وتار
ھیلالی بەپیت - ھیلالی شیعی

ھونەر تۆفیق

شارل دیگۆل لە ١٨ ئابی ١٩٤١دا،  نامەیەکی ناڕەزایەتی بۆ وینستۆن چەرچل دەنووسێت : ئێمە لە حکومەتی فەرەنسای ئازادەوە نیگەرانین بەم ھەڵسوکەوتانەی شانشینی بەریتانی لەوڵاتانی ھیلالی بەپیت دا (عێراق و سوریا و لوبنان و ئوردن و میسر)  . نیازپاکی بەریتانیا لەو ناوچانەدا نابینین کە بەپێ ی ڕێکەوتنی نێوانمان مۆرمان کردووە . 

لە ٧ ئابی ١٩٤٢ دا چەرچل و دیگۆل لە قاھیرە کۆدەبنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا . چەرچل سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە ڕایدەگەیەنێت : ھاتووم لێرە کۆببینەوە بۆئەوەی لە نزیکەوە چارەسەری ناکۆکیەکانمان لەگەڵ فەرەنسادا بکەین سەبارەت بە ناوچەکانی ھیلالی بەپیت .

ناوچەی ھیلالی بەپیت ( ھیلال الخێیب ) کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەزاری پادشای ئوردنەوە ناوەکەی گۆڕدراوە بە ھیلالی شیعی ، کوردیش لەم ماوەیەدا بەچڕی لە نێوەندە سیاسی و ڕاپۆرتە ئیعلامیەکانیدا ھەمان دەستەواژەکەی عەبدوڵاشای ئوردن بەکاردەھێنێتەوە بۆ تەفسیرو تەحلیل کردنی شکستەکەی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستاندا . دەیەوێت تێڕوانینی سیاسی خۆی و پرسە نەتەوەییەکەی ببەستێتەوە بە تێڕوانینە سونی یە ھاشمیەکەی پادشای ئوردنەوە کە درێژکراوەی تێڕوانینە ھاشمیەکەی ئامۆزاکانی عەبدوڵاشایە لە عێراقدا ، بنەماڵەی شا فەیسەڵ لەڕێگای سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراقەوە  - نوری سەعید ، کە بەنیازبوون لە ناوچەکانی ھیلالی بەپیتدا ، شانشینێکی ھاشمی و سوننی لە وڵاتەکانی عێراق ، سوریا ، لوبنان ، فەلەستین ، ئوردن و سینای میسردا وەک تۆڵەکردنەوە لە ئال سعود کە لە نەجد و حیجاز و حائیل ، ھۆزی ئال سعود ھاشمیەکان و شەمەرەکانی ڕاونابوو بۆ ھەرێمی ھیلالی بەپیت . لەبەر ئەوەی بەپێ ی ڕێکەوتنی بەریتانی و فەرەنساییەکان لە سایکس - پیێکۆ و دواتردا سوریا و لوبنان لە دابەشکردنەکەدا بەر فەرەنسا کەوتبوون . دیگۆل ئەو ھەوڵەی نوری سەعید و ھاشمیەکانی بە فیتی بەریتانیەکان دەزانی . بۆیە نیگەرانیەکانی گەیاندبوویە چەرچڵ . بەریتانیەکانیش لەدابەشکردنەکەدا عێراق و ئوردن و فەڵەستین و میسری بەرکەوتبوو . فەرەنساوییەکان لەوە تێگەیشتبوون کە لە ڕێگای ھاشمیەکانەوە بەناوی یەکێتی وڵاتانی عەرەبی ھیلالی بەپیت ، دەیانەوێت سوریا و لوبنان لە چنگ فەرەنساییەکان دەربھێنن و بەریتانیا لە ناوچەکەدا دەریان پەڕێنێت . 

