سێ ھۆکار ھەن کاریگەریان لەسەر پەرتبوونی زیاتری ناو ماڵی کورد ھەیە، لەپرۆسەی سیاسی عیراقدا
یەکەم: نەبونی پرۆژەیەکی نیشتمانی ھاوبەشی لایەنە کوردیەکان بۆ گفتوگۆی دروستکردنی حکومەتی نوی.
دووەم: فشاری نێودەوڵەتی و ھەرێمی لەسەر لایەنە کوردیەکان و بۆ چوونە پاڵ کوتلەیەکی سیاسی لەبەغدا.
سێیەم: پلەو پۆست بە ئامانج گرتن و پشت کردنە دەستکەوتە دەستوریەکان وەک پێشمەرجی رێکەوتن.
شێوازی دروستکردنی حکومەت لەبەغدا شەڕی خوێناوی لە شەقامەکان خۆشدەکات. شەڕی خوێناوی بەوەکالەت لە عیراق بەڕێوەیە.
دەبوو کورد وەک یەک کوتلەی پەرلەمانی لەگەڵ لایەنەکان بکەوتایەتە گفتوگۆو پرۆژەی یەکگرتووی ھەبوایە.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش پەرتبوون و درزی نێوان لایەنەکان خۆیان و خەڵکی کوردستان و حزبەکان زیاتر دەکات، بەم تۆماری دەنگدان و بەم جۆری پەیوەندیەی نێوان لایەنە کوردستانیەکان و بێ ئومێدی ھاونیشتمانیان لە حزبەکان و بەم دۆخە ئاڵۆزەی دەستێوەردنی تورکیاو ئێران لە کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێم، ھەڵبژاردنی مانگی ئەیلول نەک قۆناغێکی نوێ ناھێنێتە کایەوە، بەڵکو ئەو نەختە ئیرادەیەش لە کوردستاندا ماوە دەچێتە بن دەستی ھێزە ئیقلیمیەکان.
بۆ کوردستان و ئایندەی ھەرێم رێکەوتنی نیشتمانی پێویستی ستراتیژیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵک و پارێزگاری لە سەروەری خاک و خەڵکی کوردستان پیاچونەوە بە دامەزراوەکان وەزارەتەکان بکرێنە دە وەزارەت، بە راستی پرۆژەکانی پەرلەمان لەبارەی چاکسازیەوە جێبەجێ بکرێ، قەرزەکانی خەڵک لای حکومەت بدرێتەوە، دەستور لەپەرلەمانەوە ئیقرار بکرێ، بەرێکەوتنی ھاوبەشی نیشتمانی لایەنە کوردستانیەکان ئەرکە ھاوبەشەکان بکرێتە بنەمای رێکەوتنێکی ستراتیژی نوێ و لەپەرلەمانەوە لەکات و بۆ قۆناغێکی دیاریکراودا ئەنجام بدرێ.
« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »