وتار
سیاسەتی گوریس جەڕان و دیبلۆماسیەتی گرێکردنەوە

ھونەر تۆفیق

لەگەرمەی ئاڵۆزیەکانی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکادا ، بە تایبەتی لە قەیرانی جێگیرکردنی رۆکێتەکانی سۆڤیەت لە کوبادا ، کە بە دووھەفتەی ترسناکی مێژووی مرۆڤایەتی ھەژمار دەکرێت لە نێوان ١٥ - ٣٠ ئۆکتۆبەری ١٩٦٢دا . چونکە ئەگەری قەومانی جەنگ لەنێوان ئەو دوو ھێزە ئەتۆمیەدا لەئان و ساتدابوو . سۆڤێتیەکان لەو رۆژانەدا فرۆکەیەکی ئەمریکیان لە ئاسمانی کوبادا خستەخوارەوە ھەموو جیھان لەو مەترسیە گەورەیەدا چارەنوسی پەیوەست بوو بە بڕیاری دوو کەسەوە ، نیکیتا خرۆشۆفی سەرۆکی سۆڤێیەت و جۆن کینیدی سەرۆکی ئەمریکاوە . 
خرۆشۆف بروسکەیەک دەکات بۆ نووسینگەی کینیدی و تیادا دەڵێت :
لەناوەڕاستی ئەو گوریسەی کە ھەریەکەمان بە تەواوی ھێزی خۆمانەوە سەرێکی ڕادەکێشین گرێیەک ھەیە . ھەتا من و تۆ توندتر ڕایبکێشین گرێکە توندتر و ئاڵۆزتردەبێت .حیکمەتی عەقڵ لەوەدایە با جارێ ئێمە لە ڕاکێشان خاوبینەوە ، ئەوساکە پێدەچێت کردنەوەی گرێکوێرەکەش ئاسانتربێت !
کینیدی ئەو پێشنیارە بە فرسەتێکی باش دەزانێت بۆ دەربازبوون لە مەترسیەکانی قەیرانەکە . بروسکە دەکاتەوە بۆ خرۆشۆف و دەنوسێت :
ئێمە بەتەواوی دەرکی پێشنیارو داواکاریەکەتان دەکەین . بەڵام مەرج نیە ، جێبەجێ کردنی وەک ئەوە بێت ئێوە داوای دەکەن . 
خرۆشۆڤ دەزانێت جێبەجێکردنەکەی مانای کشانەوەی رۆکێتەکانی سۆڤێیتە لە کوبادا و چارەسەریەکە لەوێوە دەست پێدەکات . بەڵام دەبێت بە دەستکەوتێکەوە بۆ سۆڤێیەت پاشەکشێ بکات . داوادەکات لەبەرانبەرکشانەوەی سۆڤێیەتیەکاندا دەبێت ئەمریکیەکان رۆکێتەکانیان لە تورکیادا بکشێننەوە . کینیدی بە داواکەی خرۆشۆف ڕازی دەبێت . مەترسی کارەساتی جەنگە جیھانیە ئەتۆمیەکە دەڕەوێتەوە .
لە ئێستادا قەیرانە سیاسیەکەی ھەرێم لەو گوریس جەڕانە دەچێت کە ھەتا توندی بکەیتەوە گرێکەی ناوەڕاستی ئالۆزتر و توندتر دەبێتەوە . ئێمە لەھەر سەرێکیانەوە لایەنگر و بەشداری راکێشانەکەبین ڕۆڵی یەکلاکەرەوە و چارەسەریمان پێ نابینرێت. باشترین ھەڵبژاردە لەم کاتەد شلکردنەوە و خاوکردنەوەی ئەمسەروئەوسەری گوریسەکەیە بۆ ئەوەی ماڵوێرانیە سەرتاپاگیرکە ڕوونەدات ، بتوانرێت گرێکوێرەکە بکرێتەوە کە ئەسڵی جیاوازی و ناکۆکیەکانە . دەبێت ھەردوو تەرەفیش دەرکی پێشنیار و داواکاریەکانی یەکتربکەن ئەگەر بەو مەرجانەش نەبێت کەلە جێبەجێکردندا جیاواز و ناکۆکیان دەکاتەوە .
ھەندێک شەڕ ھەیە ھەر لەسەرەتاوە ھەردوو تەرەف دەزانن کە ھیچ لایەکیان ناتوانن بیبەنەوە . ئەم ناکۆکی یە سیاسیەی لە ئێستای ھەرێمی کوردستاندایە ھەرگیز ، ھیچ لایەک بردنەوەی تیادا مسەوگەرناکات . بەڵام جۆرە بردنەوەیەکی تر ھەیە کە کۆتایی ھێنانە بە قەیران و گەڕانەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی یە . لەدواجاردا ئەمەش دەستکەوتە مەزنەکەیە نەک عەنتەریان و زەوتکردن و خۆسەپاندن بە زۆرەملێ .

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.