وتار
تابووتی گلۆبالیزەیشن - عەفرین

ھونەر تۆفیق

برێکست ( کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) مردنی حەقیقی ئایدیای گلۆبالیزەیشن بوو. ھەرچەندە ئەوە دوابزمار نەبوو لە تابووتی پرۆژەی جیھانگیری و نیولیبرالیزمی ئەمریکی - ئەوروپی درا، چونکە سەرەتای ئەو کەوتنە لە زیندووبوونەوەی زەبەلاحێکی ئابووری - سیاسی - سەربازی وەک ڕوسیاوە دەستی پێکرد.

ئەم ھێزە زەبەلاحە پەککەوتەیەی لە پاش ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتەوە بڕوا بە گەڕانەوەی نەدەکرا وەک ئایدیۆلۆژیا و ئایدیایەکی سیاسی جیاواز لە نیولیبراڵی خۆرئاوا بەھەردوو بەری ئەتڵانتیکەوە لە ئەوروپا و ئەمریکاوە . بۆچوون و سیاسەتی تایبەت بەخۆی بەسەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا فەرزبکات، بەڵام پێچەوانەی تەوەقوعی ئەھلی گلۆبالیزەیشن و لایەنگرانی فیکرەی جیھانگیری سیاسی - ئابووری - تەکنەلۆژی ، ڕوسیای پۆتین بە غافڵگیرانە، ھێدی ھێدی ھەر لە دوورخستنەوەی بنکە سەربازیەکانی ناتۆ لە پۆلۆنیا و لیتوانیا و ئازەربیجانەوە تا لێسەندنەوەی دورگەی قیرم لە ئۆکرانیا ، تێپەڕ بە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی نوێ ی وزە کە غازی سروشتیە لە جیھاندا، دامەزراندنی بانکی نیو دیڤلۆپمێنت بانک لە کۆمەڵەی برێکس ، لەبەرانبەر بانکی نێو دەوڵەتی سەر بە ئەمریکا، ھەموو تەونەکانی جیھانگیری بە ئایدیا و مەرجەکانی نیولیبرالیزمەکان پچڕاند.

سوریا گۆڕەپانی سەرەکی بەریەک کەوتنی ئەو دوو ئایدیۆلۆژیا مۆدێرنەیە لە سەدەی بیست و یەکدا پێکدادانی راستەقینەیان لەھەموو ئاستەکاندا بەردەوامە.

ئەمریکا لایەنگر و پشتیوانی کۆنگرە یەک لەدوای یەکەکانی جنێفە بۆ چارەسەری پرسی شەڕی ناوخۆی سوریا لەژێر کاریگەری و ھەیمەنەی خۆیدا . ڕوسیاش پشتیوان و ئامادەکاری کۆنگرە یەک لەدوای یەکەکانی سوچی یە ، لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی سوریادا بە پێ ی دید و ھەیمەنەی خۆی.

تا ئەم ساتە ھیچ نەبێت لە خۆرئاوای فوراتەوە کە ساحل ( کەناردەریا) ی سوری و دیمەشقی پایتەختی سیاسی دەگرێتەوە بەدەست ڕوسیاوەیە . خۆرھەڵاتی فوراتیش کە ئەمریکا ھاوکاری کوردی تیادا دەکات بەدەست ھێزەکانی ئەمریکاوەیە.

کۆتایی ئەم دوو ئایدیا جیھانیە کە یەکێکیان دەڵێت : کۆتایی فرە شارستانیە و لەئەنجامی بەریەک کەوتنی شارستانیەکاندا گلۆبالیزەیشن چارەسەرە و نیولیبراڵەکان لە ئەمریکا و خۆرئاوا تەبەنی دەکەن، لەبەرانبەر روسیادا کە پێ ی وایە جیھان بە جیاوازی و فرە شارستانیەوە بەڵانس دەکرێت و دەتوانێت بەردەوامی بە پەیوەندیە نێودەوڵەتی و سیاسیەکانی گەلان بدات. 

لەنێوان ئەم دوو ئایدیۆلۆژیەدا کە یەکەمیان لە ترۆپکیدا لە یەکێتی و فیدراسیۆنی ئەورپادا کشایەوە و لە ئەمریکاش دۆناڵد ترامپی کردە سەرۆک کۆمار ( بەھەموو شێت و شۆریەکانیەوە ) دووەمیان نەرم و سارد، بە نوکی دەرزیەکەوە تونێلێکی قوڵی کردۆتە فیکرە و فەلسەفەی نیولیبرالیزمەکانەوە، شەڕەکە یەکلانەبۆتەوە.

عەفرین ڕەمزێکە بۆ سەرکەوتن و ژێرکەوتنی لایەکیان بەسەر لاکەی تریاندا. پێناچێت روس بھێڵیت ئەندامێکی ناتۆ و سەر بەبەرەی گلۆبالیزەیشن کە تورکیایە ھەروا بە ئاسانی عەفرین قوت بدات، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە حاڵی حازردا روس و تورک لە شەھر عەسەلێکی کاتیدان، بەڵام تورکیا بەو ھەموو نزیکایەتیە روکەشانەی بە روسیایەوە ھێشتاکە مەرجە ئایدیۆلۆژی و فەلسەفە سیاسیە نوێ کەی پۆتینی بەجێ نەھێناوە... بۆیە پێدەچێت عەفرین تابووتێک بێت بۆ تەرمی گلۆبالیزەیشن و لەوێدا ناشتنە یەکجارەکیەکە ڕووبدات.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.