وتار
ئەمڕۆ رۆژی عەقڵە ئارامەکانە

ڕەنگین عەبدوڵا

رووداوەکانی هەرێـمی کوردستان بەخێرایی روو دەدەن، هەندێک دۆخی نا تەندروست رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەموویان گەرمن و ئاگری دووبەرەکی خۆش دەکەن، تەصعید زۆر هەیە بۆ نێوان لایەنەکان، رۆژی ئەوە نیە کەس تۆمەتبار بکرێت، رۆژی لێبوردەیی و چاکەخوازیە. 
لەگەڵ ئەوەشدا، دۆستەکانی کورد هاوکار و تەبانین لەگەڵمان و خۆری ناوەند گەشاوەیە و ناوەندیش بێ رەحمانە مامەڵەی رەق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات. 
بۆیە دەبێت، ئێستا بەم شەوە هەندێک کەسی ئارام و بیرفراوان هەن لە هەموو هێزەکان، خەوی خۆیان بزڕێنن و بێنە سەر هێڵ بۆ نێوەندگیری کردن، کۆکردنەوەی سەرکردە سیاسیەکانی کورد ئەگەر بۆ چا خواردنەوەیەکیش بێت بۆ ئەوەی پیشانی بدەن، کار نەگەیشتۆتە ئەوەی پەلاماری یەکتری بدەن و ملی یەکتری بشکێنن، دەبێت کۆببنەوە.
بیسەلمێنن ئێستا ئەوان رای جیاواز و سیاسەتی پێچەوانەیان هەیە، بەڵام لایەنی مرۆییان و دۆستایەتی و نەتەوەییان ئەوەندە زاڵە، ئەم رووداوانە کار لە ناو ماڵی کورد ناکات و یەکڕیز دەمێنینەوە.
بۆ ئەوەی پێویستمان جارێکی تر بە نێوەندگیری غەیری کورد نەبێت دەبێت عاقڵمەندانی ناو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، ئێستا دەست بە بڵاوکردنەوەی پەیامی برایەتی و ئاشتەوایی و یەکڕیزی کورد بکەن و گوتارێک بڵاو بکەنەوە، ببنە هۆی شەرمەزار کردنی دەستدرێژی کەران و پەلاماردەرانی ئازادی و شکۆی مرۆڤ، پێش ئەوەی شکۆی سیاسی و پەرلەمانتار و رۆژنامەنوسان بێت. 
بەپەلە بێنە ناو کایەکەوە و ئاوێک بەو ئاگرەدا بکەن و ماڵی کورد لەوە خراپتر نەکەن، چوونکە برینەکانمان ئەوەندە زۆر و بەسوێن، ئەگەر دەستی تێبکرێت لە هەرلایەکەوە دڵنیابن، خوێن بەربوون روو دەدات کە دواتر چارەسەری مەحاڵ دەبێت، ئێستا هیچ رووینەداوە، فریا بکەون. 
پێشگیری بکەن بۆ ئەوەی لەوە زیاتر روونەدات و لەماڵی یەکێکدا، چایەک بخۆنەوە و پەیمانی دۆستایەتی بۆ گەلەکەمان دووپات بکەنەوە و یەکڕیزی بپارێزن، بەلانی کەمەوە لە لایەنگر و دۆستانتان بگەیەنن، هیچ پۆست و پلەیەکی سیاسی و بەرژەوەندیەک، ماڵی کورد خاپور ناکات و پەیوەندیە دۆستانەکان بەردەوام دەبێت. 
کێ دەبێتە فریاد رەس و خاوەن خوانی دۆستانە و هەمووان کۆدەکاتەوە، پاڵەوانی مێژوو دەبێت.
 ئەگەر وانەکەن ناوبژیوانی بێگانە پاش ئەوەی خوێنمان لێدەچۆڕێت و ماڵمان وێران دەبێت لەکەلاوەکانماندا، میوانداریمان دەکەن و لە ژێر فشاردا، قاوەی تاڵەتان دەرخوارد دەدەن، بەلاوازیەکی زۆرەوە، ملکەچی فەرمانمان دەکەن بۆ یەکڕیزی. 
مێژووی ئەوەی سەلماندووە، تکایە دووبارەی مەکەنەوە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.