وتار
لەنێوان ورچ و ھەڵۆکەدا ، سەدەیەک لە ململانێ

ھونەر تۆفیق

لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ، ئەو چاکسازی و بەرەو مۆدێرنە بردنەی قەیسەری ڕوسیا - ڕۆمانۆڤ دەستی پێکرد . کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر ئابووری و پیشەسازی ڕوسیادا ھێنا . بوژانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی و فەرھەنگی لە ڕوسیادا ھێنایە دی .

سەیر لەوەدایە ، لەو کاتانەدا ھەرسێ ئامۆزاکە : قەیسەری ڕوسیا ، قەیسەری ئەڵمانیا ، پادشای ئینگلاند کە کوڕانی یەک خێزانی شاھەنشاھی ئەوروپی بوون ، ھەر سێکیان ئامۆزای یەکتر بوون ، لەناو خۆیاندا جەنگێکیان بەرپا کرد کە جەنگی جیھانی یەکەم بوو .

بردنەوەی ڕوسیا لەو جەنگەدا ، ھەر نەبێت بەھاوبەشی لەگەڵ بەریتانی و فەرەنساییەکاندا شێوە و شێوازی ئابووری - سیاسی جیھانی دەگۆڕی . لەم سیستەمە ئابووریەی ئێستای نەدەکرد کە سیستەمی ئابووری ئەمریکایی زاڵە بەسەر دنیادا.

لە کۆتا ساتەکانی جەنگدا . لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا ، بە یارمەتی زلھێزەکانی دنیا ، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا ، شۆرشی سوور - کۆمۆنیستەکان لە ڕوسیادا بەرپابوو.بەلشەفیکەکان دەستەڵاتیان گرتە دەست . لەھەموو پەیمان و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکانی ڕۆمانۆڤ پاشگەزبوونەوە . دەستیان لە بەشە براوەکەی ڕوسیا لە جەنگەکەدا ھەڵگرت . سیزینۆڤ - وەزیری دەرەوەی ڕوسیای قەیسەری ، لە یاداشتەکانیدا ئەو شۆرشە بە خیانەت ناودەبات کە لە ڕوسیا کراوە . لەبەر ئەوەی ھیچ نەبێت پرۆتۆکۆلی بەریتانی - فەرەنسی بەناوی سایکس -بیکۆوە لە ساڵی ١٩١٥ ەوە سێ قۆڵی بووە لە نێوان سایکس و بیکۆ و سیزینۆڤدا . بەلشەفیکەکان بە کشانەوەیان لە دوا ساتەکانی جەنگدا ، بە پێ ی گێڕانەوەی سیزینۆڤ ،کشانەوە بووە لە بەشی براوەی ڕوسیا لەبەشەکەی خۆی . کە خۆرئاوای تورکیا و باکووری ئێران و کوردستان لە دابەشکردنەکەدا بەر ڕوسیا کەوتووە . بەلشەفیکەکان بە ھاندان و پلانی ئەمریکی - بەریتانی دەستیان لێھەڵگرتووە . کەسی وەزیری دەرەوەی بەلشەفیکەکان ( ترۆتسکی ) ڕۆڵی تایبەتی ھەبووە لەو خیانەتەدا کە بەرانبەر بەڕوسیای قەیسەری کراوە .

لە دابەشکردنەوەی دووەمی جیھاندا ، کە لە ئەنجامی جەنگی جیھانی دووەمەوە دەستی پێکردووە . یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا تا ساڵی ١٩٨٩ و ڕوخانی دیواری بەرلین ، جیھانیان لەنێوان ورچەکەی ڕوسیا و ھەڵۆکەی ئەمریکادا بەزۆربێت یان بە ئاشتی دابەشکردبوو . لەماوەی ئەو شەست ساڵەی ململانێ ی نێوان بلۆکی خۆرھەڵاتی ( سۆسیالیزم - پەیمانی وارشۆ) و بلۆکی خۆرئاوایی ( کەپیتالیزم - پەیمانی ناتۆ ) جیھان ھەمیشە لەبەردەم ھەڕەشەی ھەڵگیرسانی جەنگێکی ترسناکدابووە کە جەنگی ئەتۆمی نێوان ورچ و ھەڵۆکەیە .چەندین جار مەترسیەکان گەیشتوون بە ئاستی تەقینەوە : لە جەنگی کۆریادا ١٩٥٦ . کێشەی کەنداوی بەراز (کوبا ) ١٩٦١ ، ڕاپەرینەکانی پراگ ١٩٦٨ . جەنگی حوزەیران ١٩٧٣ ئیسرائیل و عەرەب .. ھتد . بەڵام لە دوا ساتەکاندا توانیویانە کۆنترۆڵی توڕەییەکانی ھەردوولا بکەن . 

بۆ ماوەی بیست ساڵ ، لەپاش ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتەوە ، ئەمریکا بڕیاردەری تاک لایەن و تاک ڕەوی جیھانە . لەسەردەمی فلادیمیر پۆتیندا ، ورچەکەی ڕوسیا جارێکی تر خەبەری بۆتەوە ، داوای بەشەکەی خۆی دەکاتەوە لە ھەڵۆکەی ئەمریکا . 

ئەمریکا ئامادە نیە ھەروا بەئاسانی دەستەڵاتی ڕەھای خۆی بەسەر جیھاندا لەگەڵ ورچە ھەستاوەکەی ڕوسیادا بەش بکاتەوە . بۆیە لە ئێستادا سێ بنتی ململانێ ی ترسناک لەنێوان ئەو ورچ و ھەڵۆیەدا چەقی دابەشکردنەوەی ھێزە لە نێوانیاندا . 

ئەو سێ بنتە کە بە تەوەرەکانی ڕۆژھەڵات ناسراوە : ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ( کۆریای باکوور ) ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ( سوریا - ئێران ) ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا ( ئۆکرانیا - پۆلۆنیا ) 

ئەم رۆژھەڵاتانەی تەوەری ململانێ ی نێوان ورچ و ھەڵۆکەن لەبەردەم ئەگەری تەقینەوەی گەورەدان کە لە ھەرکامیاندا ئەو تەقینەوەیە ڕووبدات ، دەگاتەوە بە ڕۆژھەڵاتەکانی تریش . ئەگەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ( سوریا - ئێران ) بەریەک کەوتنی ڕاستەخۆی ھێزی ورچ و ھەڵۆکە ڕووبدات ، ڕاستەوخۆ ئەو بەریەککەوتنە لە ڕۆژھەڵاتەکانی ئاسیا و ئەوروپاشدا ڕووئەدات . بۆیە ھەر جەنگێکی ڕاستەوخۆی ڕوسیا و ئەمریکا لەھەر یەکێک لەو رۆژھەڵاتانەدا بقەومێت . دەبێتە جەنگێکی جیھانی گشتگر ، ڕاگرتنەوەی مەحاڵ دەبێت .

لێرەدا ڕۆڵی ناوەندە ستراتیژیەکانی ڕاوێژ و بڕیار لەھەر یەک لە ڕوسیا و ئەمریکادا یەکجار کاریگەرە . 

پرسیاری جدیش لەو ناوەندانە ، کە مایەی سەرسوڕمانە ، بۆچی ھێزەکانی فشار لە جیھاندا ، کۆمەڵگەی مەدەنی و مرۆڤدۆستەکان ، لەم کاتانەدا بێدەنگن ؟ ھیچ کاردانەوەیەکیان لە خۆرئاوا ( ئەمریکا - ئەوروپا) دا نیە ؟؟ لەکاتێکدا پێش ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سیربیا یان عێراق ، ملیۆنەھا خەڵکی ئاشتی خواز ، دە ڕژانە سەر شەقامەکانی واشنتۆن و ڕۆما و پاریس و لەندەن ... ھتد . داوای ڕاگرتنی ھەڕەشە و شەڕیان دەکرد . بەڵام لە کاتی مەترسی ڕوودانی جەنگێکی مەترسیداری وەک ئێستا ، لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە سوریادا بێدەنگن ؟؟ 

وەڵامی ئەم پرسیارە لە سیستەمی فیکری جیھانی و تێڕوانینە فەلسەفیەکانی ئەم سەردەمەدایە کە پێدەچێت فیکر و فەلسەفەش لەم ساڵانەی دوایدا لە پاشەکشەی ئینسانی خۆیدابێت . لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە توندە ، گرژە ، قیناویەدا بێت کە لەنێو سیاسەت و مەزھەبی گەلانی دنیادا باوە . ڕەنگە وەک چۆن لەسەرەتای سەدەی ڕابردوودا تا بیستەکانی یەکەمی گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر نەخشەی ئابووری - فەرھەنگی ، سیاسی دنیادا ھێنا . سەرەتاکانی ئەم سەدەیەش لە پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەیانەدا بێت کە باجەکەی مرۆڤایەتی بەگشتی دەیدات .

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.