وتار
کەرکوک و عەفرین ، کشانەوەی پارتی و ھێرشی تورکی

ھونەر تۆفیق

ناکرێت بەرکەوتەکانی ڕیفراندمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستاندا ( بەناوچە جێ ناکۆکەکانەوە ) بە ڕووداوێکی سیاسی و ئاسایی لە کوردستان و ناوچەکەدا ببینرێت . بۆ کورد کارەساتی ئەنجامی ڕیفراندۆم شکستێکی مێژوویی گەورەیە ، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ، بەو قەبارەیە کورد ھەرەسی گەورەی بەخۆوە نەبینووە .

سەرەتای ئەو کارەساتە لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا دەستی پێکردووە . دەکرێت بە قۆناغی یەکەمی باجی فەشەلی ڕیفراندۆمەکە دەستنیشان بکرێت . قۆناغەکانی تری لە داھاتوودا دەست پێبکەن لە سەرانسەری کوردستاندا . 

خۆئامادەکردنی تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر عەفرین ، دیمەنێکی دیکەی شکستی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانە . 

لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کەرکوکدا دەکشێتەوە ، سوپای تورکیا سەعاتی سفری بۆ ھێرشکردنە سەر عەفرین دیاریکردووە . 

پەیوەندی و تەزامونی ئەم دوو بڕیارە ، دەمانباتەوە بۆ ڕێکەوتنی نێوان ئێران و تورکیا لەسەر کەرکوک . تورکیا شاری کەرکوک و نەوت و تورکمانەکان و سونە و پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ ئێران جێھێشت و تەسلیم بە حەشدی شەعبی و ھێزە شیعیەکانی موالی بە ئێرانی کرد . لەو کاتەوە پرسیارێکی جەوھەری لەم پشت تێکردنەی تورکیا بۆ ھاوپەیمانەکانی لە کورد و سونە و تورکمان لە کەرکوکدا دێتە پێش .. ئایا تورکیا لەبەرانبەر چیدا ئەو خیانەتە گەورەیەی لە کوردە ھاوپەیمانەکانی کرد ؟ ئەردۆغان بۆچی پشتی کردە بارزانی ھاوڕێ و ھاوپەیمانی ؟ دەشێت وەڵامەکەی لە عەفرینەوە بدۆزینەوە ..

بەپێ ی ڕێکەوتنی سەربازی نێوان ڕوس و ئەمریکا لە شەڕی نێوخۆی سوریادا ، خۆرھەڵاتی ڕوباری فورات بۆ ئەمریکا و ھێزە ھاوپەیمانەکانی دەستنیشان کرا ، خۆرئاوای فوراتیش بۆ تورکیا و ئێران و ڕوسیا و سوپای سوریا دیاری کرا . 

لە کۆبوونەوەی ئەستانە - کازاخستان ، لەنێوان ڕوس و تورک و ئێراندا ، بەشی باکوری خۆرئاوای سوریا کە پارێزگای ئەدلب دەگرێتەوە ، ھێزە ئیسلامیە موالیەکانی سەربە تورکیا کۆنترۆڵیان کردووە بە تایبەتی بەرەی نوسرە ، پرۆسەی ئاشتەواییەکەی بە تورکەکان سپێردرا . 

لەپاش ڕێکەوتنی ئێران و تورکیا لەسەر کەرکوک ، پێداچوونەوەی دوو قۆڵی لەنێوان ئێران و تورکیادا لەئارادایە بەبێ ڕوسیا لە ڕێکەوتنەکەی ئەستانەدا . تورکیا لەبەرانبەر چۆڵکردنی کەرکوک و پشتکردنە ھاوپەیمانەکانی لە کورد و تورکمان و سونە ، زەمانەتی لە ئێران وەرگرتووە کە پشتیوانی کوردەکانی ڕۆژئاوا نەکات بەتایبەتی لە خۆرئاوای فوراتدا . چونکە لە خۆرھەڵاتەوە ئەمریکا باڵا دەست و پشتیوانی ھێزە کوردیەکانی سەر بە پەیەدە و یەپەگەن. 

