وتار
سەرپشککردنەکەی عەبدولمەھدی

د.بەختیارشاوەیس

کوتلە سیاسیەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەگشتی و ھەردوو فراکسیۆنی سائیرون و فەتح بەتایبەتی بە ھۆی ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی مەرجەعی باڵا ، بەوپەڕی سەخاوەتەوە عادل عەبدولمەھدیان سەرپشککرد بۆئەوەی بەرنامەی کابینەی وەزاری چوار ساڵی داھاتوو دابڕێژێت و ئەو کەسانەش دیاری بکات کەشایستەو پەسەندکراون و ھاوکاری دەبن لەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکە گرانە لەم دۆخە ھەستیار و لەم کاتە ناسکەدا کە عیراق و کۆی پڕۆسەی سیاسی پیایدا تێدەپەڕێت

سەرپشککردنەکەی عادل عەبدولمەھدی تەمەنی کورتتر بوو زیاد لەوەی کەچاوەڕێمان دەکرد و لەماوەی دووھەفتەدا دەرکەوت ، کەئەم پاسە گەورەیەی کەدراوە بەسەرۆک وەزیران چ نیە جگە لەگەمەیەکی سیاسی گەورەو کوتلەسیاسیەکان لەیەکەم تاقیکردنەوەدا گەڕانەوە سەر قەوانە کۆنەکەو ھەریەکەیان بەمەرجی جێبەجێکردنی داخوازیەکانیان پشتیوانی لە سەرۆک وەزیران دەکەن. لەیەکەم وێزگەدا دەرکەوت کە ئەو سەرپشککردنە گەورەیە بۆ پیاوێک کە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانی و تەنانەت فراکسیۆنی سیاسی نیە، ئەوەندەی تەکتیکیە بەنیو ھێندە ستراتیژی نیە.دەرکەوت ئەوەندی ھەوڵە بۆ قایمکردنی جێپێی حیزبی بەنیو ھێندە ھەوڵێک نەبوە بۆ بەھێزکردنی پێگەی نیشتمانی و دەرھێنانی وڵات لەو گێژاوە سیاسی و لاوازیە ئابووری و دۆخە تێکچنراوەی کەتێی کەوتوە.

سەرپشککردنی سەرۆک وەزیران بە مەرج، مەرجێک کە پاشماوەی ململانێ سیاسی یە توندەکانی ڕابردووی لەخۆیدا ھەڵگرتوە و دەکرێ لەئایندەی نزیکدا بەسیناریۆی نوێ دووبارە بێتەوە.ئەگەر نا ئەمە چۆن دەسەڵاتێکە کە بۆماوەی چەند ھەفتەیەک لەدوای وەرگرتنی متمانە بۆ ١٤ وەزیر بەڵام لەسەر وەزیرێک یان دوان سەرۆک وەزیران نەتوانێ بەتەواوی کابینەکەی ڕابگەیەنێت و بەناچاری لەبەیانیەکی زوودا سەردانی بازاری عەلوەی ڕەشید بکات لەبەغدادو لەگەڵ کاسبکارەکاندا گفتوگۆی نرخی میوە و سەوزەبکات لەبری چۆنیەتی جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و باقی وەزیرەکانی تریدا.

ئەم جۆرە سەرپشکردنە ڕووپۆش و دەمامکدارە ، ھێندە تاقەت پڕوکێنە دەبینین لەماوەیەکی کورتدا سەرۆک وەزیران پەنای برد بۆ دەستەواژەی دەستلەکارکێشانەوە و بەروونی وتی کۆتا چەکمان دەستلەکارکێشانەوە دەێت.

پرسیارەگرنگەکە ئەوەیە کە ئایا چەک بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەبێت؟ 

دەبێت کام گوشاری ئەملا یان ئەولا یان ھەردووکیان وایانکردبێت، کە زۆر زوتر لە مانەوەی لەپۆستی جێگری سەرۆککۆمار، یان لەوەزارەتی نەوت جارێکی تر عادل عەبدولمەھدی کەڵکەڵەی دەستلەکارکێشانەوە کەوتوەتەوە مێشکی؟ پرسیارێکە کە مەگەر بۆ وەڵامەکەی تەنھا بڵێین اللە یعلم.

سەرباری ئەم حەقیقەتە بەھۆی لێکۆڵینەوە لەدۆسیەی ھەندێک لەوەزیرەکان لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری ، کەلەحاڵەتی لێسەندنەوەی متمانە لە تەنھا سێ وەزیر دەبێتە ھۆی شکستی کابینەکە و وەک عەبدولمەھدی خۆیشی ئاماژەی بۆکرد دواجار دەبێتە ناشرینبونی کەسایەتی سیاسی و ڕابردووی بنەماڵەکەی کەئەمەی پێقبوڵ ناکرێت. ھەروەھا سەرەڕای ئەوەی کە ھەوڵەکان چڕبوەتەوە بەوئاڕاستەی کەلەم ھەفتەیەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ھەر ھیچ نەبێت ناوی شەش وەزیر بخاتەبەردەستی ئەندامانی نوێنەران، بەڵام ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان وتوندبونەوەی گرژیەکان بەم شقل و شێوازە ھەر بەتەنھا مەترسی لەسەر کاندیدی پەسەندکراوی مەرجەعیەتی باڵا و جەمسەرە ناوخۆیی و دەرەکیەکان دروست ناکات،بەڵکو لەئەگەری سەرنەکەوتنیدا و دەستلەکارکێشانەوەیدا مەترسی بۆ سەرکۆی پڕۆسەی سیاسی دروست دەبێت و ھەوڵی زۆر و کاتێکی زۆری دەوێت بۆ دۆزینەوەی کەسایەتیەک کەزۆرینە لەسەری کۆک بن و دواجار وڵات لەبری ئاوەدانکردنەوەو وەبەرھێنان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەو کارەباو ھەلی کار بۆ گەنجان ، گیرۆدەی یەکلاکردنەوەی ئەو گفتوگۆ بێزەنتیە دەبێت کە ئایا کام لایەن خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی یە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.