وتار
گەڕانەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩

د.بەختیارشاوەیس

ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی عیراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و بە بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکی پرۆژەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاند کار و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناو لەکاتێکدا کە پەرلەمان لە پشودا بوو بەڵام زۆرینەی پەرلەمانتارەکان لەپارێزگاکانی خۆیانەوە وەک ئەوەی لەناو ھۆڵی پەرلەمان بن دەنگیان بەرزکردەوە و دایانە بەر ڕەخنەی دەستوری و یاسایی و ھەندێکیش لەتانەوتەشەر لەم پرۆژەیاسایە درێخیان نەکرد.

لەپەیوەندیدا بەم مەسەلەوە، کۆمەڵێک راستی ھەیە کەھەندێکیان وابەستەی عیراق و ھەندێکیان پەیوەندیان بەھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و دەبێت تیشک بخەینەسەریان؛

لە ئاستی کۆی عیراقدا

١ـ ئەم پرۆژە یاسایە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی پێشتر و ستافی پەیوەندیدار ئامادەکراوە و کابینەی نوێ دوور و نزیک ئاگایان لە بەندومادەکانی نیە، بەمەش ڕیکنایەتەوە لەگەڵ ئەوبەرنامە وزاریەی کە عادل عبدولمەھدی ھەفتەی پێشتر خستیە بەردەم پەرلەمان و دەبێت لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە ، کە ناوەرۆکی بەرنامەی نوێ چربوەتەوە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ھەلی کار و دژایەتی گەندەڵی…ھتد و ئەمەش جیاوازە لە بەرنامەی پرۆژە یاسای بودجەکە

٢. پرۆژە یاساکە بە شێوەیەکی ناواقعی و نازانستی پشکی پارێزگاکانی دیاریکردوەو خوێندنەوەیەکی ورد و دەقیقی بۆ پێداویستی و ئەولەویەتی ئەوپارێزگایانە لەڕووی ئابووریی و وەبەرھێنان و ئاوەدانکردنەوە نەکردوە. بۆنمونە لەپارێزگایەکی وەک موسڵ کە زەرەرمەندی یەکەمی دەستی تیرۆریستانی داعشە کەمترین پارەی بۆ تەرخانکراوە و وەک ئەندامێکی پەرلەمان لەو پارێزگایە باسی دەکات ئەو بڕە پارەیە بە تەنھا بەشی ئاوەدانکردنەوەی ناحیەیەکی بچوک ناکات. ھەروەک لەپارێزگای بەسرە ڕەچاوی ئەو دۆخە نالەبارە نەکراوە کە ‌لە ‌ڕووی نەبونی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و خزمەتگوزاریەوە کە پارێزگاکە تێی کەوتوەو لە ‌ھاوینی ڕابردوو دەنگی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی شارەکە ھەموو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتی گرتەوە.

لەئاستی ھەرێمی کوردستان؛

لەو ڕوانگەی کە پرۆژە یاساکە کۆپیەکی دەقاودەقی یاسای بودجەی ساڵی پارە تەنھا لەوەدا نەبێت کە نرخی نەوت دەستکاری کراوە، نادادی و ناحەقیەکی تەواو بەھەرێمی کوردستان کراوە ، چونکە:

١ـ ھەمان ڕێژەی %١٧ ی پشکی ھەرێمی کوردستانی کەمکردوەتەوە بۆ ڕێژەی %١٢.٦٧، کەوەک ساڵی پار ھێمامان بۆکرد ئەم کەمکردنەوەیە ئیجحافە بەمافەکانی خەڵکی کوردستان و دەستبردنە بۆ قوتی خەڵک. ئەم کەمکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوڕدستان لەکاتێکدا کەھیچ سەرژمێریەکی نوێ لەعیراقدا نەکراوە و ڕێکەوتنەکەی ساڵانی ڕابردووش دەستکارینەکراوە، جگە ‌لە نادادیەکەی ھەروەھا پێکناکۆکە لەگەڵ ئەو دۆخە جێگیر و سەقامگیرەی کە ‌لە پردی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغداد ماوەیەکە دروستبوە. بودجەی ساڵی ڕابردوو دەبێت جیاواز بێت لەمساڵ، چونکە ساڵی ڕابردوو حیدر عەبادی بەھۆی ڕیفراندۆمەوە ویستی سزای خەڵکی کوڕدستان بدات لەڕێگەی بودجەوە بەڵام ئێستا زەمەنی ڕیفراندۆم کۆتایی ھاتوە و سەرکردایەتی کورد بەھێزەوە گەراوەتەوە بەغداد و کێبڕکێی پێکھێنانی حکومەتی نوێ و بەدەستھێنانی پۆستەکان دەکات

٢- نادەستووریبونی پڕۆژە یاساکە لەوشوێنانەی کە باسی ھەرێمی کوردستان ناکات و دەڵێت پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە ‌ئەمەش پێچەوانەی مادەکانی ١١٧ و ١٢١ ی دەستووری ھەمیشەییە و ئەگەر پەرلەمانی عیراق بەمشێوەیە دەنگی لەسەر بدات ، ئەوا خۆی دەستوور پێشێل دەکات و ئەگەر پەرلەمانیش پێشێلی دەستوور بکات دواتر دەبێت ھاوڵاتی و خەڵکی تر چ ئومێدێکیان بەسەروەری یاساو چەسپاندنی دەستوور و مافەکانی مرۆڤ ھەبێت.

٣- ھەروەھا لە مەسەلەی قەرزی نێودەوڵەتی و دابینکردنی پارەی جوتیاران و کۆمەڵێک سێکتەری دیکە بەشی کورد ناحەقی لێکراوە و دەبێت ڕاستبکرێتەوە ھەر بۆیە نوێنەرانی پارێزگاکانی عیراق بەگشتی وھەرێم بەتایبەتی ئەرکی سەرەکیمانە کە ڕێ لەم پڕۆژە یاسایە بگرین و بیگەڕێنینەوە بۆ حکومەت بە مەبەستی ھەموارکردن و داڕشتنەوەی بەشێوەیەکی واقعی و ھاوتەریب لەگەڵ پێشھاتە ئیداری و سیاسی و ئابووریە نوێیەکان بەشێوەیەک کەببێتە ھەوێنی دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانی نەک لێکترازان و گڕژی و دوورەپەرێزی .

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.