وتار
ئاماژەکانی پشت لێدوانەکانی لوفیگارۆ ‌

فەرید ئەسەسەرد

چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی بارزانی کە لە رۆژنامەی «لوڤیگارۆ» ی فەرەنسیدا بڵاو کراوەتەوە، روخسارە گشتییەکانی جۆری بیرکردنەوەی ناو بەشێکی دەستەبژێری سیاسی کورد دەربارەی مەسەلەی ریفراندۆم روون دەکاتەوە. ھەمووچاوپێکەوتنەکە لە دوو خاڵی سەرەکی پێکدێ، یەکێکیان ئەوەیە کە ھەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم «پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن لە کەس نییە». لێرەدا مەبەست لە کەسەکە بەغدایە. دووەمیشیان ئەوەیە کە ریفراندۆم بۆ «راگەیاندنی» سەربەخۆیی نییە، بەڵکو بۆ دەستپێکردنی ووتوێژە لەگەڵ بەغدا. ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێ کە لە چاوپێکەوتنەکەدا وتراوە» ئێمە پێویستمان بەوەیە گەل (لەرێگای ریفراندۆمەوە) دەسەڵاتی ئەوەمان بداتێ دەست بە وتووێژێکی دوور‌و درێژ لەگەڵ بەغدادا بکەین» بەمەبەستی جیابونەوە»بەشێوەیەکی ئاشتیانەو لەڕێی دایەلۆگ‌و وتووێژەوە». 

ھاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانەدا، لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە ڕەوتی وەڵامدانەوەی لێدوانێکی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە ھەڵوێستی دژ بە ریفراندۆمی دەربڕی بوو، مەسەلەی ریفراندۆمی وەک» مەسەلەیەکی ناوخۆی عیراق» ناسی‌و» دایەلۆگ‌و لێک تێگەیشتن» ی کردە میکانیزمی وتووێژ.

ناڕۆشنییەک لە مەسەلەکەدا ھەیە. لەلایەک مەسەلەکە وەک مەسەلەیەکی «ناوخۆیی» دەخرێتە بەرچاو ‌و لەلایەکی ترەوە باس لەوە دەکرێ کە ریفراندۆم پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت نییە، لەکاتێکدا تا ئەو کاتەی کوردستان لە عیراق جیا دەبێتەوە ھەموو مەسەلەیەک لە چوارچێوەی عیراقدا ناوخۆییە، بە مەسەلەی ریفراندۆمیشەوە. ئەم نمایشە لەڕوی یاسیاییەوە دەروازەیەکی ترسناک دەکاتەوە، چونکە ئەگەر ریفراندۆم بۆ جیابونەوەی کوردستان لە عیراق پێویستی بە ڕەزامەندیی بەغدا نەبێ، بەھەمان پێودانگ جیابونەوەی زاخۆش لە پارێزگای دھۆک‌و جیابونەوەی پارێزگای ھەڵەبجەش لە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە مۆڵەت نابێ.

 خاڵێکی دیکە کە لێدوانەکانی «لوفیگارۆ» دەری دەخەن ئەوەیە، کە میکانیزمی پەیڕەوکراو لە ریفراندۆمەکە بەو جۆرەیە کە لە سەرەتادا ریفراندۆم ئەنجام بدرێ‌و پاشان دەست بە وتووێژ بکرێ لەگەڵ بەغدا، لەکاتێکدا ئەگەر لۆجیک بکەین بە بنەما، دەبێ ھەنگاوی یەکەم بە وتووێژ دەست پێ بکا‌و رێککەوتن لەم بارەیەوە بکرێ‌و پاشان ریفراندۆم ئەنجام بدرێ.

دیارە ئەم میتۆدی بیرکردنەوەیە لەوەوە ھاتووە کە ریفراندۆم وەک کارتی گوشار بەکار بھێنرێ، ئامانجەکەش بەھێزکردنی پێگەی دانوستانکارە کوردەکانە لەکاتی وتووێژ لەگەڵ بەغدادا. لەراستیدا مەسەلەکە رێک پێچەوانەی ئەمەیە چونکە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی پێشوەخت، خۆی لەخۆیدا سوتاندنی کارتی ریفراندۆمە. بۆیە کاتێک دانوستانکارە کوردەکان بۆ وتووێژ دەچن بۆ بەغدا، ھیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە نابێ. ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک ھەرێم بە ھەڵپەسێردراوی دەھێڵێتەوە، نە دەتوانێ سەربەخۆیی رابگەیەنێ‌و نە دەشتوانێ درێژە بە پەیوەندییەکانی بدا لەگەڵ بەغدادا.

ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، دوو کارتی بەھێز بە بەغدا دەبەخشێ. یەکێکیان رەتکردنەوەی ریفراندۆم‌و دان نەنانە بە ئەنجامەکەیدا، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا ئەگەر پرۆسەکەش پەک نەخات، دەیشڵەژێنێ‌و لەسەر ئاستی جیھان وەک کارێکی نایاسایی‌و نادەستوری دەیناسێنێ. دووەمیان، ئەگەر بەغدا دژی ریفراندۆمەکە بوەستێتەوە، بەدڵنیاییەوە لەدوای ریفراندۆم ھیچ پرۆسەیەکی وتووێژ لەم بارەیەوە دەست پێ ناکا.

لێدوانەکانی « لوفیگارۆ» وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە کە کورد پاش ریفراندۆم دەیەوێ لەسەر چی وتووێژ لەگەڵ بەغدادا بکا. گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە کە پاش ریفراندۆم، بەغدا ناچار نییە وتووێژ لەگەڵ کوردستان دا بکا، لەکاتێکدا ئەو وتووێژە بۆ کورد زۆر گرنگە، چونکە بابەتی سەرەکیی وتووێژەکە ناوچە جێناکۆکەکانە. زۆر ئەستەمە، بەغدا پاش ریفراندۆم دەست لەو ناوچانە ھەڵگرێ‌و ئەگەر بە شەڕیش بێت، ھەر دەستیان بەسەردا دەگرێ. لێرەدا تیۆرییەکانی «مافی مێژویی» ‌و راستییە جوگرافییەکان‌و دۆکۆمێنتەکانی سەرژمێری ١٩٥٧‌و ماددەی ١٤٠ ھیچ بایەخێکیان نامێنێ.

سەپاندنی دیفاکتۆی ریفراندۆم یارییەکی مەترسیدارەو کەس ناتوانێ پێشبینیی سنوری ئەنجامە خراپەکانی دیاری بکات. زۆر ئەستەمە ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی دۆستانە دوو دراوسێی دۆست بەرھەم بێنێ بەڵکو دوو دراوسێی داخۆ لە دڵ‌و رق لە یەکتری ھەڵگرتوو ‌و لەیەکتر بەگومان بۆ دەیان ساڵ دێنێتەدی.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
عەبدوڵای مەلا نوری
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: [email protected]
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.