وتار
دۆخی کورد لەیەکەم تاقیکردنەوەی بەغداد

د.بەختیارشاوەیس

دوای چاوەروانیەکی زۆر سەرەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق توانی یەکەم پەیکەری دەسەڵاتداری بۆ چوار ساڵی ئایندەی دەوڵەتەکە دابڕێژێت و بەھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتەکەی دەرگای لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ کردەوە و ئاوێکی بەسەر ئەو ئاگرەدا کرد کە زیاتر لە سەد رۆژە بەھۆی کێشمەکێشی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کەوتبویەوە و زۆرجار مەترسیەکەی پەلیدەکێشا بۆ ھەڵوەشانەوەی دام ودەزگا دەستوریەکان و گەرانەوە بۆ چواگۆشەی یەکەم. 

لەم دانیشتنەی پەرلەماندا لەروانگەی لایەنەکانی دەرەوەی کورد کۆمەڵێک دیدی واقعی دەرکەوتن ، کەسەرەتاکەی بە رێزگرتن لە دەستور دەستپێدەکات و ئەویتر بەسەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی بەرەی فەتح و دەوڵەتی قانون تێپەر دەبێت

لەیەکەمدا، دەرکەوت کە لەبەغداد ھەرچەندێک گرژی لەپەیوەندیەکان ھەبێت ، ھەرچۆنێک ململانێ لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا ھەبێت، ھەرچۆنێک دەستێوەردان لەلایەن دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەولی ھەبێت، بەڵام دواجار سنورێک ھەیە بۆ پابەندبوون بەدەستور و سەروەریەکەی تارادەیەکی باش پارێزراوە ھەروەک ئەوەی لەدانیشتنەکەدا تا درەنگانی شەو کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران درێژەی کێشا بەڵام نەھێڵرا لەو رۆژە دوابکەوێت .

لەدووەم دەرکەوتەدا، بەرەی سائیرونی مقتدی ێدر سەرباری براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بەڵام لەیەکەم تاقیکردنەوە دەرنەچوو، حاجی ھادی عامری و تیمەکەی بەجوڵە کانیان لەناو ھۆڵی پەرلەمان بۆ کافتریاکە توانیان کاندیدی پەسەندکراویان بۆ سەرۆکی پەرلەمان جێگیربکەن و پاسێکیشیان دایە سائیرون بۆ دانانی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان وبەمەش بەبەردێک دوو چۆلەکەیان پێکا چونکە لەلایەک ماڵی شێعیان کۆکردەوە ولەلاکەی ترھەنگاوێکیان نا بۆ نزیکبونەوە لە پێکھێنانی کابینەی وەزاری.

لەپەیوەندیدا بە دۆخی کوردەوە، سەرەتایەکی باش نەبوو بەسێ کاندیدی جیاواز کەلە سێ فراکسیۆنی جیای کوردیەوە ھاتبون وێنەی واقعی پەرتەوازەی ماڵی کوردی نیشانی لایەنەکانی تر درا کەبەردەوامبونی بەم چەشنە ئاسەواری خراپ بەدوای خۆیدا دەھێنێت. ئەم جۆرە تێڕوانین و ئەم شێوازە لەکارکردن نەک ھەر ناتوانێ پۆستە ئستیحقاقیەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت بەڵکو ئومێدی ئەوەی لەسەر ھەڵناچنرێت کە داخوازیە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتدارانی حکومەتی داھاتوو جێبەجێ بکات.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.