وتار
کوردستانی پاش ریفراندۆم ‌

فەرید ئەسەسەرد

لە کوردستان پێشبینیی نەدەکرا تورکیا ئەو ھەڵوێستە توندەی بەرامبەر بە ریفراندۆمەکەی کوردستان ھەبێ، بە ڕادەیەک کە ئەو تیۆرییە لەناو دەستەبژێری حوکمڕانی ھەرێم باو بوو کە تورکیا بەرژەوەندییەکی ئابووریی زۆری لە ھەرێمدا ھەیەو بەھیچ شێوەیەک بەھۆی ریفراندۆمەوە بە فیڕۆی نادا، بەتایبەتی بەرژەوەندییەکانی لە بواری وزەدا. ھەڵوێستی توندی تورکیا ئەم تیۆرییەی ھەڵتەکاند‌و دەری خست کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئابووری تاکە ھاندەر نییە، بەڵکو فاکتەری دیکەش ھەیە کە کاریگەرییان لە کاریگەریی فاکتەری ئابووری کەمتر نییە. نکوڵی لە رۆڵی ئابووری وەک دروستکەری بڕیار ناکرێ، بەڵام مەرج نییە ئابووری لەھەموو دۆخەکاندا لە پێشی پێشەوە بێ. لە ھەلومەرجی تایبەتدا ئاسایشی ستراتیجی نەک ئابووری لە پێشی پێشەوەیەو فاکتەری سەرەکیشە لە دروستکردنی بڕیاردا. ھەڵوێستی توندی تورکیا، کە لە ھەندێ رووەوە لە ھەڵوێستی ئێران توندتر‌و کاریگەرترە، رەنگدانەوەی پێداویستییەکانی ئاسایشی ستراتیجییە. جیاوازیی نێوان پێداویستییە ئابوورییەکان‌و پێداویستییەکانی ئاسایشی ستراتیجی لەوە دایە کە ئابووری قەرەبوو دەکرێتەوە، لە کاتێکدا زۆر ئەستەمە ئاسایشی ستراتیجی قەرەبوو بکرێتەوە.

لەڕاستیدا تورکیا رۆڵێکی گەورەی لە تەنگھەڵچنین بە ریفراندۆمەکەی کوردستاندا ھەیە. ئەگەر تەنھا ئێران پشتگیریی بەغدای بکردایە، دەرفەتێکی زۆر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە ھەبوو، بەڵام کاتێک تورکیاش دەچێتە پاڵ بەغدا، دەرفەتی تێپەڕاندنی قەیرانەکە زۆر تەنگەبەر دەبێ.

بەدڵنیاییەوە تورکیا ئومێدەوارە بتوانێ بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێم بپارێزێ، بەڵام بەقەد ئەوەی کە تورکیا دەیەوێ بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان‌و لەناو ھەرێمی کوردستان بپارێزێ، بەقەد ئەوەش نایەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ھەرێمی کوردستان ببینێ، چونکە ئاسایشی ستراتیجیی تورکیا لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ وێک نایەتەوە.

تورکیا جیا لەھەر چوار دەوڵەتەکەی کە کوردیان تێدا دەژی، لە ھەموویان زیاتر لەگەڵ تێکەڵ بە مەسەلەی کورد بووە، ھەم لە باکووردا ھەم لە باشووردا‌و ھەم لە رۆژئاوا. ترسی لە ئەگەر پەیدابونی کوردستانێکی ئۆتۆنۆم یان فیدرال یان سەربەخۆ لە رۆژئاوا، ئەوەندەی تر تۆقاندویەتی‌و ھانی داوە زۆرتر مشوری ئاسایشی ستراتیجیی خۆی بخوا کە پێی وایە کورد لە سێ لاوە ھەڕەشەی لەسەر دروست کردووە.

ھەڵەی سەرکردایەتیی کورد لەوە دایە کە وا تێدەگا، دروستکردنی بەرژەوەندی ئابووری (بەتایبەتی لە بواری وزەدا) بۆ وڵاتان، بەسە بۆ ھاندانی ئەو وڵاتانە بۆ گۆڕینی میتۆدی بیرکردنەوەی ستراتیجییان. ھەر ئەم سەرکردایەتییەشە کە خەریکە ھەڵەیەکی تر دەکا، ئەویش دروست کردنی بەرژەوەندیی ستراتیجییە لە بواری گازی سروشتیدا بۆ روسیا. بە ئاشکرا باس کردنی ھەوڵدان بۆ دزۆرینەوەی رێڕەوێک بۆ گازی سروشتیی کوردستان کە بەناو خاکی تورکیادا تێنەپەڕێ، خۆی لەخۆیدا پەیامێکە بۆ تورکیا. ئەگەری ھەڵبژاردنی سوریا وەک ڕێڕەو لە ئایندەدا، بەم مانایە دێت کە ھەرێم سەنگەری خۆی دەگۆڕێ‌و لە ئەکتەرێکی دۆستی رۆژئاواوە دەبێتە ئەکتەرێکی دۆستی روسیا، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا چەردەیەک کێشەی دیکەی بۆ ھەرێم دروست دەکا. بە زۆر بردنی ھەرێم بۆ ناو ململانێ نێودەوڵەتییەکان داناییەکی زۆری تێدا نیە چونکە ھەرێم تێوەدەگلێنێ‌و ئەگەری زۆرتر ئەوەیە کە زیانیشی پێ بگەیەنێ.

لەناوەندە سیاسییەکانی ناوچەکەو نێودەوڵەتاندا خەریکە ئەو بیرۆکەیە سەر دەردێنێ کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستەبژێرێکی حوکمڕانی وایە کە میانڕەوتر بێ‌و باشتر بتوانێ خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەقامگیریدا بگونجێنێ‌و تەباتر لەگەڵ تێڕوانینی ئاشتییانەو خواستی دراوسێکانیدا ھەڵسوکەوت بکات. ئەمەش بەم مانایە دێت کە ھەرێم پێویستی بە گۆڕانێکی بنیاتنەرە، ھەروەک پێویستی بە پەیوەندییەکی سەقامگیرتر‌و تەباترە لەگەڵ بەغدا‌و دراوسێکاندا.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
ڕیبوار طە مصطفی
د.عیزەدین مستەفا رەسول
فەرەیدون کونجرینی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: Info@snnc.co
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.