیەی کە خاوەنی ۱۸۱ ئەندامی پەرلەمانن و نیوەزیاتریان هەیە ، بەڵام شیعەکان کە خاوەنی دەسەڵات و حوکمی عیراق دەکەن ، نەیانویست سیناریۆی بایکۆتی سونەکان لەساڵی ۲٠٠٥ دووبارە بکەنەوە و خوازیاربون کە بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و شەرعیەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەدەست نەدات. ئەمە لەلایەک لەرەهەندێکی دیکەوە  دەرکەوتەوە ئەوەی شیعە بیەوێت لەعیراقدا ئەوە دەبێت ، ئیتر کێ عەقڵانی سیاسەت دەکات بالەمەتێبگات و نوقتە سەری دێڕ.

پێدەچێ هەبێت پێیان وابێت کە دوانەخستنی هەڵبژاردن ، پەیوەندی بەو زەمەنە دەستووریەوە هەیە کە بۆی دیاریکراوە ، تارادەیەک ئەم تێڕوانینە واقیبوونی تیایە بەڵام پرسیارە جدیەکە ئەوەیە کەئایا هەربەتەنها لەم خاڵەدا دەستوور تێپەرێنراوە؟! ئەی رۆژانە هەردوو حکومەتی بەغداد و هەرێم لەسەرلادان وپێشێلکردنی دەستوور رۆشن دیارە کەچۆن یەکتر تۆمەتبار دەکەن ، ئیتر با مادە و خاڵەکانی تر بمێنێت کە لەبوارەکانی سەربازی، ئیداری، سیاسی ، ئابووری، وەبەرهێنان،خزمەتگوزاری بونیان هەیەو ناکۆکن لەگەڵ رۆحی دەستوور.

لەپەیوەندیدا بەهەرێمی کوردستانەوە، لەقۆناغێکی دژواری ئابووری و سیاسی و بنبەستی پەیوەندیەکانیەوە پێدەنێتە ناو هەڵبژاردنەکانی ئایارەوە، کەئەمەش هەربەتەنها لەناوخۆی هەرێم و لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا قەتیس نەبوە، بەڵکو ئەم شلۆقیەی پەیوەندیەکانی هەرێم بە بەغداوە درێژ بوەتەوە و ئاستی هەرێمایەتی و دەولیشی گرتوەتەوە، کەسەرەتای ئەمەش بۆ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی مانگی ئەیلولی رابردوو دەگەرێتەوە و هێدی هێدی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم دەیەوێت جارێکی تر پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی عیراق و تاران و دونیای دەرەوە لەرێگەی سەردان و کۆنگرەکانی لەبابەتی داڤۆس دروست و رێک بخاتەوە.

ئەوەی پەیوەندی بەپێگەی کوردەوە هەیە چاوەرروان دەکرێت ژمارەی کورسیەکانی لەئەنجومەنی نوێنەران بدات لەکەمی بەتایبەت لەناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کەفاکتەری ئەمەش جگەلەوەی کەلەرووی ئیداری و سەربازی و ئەمنی ودەسەڵاتەوە حکومەتی بەغداد بەرێوەی دەبات و ڕێژەیەکی زۆر لەهاوڵاتی کورد نەگەراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و رەوشەکە ئاسایی نەبوەتەوە، هەروەها هۆکاری دووەم ئەوەیە کە بەداخەوە کورد نەیتوانی لانیکەم لەوناوچانە لیستێکی هاوبەشی کوردستانی دروستبکرێت و دەنگەکانی کورد لەیەک سندوق کۆبکرێتەوە، خراپترلەمەش هێزی سیاسی کوردی هەیە لەکەرکوک وخانەقین بایکۆت دەکات و لەناوچەکانی تری هاوشێوەی بەگەرم و گوریەوە بەشداری دەکات کە ئەم دوو فاقیە هێندەی دیکە گورز لەسەنگی کورد و رێژەی دەنگەکان و ئاستی بەشداریکردن و حەماسیەتی هاوڵاتیانی کورد دەدات

بۆئەوەی زەرەر لەنیوەی بگەرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بۆهەموو لایەک ساغبویەوە کەریفراندۆم کاتەکەی و ئامادەسازیەکانی نەلەجێی خۆی بوو نە بوونیان هەبوو، هەروەها حاڵی حازر ئەوە روونبویەوە کەدەبێت لەگەڵ حکومەتی عیراق و لەچوارچێوەی دەستوور کێشەکانمان چارەسەر بکەین ومافەکانمان بەدیبهێنین و سیاسەتی گەرانەوە بۆ بەغداد پەیرەو دەکرێت. هەرلەم دیدگایانەوە پێویستە لەزووترین دەرفەتدا هەوڵی یەکخستنی تواناکان بدرێت و لەگەڵ چارەسەری رێژەیی کێشەوبژێوی ژیانی خەڵک ئامادەسازی بکەین بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکان ، بەوپێیەی کە سەنگی مەحەکی دەستخستنی مافەکانمان لەبەغداد زۆری رێژەی بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردن و بەرزی دەنگمانە  بەتایبەتی لەناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ئەگەر نا تورکمان و عەرەب و ناحەزانی کورد سندوقەکانمان بۆ پڕدەکەنەوە

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.