وتار
سی ئێن ئێن چی یە ؟

ھونەر تۆفیق

 سی ئێن ئێن چی یە ؟ ئەوە ناونیشانی بەشێکە لە گێڕانەوەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە باسی مفاوه‌زاتی به‌ره‌ی کوردستانی - به‌عس (1991) کە لە ئەلقەی حەوتەمدا دەگێڕێتەوە :
رۆژێکیان پاش کۆبونه‌وه‌یه‌کی پڕ مشتومڕ له‌گه‌ڵ ئه‌بو حه‌سه‌ن (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید) له‌ بینای وه‌زاره‌تی ناوخۆ گه‌ڕامه‌وه‌ ئوتێل. له‌ راڕه‌وی ئه‌و نهۆمه‌ی سویته‌که‌ی منی تێدا بو چه‌ند که‌سێ به‌ کامێرای ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ راوه‌ستا بون. یه‌کێکی که‌ته‌یان له‌گه‌ڵ بو لێ‌ی پرسیم: «ده‌نگوباسی گفتوگۆکانی ئه‌مڕۆتان چیه‌؟» منیش پرسیم: «ئێوه‌ کێن؟» وتیان: «ئێمه‌ تیمێکی ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێنین» وتم: «سی ئێن ئێن چیه‌؟» کابرا به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ پرسی: « هاتوی بۆ مفاوه‌زات و نازانی سی ئێن ئێن چیه‌؟»
ئەو ئیعترافەی کاک نەوشیروان بۆ هەموو مفاوەزاتەکانی نێوان حکومەتی عێراقی و کورد وەک یەکە . بە ئێستاشەوە کە کورد لەم هەڵبژاردنەی دوایی پارلەمانی عێراقەوە خولێکی دیکەی مفاوەزاتی لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی عێراقدا دەست پێکردۆتەوە بەهەمان میتۆد و هەمان عەقڵی سیاسی ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دانوستان لەگەڵ عێراقدا دەکات .
بەپێ ی گێڕانەوە و یاداشتەکانی سەرکردایەتی سیاسی کورد بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدان و دانوستانەکانی نێوان کورد و بەغدا ، بەسەرهاتی سەیر دەبیستین . لەپاش شەڕێکی چەندین ساڵەی کورد و عێراق لەیەکێک لە مفاوەزاتەکاندا سەرکردایەتی سیاسی کوردی داوای دامەزراندنەوەی پێشمەرگەکان و وەرگرتنەوەی کۆبۆنی بایعیەکانی بۆ خێزانەکانیان لە حکومەتی ئەوسای عێراق کردووە . زۆربەی دانوستانەکان گەڕانەوە بووە بۆ خاڵی سەرەتا بەپێ ی ئەو داخوازیانەی کورد لە کاتی مفاوەزاتەکاندا لە حکومەتی کردووە . وەک لێبوردنی گشتی ، ئازادکردنی زیندانەکان و تەتبیع و سەرژمێری کردن و پاشان هەڵبژاردن .
مەلەفی دانوستانی کورد و بەغدا گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە لەماوەی سەدساڵی ڕابردوودا . وەک کاک نەوشیروان ئازایانە باسی کردووە کەمی ئەزموون و نەبوونی زانیاری مێژوویی و سیاسی دروست و نەشارەزایی یاسایی لە هونەری دانوستاندا هۆکارێکی گەورەی فەشەلی دەستکەوتەکانی کوردبوون لە دانوستاندا .
لە پاش ڕوخانی کۆمارەکەی سەدام حسەینەوە ، کورد کۆمەڵێک خولی دانوستانی دەستوری و حکومی لەگەڵ بەغدادا ئەنجام داوە . زۆربەی دانوستانەکان بەم گفتوگۆ چڕوپڕانەی ئێستاشەوە بە دابەشکردنی پۆستە حکومیەکانی بەغدا کۆتاییان هاتووە . هیچ چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەکانی نێوان کورد و عێراق نەدۆزراوەتەوە .
وەک تیمە تەلەفزیۆنیەکەی کەنالی سی ئێن ئێن بەکورد بڵێینەوە : دەچن بۆ مفاوەزات و نازانن چارەسەری سیاسی پرسەکەیان چی یە !!

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
ئاشتی عەبدوڵا
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.