وتار
دوورنماکانی رێککەوتنە نەوتییەکەی عیراق - ئێران ‌

فەرید ئەسەسەرد

ھەرچەند رێککەوتنە نەوتییەکەی عیراق-ئێران لەسەر ئاستی فەرمی لە ھەرێم، بایەخی پێ نەدرا، بەڵام پەیامە سیاسییەکەی رێککەوتنەکە بەدڵنیاییەوە گەیشتۆتە شوێنە دیاریکراوەکان. رێککەوتنەکە ئەوەی تێپەڕاندووە کە تەنھا بردنە دەرەوەی نەوتی کەرکوکە بۆ پاڵاوتن، چونکە لەناو خاکی ئێران دەتوانرێ درێژە بە بۆرییەکە بدرێ‌و بگەیەنرێتە سەر کەنداو. لەم گۆشە نیگایەوە پرۆژەکە دورنمایەکی ستراتیجیی ھەیەو بناغەیەکی پتەو بۆ ھاوکاریی نەوتی لەنێوان ھەردولا دادەنێ.

ھەرچەند ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی تازە نییەو ماوەیەک لەمەوبەر ئاماژەی پێ دراوە، بەڵام کارکردن بۆ جێبەجێ کردنی لەو کاتەدا بەدیاریکراوی، مانای خۆی ھەیە. پێش ئەوەی ھەردوو وەزیری نەوتی عیراق‌و ئێران لە تاران رێککەوتنە واژۆ بکەن، بەغدا بەشێوەیەکی فەرمی ھەڵوێستی خۆی دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستان‌و بەشداریی کەرکوک لەو ریفراندۆمە راگەیاندبوو. بۆیە ناتوانرێ کاتی راگەیاندن‌و واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە مەسەلەی ریفراندۆم جیا بکرێتەوە. بەغدا ئەو پەیامەی پێیە کە کەرکوک لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەو نەوتەکەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدرال دایە. بەڵام ئەمە بەشە سادەکەی پەیامەکەیە. بەشەکە قووڵەکە ئەوەیە کە بەغدا بەھیچ شێوەیەک ئامادەیی تێدا نییە دەستبەرداری سەروەریی نەوتیی خۆی بێ لە کەرکوک. ئەوەی کە پشتگیری لەم ئاراستە دەکا، ئەوەیە کە ھەردوولا یەک ھەڵوێستیان بەرامبەر بە ریفراندۆم ھەیە. 

ھەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھەڵوێستێکی ئازایانە بوو بەڵام ئەستەمە ھیچ لە مەسەلەکە بگۆڕێ. ھانا بردن بۆ ماددەی ١١٢ی دەستور، ھیچ باڵادەستییەک بۆ حکومەتی پارێزگا نەوت بەرھەمھێنەرەکان دروست ناکا‌و پێگەیەکی پەکخەریان بۆ دابین ناکا بەڵام دەشێ لە وتووێژدا ھەندێ بەرژەوندیی ماددییان بۆ دەستبەر بکات. بەشێوەیەکی گشتی، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کۆنفرەنسە رۆژنامەوانییەکەی داوای «رونکردنەوە»ی کردووەو داواکە خۆی لەخۆیدا داوایەکی رەوایە. ئاشکراشە کە روونکردنەوەی وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە، ھیچ لەسەر بەغدا ناکەوێ‌و کارێکی قورسیش نیە.

ئەو بەشەی رێککەوتنە نەوتییەکە کە ھیچ لایەک تیشکی نەخستۆتە سەر، ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بە ھەلومەرجی جێبەجێ کردنی پرۆژەکەوە ھەیەو تێیدا کۆمپانیایەکی پسپۆر، بۆرییەک لە کەرکوکەوە، لانی کەم بە درێژیی ٢٠٠ کیلۆمەتر تا ناو خاکی ئێران رادەکێشێ. ھەلومەرجی جێبەجێ کردنی پرۆژەکەش بە رەوشی سیاسی‌و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەوە بەستراوەتەوە کە بۆرییەکەی پێدا تێدەپەڕێ. رێی تێناچێ بەغدا، کە ئێستا تەنانەت یەک سەربازیشی لە کەرکوک نیە، لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا لە تاران، بیری لەم مەسەلەیە نەکردبێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی ھەواڵی واژۆکردنی رێککەوتنە نەوتییەکەدا، میدیاکانی کوردستان ھەر ئەو بەشەی رێککەوتنەکە سەرنجی راکێشان کە پەیوەندی بە کەرکوکەوە، لەکاتێکدا رێککەوتنەکە جگە لە کەرکوک کە بەپێی ماددەی ١٤٠ ناوچەیەکی جێناکۆکە، ناوچەیەکی جێناکۆکی دیکەشی گرتۆتەوە کە ناوچەی نەفتخانەی خانەقینە. ئەمەش ئەو بەشەی رێککەوتنەکەیە کە میدیاکانی کوردستان بە تەواوی پشت گوێیان خستووە. بەپێی ئەوەی کە لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە، عیراق‌و ئێران لەسەر وەبەرھێنانی کێڵگەی نەوتی نەفتخانە رێککەوتون. ئەم کێڵگە نەوتییە پێش ھەڵایسانی جەنگی عیراق-ئێران لە ساڵی ١٩٨٠، رۆژانە نزیکەی ٢٥ ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەم ھێناوەو لەپاش ھەڵایسانی جەنگەوە پەکی کەوتووەو پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ بخرێتەوە گەڕ‌و سودی لێ وەربگیرێ.

ئەمە بەم مانایە دێت کە رێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان عیراق‌و ئێران دوو ناوچەی نەوتیی جێناکۆکی گرتۆتەوە. بۆیە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکە لە بەرەنجامی کۆتاییدا پێویستی بەوە دەبێ کە بەغدا، ئەمجارە بە جلوبەرگی تەکنیککارە نەوتییەکان، بگەڕێتەوەو دەست بە جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنانی نەوت بکاتەوە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
ڕیبوار طە مصطفی
د.عیزەدین مستەفا رەسول
فەرەیدون کونجرینی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.