وتار
ئاستەنگەکانی حکومەتی نوێ لە ‌ساڵی نوێدا

د.بەختیارشاوەیس

کەوتینە ساڵی نوێ و کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی بە ‌تەواونەکراوی مایەوە، پەرلەمانی عیراقیش بە ‌ناچاری مانگێک لە کارەکانی وەرزی یەکەمی دانیشتنەکانی درێژکردەوە بە ‌ئامانجی ئەوەی کە ‌ھەریەک لە پڕۆژەیاسای بودجە و کابینەنوێیەکە تەواو بکات و ھێندەی تر عیراق گیرۆدەی بۆشایی ئابووری و ئیداری نەبێت. ئەوەی دەرکەوتەی ئەم حکومەتە نوێیەیە لە ‌ساڵی نوێدا بریتی یە لە ‌بوونی چەندین ئاستەنگی سیاسی و ئابووری و ئیداری و دیپلۆماسی کە لە حاڵەتی مانەوەیان بەھەڵپەسیرراوی لە ‌دواجاردا چارەنوسی حکومەتەکە بەشێوەیەک دەبات کە بڵێین ئەگەر لەوانی پێشتر خراپتر نەبێت ئەوا ئەدای باشتر نابێت، بەوپێیەی:

-١ لەڕووی سیاسییەوە

ململانێی سیاسی لەنێوان ھێزەکان تا ئاستێکی زۆر توند قوڵبوەتەوە، جگە لە دیارنەبوونی فراکسیۆنی گەورە لەناو پەرلەمان کە ‌ئەمەیان ھۆکاری سەرەکی کێشەکانە ھەروەھا ئەم دردۆنگیە سیاسیە بڕستی لە ‌حکومەت بڕیوە و لە دوای ٨٠ ڕۆژ لە متمانەدان بە عەبدولمەھدی سێ وەزارەتی ھەستیار کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و دادن بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن و وەزیری متمانە پێدراوی پەرەوەردەش ھێشتا سوێندی یاسایی نەخواردوە ڕەنگە متمانەکەی لێوەربگیرێتەوە. ھەروەک لە لایەکی دیکەوە ململانێی سیاسی کاریگەری سلبی لەسەر ئەدای پەرلەمانی عیراق جێھێشتوە بەچەشنێک کە ‌لە کۆتاییەکانی وەرزی یەکەمیدایە بەڵام لیژنەکانی بەفەرمی کارەکانی چاودێریکردن و گفتوگۆی یاسادانانیان دەستپێنەکردوە.

-٢لە ڕووی ئابوورییەوە

پڕۆگرامی چوارساڵەی حکومەتی نوێ لەسەربنەمای ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان ودابینکردنی ھەلی کارکردن و خزمەتگوزاری داڕێژراوە، ئەوەی لەم سەرەتایەدا دەبینرێت پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانە و پێشھاتێکی ڕەشبینئامێز لەبەردەرگای ھاوڵاتیاندایە بەشێوەیەک کە ئەگەر خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو بەھۆکاری نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایەوە بوبێت، ئەوا لە ئێستادا زیاد لەمەیەو خۆپیشاندان بۆ ئەوە دەکرێت کە حکومەت پێکبێت وەک ئەوەی کەلە چەند ھەفتەی پێشتر لەبەغداد و ناوچەی دیکە ڕوویدا. ئەمە ‌سەرباری ئەوەی کە دابەزینی کتوپڕی نرخی نەوت کە بۆھەربەرمیلێک نەوت ٣٠ دۆلاری ئەمریکی لەدەستداو بەتەنھا نەوتیش ٨٩% ی داھاتی عیراق پێکدەھێنێت. ئەمەش ئاستەنگێکی تری ئابووری دەبێت بۆ حکومەتی نوێی عیراق.

-٣لەڕووی ئیدارییەوە

ھەریەک لەدۆسیەکانی گەندەڵی، کۆتایی ھاتنی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەھەڵپەسێراوی مانەوەی، بۆشایی ئەمنی و سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریا، ململانێی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی پارێزگاکان، مانەوەی کێشەکانی نێوان حکومەتی بەغداد و حکومەتی ھەولێر، ھەبوونی دوو ملیۆن ئاوارە لەناوخۆی وڵات، بەڕێوەبردنی بەوەکالەت لەناو زۆربەی جومگەکانی ئیدارەدانی حکومەت. ھەموو ئەمانە ئەو دۆسێ و گرێکویرانەن کە حکومەتێکی لاوازی ئیداری دروستکردوە و ھەنگاوی ئیجابیش بۆ چارەسەرکردنیان لەئاسۆدا دیار نیە.

-٤لەڕووی دیپلۆماتی و سەروەرییەوە

سەردانەکەی ترەمپ بۆ عەین ئەسەدی ناوچەی ئەنبار ھێندەی تر مشتومڕی سەروەری و پێگەی دیپلۆماتی عیراق و حکومەتەکەی زیندووکردەوە، و جارێکی تر ئاستەنگی ئەم لایەنەی لەبەردەم کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی دووپاتکردەوە. ھەروەک لەشکرکێشیە ‌بەردەوامەکانی تورکیا بۆناوخاکی عیراق دیوێکی تری لاوازی بەغدایە لەئاستی سەروەری و دیپلۆماتی.

ھەموو ئاستەنگەکانی سەرەوە لەبەردەم حکومەتی نوێ لەساڵی نوێدا ، درێژکراوەی ساڵانی ڕابردوون و بەمیرات بۆئەم حکومەتە ماونەتەوە کە ھەنگاوی خێرا و بە پەلەی دەوێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر ئەگەرنا شتێکی ئاسایی و پێشبینیکراوە کە بەم ئالودە زۆرانەوە حکومەتی نوێ نەتوانێت پێبنێتە ساڵێکی نوێ.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.