وتار
دەستپێشخەرییەکەی ماککۆرگ لەنێوان لەدەستدان‌و قۆستنەوەدا ‌

فەرید ئەسەسەرد

پاش ئەوەی پەرلەمانی کاراکراو رۆژی ٢٥ی ئەیلولی وەک رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم چەسپاند‌و دوای ئەوەی بارزانی لە میدیاکاندا رایگەیاند کە دەستپێخەرییەکەی ماککۆرگ لە ڕێزکردنی وشە ھیچی تر نییە، ھەڵوێستی فەرمیی ھەرێم بەشێوەی رەت کردنەوەی دەستپێشخەرییەکە فۆرمۆڵەبەندی بوو. ھەرچەند بارزانی دەستپێشخەرییەکەی رەت کردۆتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ بۆ خەڵکی روون نەکردۆتەوە بۆچی رەتی کردۆتەوەو تەنانەت باسی ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەشی نەکردووە، لەکاتێکدا مافی ھاووڵاتییانە بزانن دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتیی گرنگی وەک دەستپێشخەرییەکەی ماککۆرگ بۆچی رەت دەکرێتەوە.

 دەستپێشخەرییەکە دواخستنی ریفراندۆمی تێدا نییە، بەڵکو ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی تێدایەو گەرەنتیی نێودەوڵەتیی بۆ سەقامگیرکردنی پەیوەندیی نێوان بەغدا‌و ھەرێم پێشکەش دەکا. نەتەوە یەکگرتووەکان‌و لەناویاندا ئەنجومەنی ئاسایش لایەنی گەرەنتیکار دەبێ، لەوانە ئەمریکا‌و بریتانیا‌و فەرەنسا. لەم سەروبەندەشدا ئەمریکییەکان رەزامەندیی روسیاشیان وەرگرتووەو پێیان وایە چینیش لە دژی دەستپێشخەرییەکە ناوەستێتەوە. کڕۆکی دەستپێشخەرییەکە رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.

ھاتنە ئارای دەستپێشخەرییەکە لەم ھەلومەرجەی ئێستادا، خۆی لە خۆیدا ئەو تیۆرییە پوچەڵ دەکاتەوە کە گوایە ھیچ کاتێک بەقەد ئێستا، بۆ وروژاندنی پرسی سەربەخۆیی لەبار نییە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر کاتەکە لەبار بوایە، وروژاندنی پرسی ریفراندۆم ئەم ھەموو ناڕەزاییە ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەی لێ نەدەکەوتەوە.

وروژێنەرترین خاڵ لە مەسەلەکەدا ئەوەیە کە رەتکردنەوەی ریفراندۆم بەمانای رەتکردنەوەی ئەنجامەکانیشی دێ. بۆیە، ئەمە بەم واتایە دێ کە ئەگەر ریفراندۆم بەرزترین رێژەی دەنگی پشتیوانیش بەدەست بێنێ، ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ‌و بە ئامانجی سەربەخۆیی ناگات. ئەمە بەم واتایە دێت کە دەشێ مەسەلەکە لەکۆتاییدا ھەر بەو ئاکامە بگات کە ریفراندۆم ھەر بۆ ریفراندۆم بێ‌و ھیچی لێ ھەڵنەوەرێ.

خەریکە ئاکامە خراپەکانی بەھەند وەرنەگرتنی فشاری ناوخۆیی‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەکان دەردەکەون. ھەر ئەم مانگە سێ پێشھات سەریان دەرھێنا. لەلایەک ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەسەڵاتی تەواوی بە سەرەک وەزیران حەیدەر عەبادی دا بۆ گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست بۆ رێگرتن لە دابەشبونی عیراق. لەلایەکی ترەوە، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای عەبادی بڕیاری لابردنی پارێزگاری کەرکوکی دەرکرد‌و دوا بەدوای ئەمەش، بەشێوەیەکی کتوپڕ‌و ناچاوەڕوانکراو، بیرۆکەی دانانی فەرماندەیەکی عەسکەری لە کەرکوک ھاتە ئاراوە، ھەر سێ ھەنگاو یەک لەدوای یەک ھاتن، کە ئەمەش شتێکی وای لێ ھەڵدەکڕێندرێ کە بەغدا بەپێی پلانێکی دانراو کار دەکا‌و دەزانێ چی دەکا. ھەڵوێستی ھەرێم لەوە تێنەپەڕیوە کە گاڵتە بەم ھەنگاوانەی بەغدا بکا‌و ھەڕەشەکان بە «ھەرەشەی منداڵانە» ناو ببات. گاڵتەکردن بە ھەڕەشەکانی بەغدا مەترسییەکان ناڕەوێنێتەوەو بە کردار ھیچ پێشکەش ناکا. گاڵتەکردن بە ھەڵوێستی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ھەرێمی کوردستانی لە قەوارەیەکی پشتگیریلێکراو و پێشوازی لێکراوەوە کردۆتەوە قەوارەیەکی گۆشەگیر‌و دورەپەرێز‌و دابڕا.

خەریکە ناوبانگی ھەرێم لە جیھاندا وەک ناوبانگی کۆریای باکوری لێ دێ کە لاساری دەکا‌و گوێ ناداتەوە داخوازییەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی. وەک چۆن کۆریای باکور لە رۆژھەڵاتی ئاسیا بۆتە مایەی سەرئێشە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی، ھەرێمیش خەریکە ھەمان رۆڵی کۆریای باکور لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێ. گومانی تێدا نییە کە کۆریای باکور بە جبەخانە ئەتۆمییەکەی خۆیەوە دەنازێ، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان ھیچی نیە لە ڕوبەڕوبونەوەی کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا پشتی پێ ببەستێ. 

دەستپێشخەرییەکەی ماککۆرگ دەستپێشخەرییەکی نمونەیی نییە، بەڵام تا ئێستا ھیچ بژاردەیەکی باشتر نییە. ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییە لەدەست بدرێ، ئاڕاستەی روداوەکان بە ئەستەم کۆنترۆڵ دەکرێ.


Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.