وتار
میدیا و میدیای ئازاد

ڕەنگین عەبدوڵا

میدیا وەک یەکێک لەدەسەڵاتەکان و پایە بنەڕەتیەکانی وڵات رۆڵێکی باش دەگێڕێت، ھێزێکی گرنگی ھەیە بۆ ئەوەی پەستان دروست بکات و بابەتەکان بەرە و ئەو ئاراستەی دەیەوێت بیجوڵێنێت.

رۆڵەکان دەبێتە دووبەشەوە، بەشێکیان ئەرێنین و کارو کاردانەوەی ئەرێنی دروست دەکەن و رەنگدانەوەیەکی باشیان دەبێت لەسەر کۆمەڵگاو رۆشنبیری گشتی، لە کۆتاییدا دەرئەنجامێکی باش دەدات بە دەستەوە. 

بەشێکی تریان رۆڵێکی نەرێنی دەگێڕن و کۆمەڵگا دابەش دەکەن، 

یان زانیاری نادروست و ئامانجدار دەگەیەنن، یان زانیاری شێوێندراوی ئاراستەکراو دەگەیەنن، کۆتاییەکی خراپ و بیرێکی خراپ بەرھەمدەھێنن. 

میدیاکان لە مەیدانێکی ئازاد و دەوڵەتێکی دیموکراسیدا، لەگەڵ ئەوەی کەسایەتیەکانی پشتەوەی ئاراستەیان دەکەن و بەرژەوەندیەکانیان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام یاسا و پرەنسیپی بۆ میدیاکان دانراوە کە ناتوانن سنوورەکان ببەزێن، یان ھەر خۆیان بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ دەگرن، دەسەڵاتەکانیش رەچاوی دۆخی ئازادی رادەربڕین و بەرژەوەندی ماناوەی میدیاکان دەکەن. 

لەم بارەدا، ھەردوو لایان بە یەکسانی رەچاوی ماف و بەرپرسیارەتیەکانیان دەکەن، لە بنەڕەتیشدا ئەگەر لادانێک ھەبێت یاسایەک سنوورەکانی داناوە و مافەکان رادەستی مافخوراوەکان دەکاتەوە.

ئەگەر بێینە سەرباسی کوردستان، تەماشا دەکەیت، مافی میدیاکار و رۆژنامەنوس پارێزراو نیە، مافی میدیاکەش پارێزراونیە، لەبەرامبەریشدا پرسە نیشتیمانیەکانیش پارێزراو نین، ئەوەی پارێزراوە ئەو کەسانەن لە پشتی میدیاکانەوە و پارەکانیان بۆ خەرج دەکەن و وەک میدیای سێبەر پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانیان دەکەن. 

دەیان میدیاکار شەھید کران، سەدان پرسی نیشتیمانی بەھەڵە دەستی بۆ برا، لە میدیاکانەوە، تاگەیشتە شەھید بوونی برا پێشەمەرگەکانمان لەبەرەکانی جەنگدا، بەڵام ئەوانی لە پشتی میدیاکانەوە بوون، بەرژەوەندیەکانیان پارێزراوتر بوون و خۆشیان ھیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە. 

سبەینێ کە رۆژی ٥/١٢یە، رۆژی شەھیدکردنی میدیاکارێکە لە گەرمیان، لەبەر ئەوەی کاوە گەرمیانی میدیاکار بووە وای بەسەر ھاتووە، لەم بێنە و بەردەیەدا، ئەویش چووە ریزی ھاوڕێکانی دیکەیەوە کە ئێستا کوردستان خاوەنی پۆلێک شەھیدی رۆژنامەنوسە.

دەبێت ئەوە راستبکرێتەوە میدیای کورد رووانگەی نیشتیمانیانەی بۆ دروست ببێت و دەسەڵاتداران دیدی خۆیان سەبارەت بە میدیا و میدیاکار بگۆڕن، خاوەن میدیاکانیش بە ئاشکرا وەک بزنس کاری میدیای بکەن و چاویان لە ناوبانگ و دەستکەوتەکانی میدیاکانیان بێت، نەک بەناوی کەسانی ترەوە بیکەن و بەجێی بھێڵن، خۆیان نەکەنە بەرپرسیاری ئەو کردە نەرێنیانەی روو لە کۆمەڵگاکەمان دەکەن بە ھۆی میدیاکانیانەوە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.