سعودیەکان لەو ھەوڵانەی ھاشمیەکان لە عێراق و ئوردن بە گومان بوون . چونکە لەپاش دەرپەڕاندنی بنەماڵەی ھاشمی لە حیجاز ، ڕاونانیان بۆ دەشتاییەکانی شام و دۆڵی ئوردن . دوژمنایەتی ئەو دوو ھۆزە تا ئەمڕۆش بە ئاشکرا و نھێنی ھەر بەردەوامە . بۆ ئەوەی ھاشمیەکان نەبنە دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بەھێز لە ساڵی ١٩٤٥ دا بە ڕێکەوتن لەگەڵ پادشای میسردا ، کۆمکاری عەرەبی ( جامعە العربیە) یان دامەزراند . شکستیان بە پرۆژەکەی ھاشمیەکان لە ھیلالی بەپیتدا ھێنا کە لەدوایدا عێراق و ئوردن و سوریاش بوونە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەی ئال سعود و ئال فاروق . میسری و سعودیەکان بۆ ئەوەی بەتەواوی دڵنیابن لە شکستی پرۆژەی یەکێتی ھاشمیەکان لە ھیلالی بەپیتدا . لەپاش کۆتایی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی لە سوریا و لوبنان ١٩٤٨دا . پشتیوانیان لە ژەنراڵ حسنی زەعیم کرد لە سوریا کودەتای سەربازی بکات و لە ئازاری ١٩٤٩دا دەستەڵاتی گرتە دەست . پرۆژەی یەکێتی عەرەبی ھاشمیەکان لە ھیلالی بەپیتدا بە یەکجاری کۆتاییان پێھێنا . 

لەپاش ھەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سوریاوە . ھاشمیەکان لە ئوردنەوە جارێکی تر خەونی مەملەکەتی گەورەی سوننی ھاشمیان زیندوو کردۆتەوە . ئەمجارەیان بەناوی بەرھەڵستی کردن لە بەرانبەر پرۆژەی ھیلالی شیعیەوە لە ھەوڵی ئەکتیڤکردنەوەی دەوڵەتی یەکگرتووی سونی - ھاشمین لەناوچەکەدا . بەشێکی زۆری گوتاری سیاسی کوردیش بەمەبەست ( پەیوەست بە پرۆژە ھاشمیەکەوە ) یان ناخود ئاگا بەھەمان ئاڕاستەکانی ھاشمیەکاندا دەڕوات . بێ ئەوەی ئاگاداری فاکتە مێژوویەکانی ئەو پرۆژە سونی - ھاشمیە بن خۆیان خستۆتە بەرەیەکی دژ بە وەھمی ھیلالی شیعی . لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی دروستە کە دژایەتی کردنی شیعە و ئێرانە بۆ ھیلالی سونی ھاشمی نەک دامەزراندن و کۆنترۆڵ کردنی بەناوی ھیلالی شیعیەوە . 

تێبینی : 

ھیلالی بەپیت - Fertile Crescent دەستەواژەیەکی جیوگرافیە یەکەم جار شوێنەوارناسی ئەمریکی جێمس ھێنری بریستاد لەساڵی ١٩٠٥دا بەکاریھێناوە بۆ ئەو ناوچانەی دەکەونە میزۆپۆتامیا و باکوور و خۆرئاوای سوریا تا باکووری خۆرھەڵاتی ڕووباری نیل .

ھیلالی بەپیت ، ئاماژەیەک بووە بۆ بە پیت و بەرەکی ئەو ناوچانە لە ڕووی شارستانی و کشتوکاڵیەوە کە شارستانیە دێرینەکانی : سۆمەر ، ئور ، ئەکەد ، بابل ، میدی ، نەبەتی ، ئاشووری ، کەنعانی و فینقی لەو ھیلالەدا بوون . 

ھیلالی بەپیت شوێنی سەرھەڵدانی بەشێکی زۆری ئایینەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین بووە ، ئاینەکانی زەردەشتی ، یەھودی ، مەسیحی و غەنوسی ..ھتد دروست بووە .

ھیلالی بەپیت ھەرێمێکی چڕ و پڕە لە نەتەوە و گەلی جیاواز ، ھەزاران ساڵە لەو ناوچەیدا نیشتەجێ بوون .

ھیلالی بەپیت لە حەوت ھەزار ساڵی ڕابردووەوە پێگەیەکی جیوگرافی تایبەتی ھەیە لەنێوان ھەرسێ کیشوری ئاسیا ، ئەوروپا ، ئەفریقیا . ئەمەش وایکردووە کە شادەماری بارزگانی کۆنی جیھان ( ڕێگای ئاوریشم ) لەو ھیلالەدا کۆببێتەوە . جێگای بایەخی ئیمپراتۆریەتەکانی ئەوسا و ئێستاش بێت .

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.