وتار
خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەنێوان فەرشە سوورەکەی عامری و بارزانی !!!

د.بەختیارشاوەیس

ھادی عامری سەرۆک و کارەکتەری سەرەکی حەشدی شەعبی لەفڕۆکەخانەی بەغداد بەڕاخستنی فەرشی سوور پێشوازی لە مەسعود بارزانی کرد،بەڵام نەمانزانی عامری وەک سیفەتی پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح ، یان وەک حەشدی شەعبی چوەتە پێشوازی بارزانی؟!

ئەگەر وەک سیفەتە پەرلەمانیەکەی ئەمەی کردبێت ئەوا پرسیاری گەوھەری ئەوەیە لەنێوان دەیان سەرۆکی فراکسیۆن بۆ تەنھا عامری شان بەشانی حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق چوبونە فرۆکەخانەو فەرشەسورەکەیان داخست؟ بەڵام ئەگەر وەک سیفەتە سەربازیەکەی بوو بێت کە دامەزرێنەرو پاڵەوانی حەشدی شەعبیە کە عامری زۆر زیاتر بەم سیفەتە ناسراوە ئەوا ئەمەیان پێویستە ویژدانی ھەمووان بجوڵێنێت بەتایبەتی لەمەسەلەی کەرکوک و ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر، کە سەری زمان و بنی زمانی ھەندێک بەخیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ناوی دەنێن و بەئێستاشەوە یەکێتیی پێ ناشرین دەکەن بەوەی کەڕێکەوتنی لەگەڵ حەشدی شەعبی کردوە و کەرکوکی فرۆشتوە بە سەرانی میلشیاکانی حەشدی شەعبی!

ھیچ کاتێک لاریمان نەبوەو دژی ئەوە نەبوین کەبارزانی سەردانی بەغداد بکات، بەپێچەوانەوە یەکێک لەکێشەکانمان و جیاوازیەکانی ئێمە لەگەڵ پارتی و بارزانی ئەوە بوە کە ئەوان سیاسەتی دوورکەوتنەوە لەبەغداد و موزایەدەی دەوڵەتی سەربەخۆیان بەرزدەکردەوە ، وە ئەمەش گەشتە ئەو ئاستەی کە بەئاشکرا دەیانوت ئێمە دەبین بە جیرانێکی باش و بەپاسپۆرتی خۆمان سەردانی بەغداد و دەوڵەتانی دەرەوە دەکەین، ئێمەش دەمانوت تەنھا بەسیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مامجەلال دەتوانین ئەم خەونی شاعیرانە بکەینە واقع و حاڵی حازر کاتەکەی گونجاو نیە و ئامادەکاریەکانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وەک پێویست نیە بەڵام بەداخەوە دەرەنجام سووربونی بارزانی لەڕیفراندۆم خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە. بەڵام کام خیانەت؟!!

ھەرچەند نازانین ئێستا بارزانی چ لەئەجێندای سەردانەکەیدا ھەیە ، بەڵام گەرموگوڕیەکەی لەگەڵ موجاھیدەکانی حەشدی شەعبی ڕەنگە بۆ ئەوە بێت کە لەگەڵ حاجی عامری مەحکەمەی خیانەتکارانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر بکات؟! یان بیەوێت قەرەبوی خوێنی ئەپرامزشکێنەکان بۆ کەسوکاریان وەربگرێتەوە؟!

بەھەر حاڵ ئەمڕۆ کاتیەتی بپرسین ئەگەر یەکێتیی خیانەتی کردوە و کەرکوکی فرۆشتوە بە حەشدی شەعبی ، ئەی خیرە لەیەکەم سەردانتان بۆ جیرانە باشەکە لەگەڵ دابەزینتان بەماچ و موچ و دەستلەملەوە ھادی عامری لەباوەش دەگرن؟

خێرە وا بەو کاتەکەمە کەساڵێکە و خۆتان ناوتان ناوە ، داستانی پردێ و سحێلا تان بیرچویەوە کە بەرامبەر کێ بو؟ 

ھەر بۆیە ھاتنی بارزانی بۆ بەغداد جگەلەوەی نیشانەی ئەوەیە کەسیاسەتی مام و یەکێتیی بۆ چۆنیەتی تەعامولکردن لەگەڵ حکومەتی عیراق ڕاست و دروست دەرچوو و مانای اعترافکردنی بارزانیە بەم ڕاستیە ، ھەروەھا ئیتر دەبێت ھەموو لایەک باش بزانن کەیەکێتیی لە١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتی نەکردوە بەڵکو لەوکاتەداڕێگری کرد لەوەی کە کەرکوک وەک دەردی عەفرینی لێبێت بەوەی کەجگەلە وێرانبون و تەختبوونی شارەکە لەگەڵ زەویدا ھەروەھا سەدان پێشمەرگەو ھەزاران ھاوڵاتی سیڤیلی  لەکوشتن و بڕین پاراستوە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.