تورکیا و ئەردۆغان خۆیان لە شەڕی ئێران لە کەرکودا پاراست ، لەبەرانبەر شەڕێکی ئاسانتردا کە لەگەڵ کوردەکانی سوریا - یەپەگەدا لە عەفرین سەرکەوتن مسەوگەربکەن . بەڵام ئەو شەڕە بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا کە لایەنی سێھەمی ڕێکەوتنی ئەستانەیە بۆ تورکیا سەرچڵیەکی ترسناک دەبێت . ئەردۆغان تاوەکو عەفرین مسەوگەر نەکات و نەیخاتە سەر سنووری نفوزی خۆی لە سوریا - شاری ئەدلب ، نایەوێت بە ئارامی کەرکوک لە دەستی ئێراندا بمێنێتەوە . 

لێرەدا ڕۆڵی کوردە موالیەکانی سەربە تورکیا لە کەرکوکدا چالاک دەبێتەوە ، کە لەتوانایاندایە پشێوی و نائارامی سیاسی لەو شارەدا دروست بکەن . بەتایبەتی لە سەروبەری ھەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراقدا کە کەرکوک دەبێتە چەقی ململانێ ی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن. 

ھەندێ موئەشیر - ئاماژەی سەرەتایی لەم دیمەنەی شکستەکانی پاش ڕیفراندۆم و ئیلتزامی لایەن و دەوڵەتانی ھاوسێ بەرچاون . بەتایبەتی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە ھەتا ئێستەکە ھیچ لایەک بەڵێنی تەواوی خۆی نەبردۆتەسەر لەو ڕێکەوتن و سەفقانەی لەسەر شکستی ڕیفراندۆمەکە کراون . بۆیە تورکیا دەروازەی ئیبراھیم خەلیلی بەکراوەیی و پارێزراوی بۆ کوردە ھاوپەیمانەکانی ھێشتەوە . ڕێگەی نەدا عێراق و ھێزە شیعیەکانی سەر بەئێران ھێرشی بۆ بەرن . ئێرانیش بەتەواوی بەڵێنی پشتیوانی تورکیای لە شەڕی پەکەکە و کوردانی ڕۆژئاڤای نەبردۆتە سەر . ئەگەر ئەردۆغان و تورکیا ئەو ھێرشە چاوەڕوانکراوە بۆ سەر عەفرین ئەنجام بدەن ، پێدەچێت ھاوکێشەکان لە نێوان تورکیا و ڕوسیا و ئێران لەلایەک و ئەمریکا و پەکەکە و یەپەگە لەلایەکی ترەوە گۆڕانکاری بەسەردابێت . ئەگەر ھەیە ڕێکەوتنی ئەستانە ھەڵوەشێتەوە . ھەم شەڕی ناوخۆی سوریا پێ بنێتە قۆناغێکی جیاوازتر لە شەڕی مەزھەبی ( شیعە و سونە ) ھەم کەرکوکیش لەم دۆخەی ئێستایدا نەمێنێتەوە بە ھەڵپەسراوی لەنێوان ئێران و تورکیادا . ئێران زەربەی دوو سەرە لە کەرکوک و لە عەفرین - ئەدلب لە تورکیا و ئەردۆغان بدات.

ھەموو ڕووداوەکانی داھاتووش پەیوەستن بەو ھەنگاوە ترسناکەی ئەردۆغان و سوپاکەیەوە کە ھێرش بکەنە سەر عەفرین ، چونکە کۆی دیمەنە سیاسیەکانی قۆناغی یەکەمی شکستی ڕیفراندمەکەی تیادا دەگۆڕدرێت بۆ قۆناغێکی سیاسی و سەربازی تر.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.