وتار
بڕیارە چارەنووسسازەکان‌و کاردانەوە چاوەڕواننەکراوەکان ‌

فەرید ئەسەسەرد

لە سیاسەتدا، ھەوەک لە شەڕیش، بڕیاری چەوت‌و نابەرپرسانە زیانی گەورەو زۆر جار کارەساتی لێدەکەوێتەوە. ھیچ شتێک ناچاری نەکردبووین خۆمان تووشی شەڕێکی دۆڕاو بکەین‌و دەرفەتێکی زۆر بۆ دەرچون لە قەیرانەکە، بە قازانجەوە، لە ئارادا بوو. 

پێش ئەوەی شەڕەکە لە رووی عەسکەرییەوە بدۆڕێنیین، لە ڕووی سیاسییەوە دۆڕاندبوومان، چونکە کۆمەڵی نیودەوڵەتی پشتگیری لێنەکردین. ئەمەش یەکەم زەنگی مەترسی بوو کە دەبوایە دەستەبژێری سیاسی فەرمانڕەوا بەھەند وەری گرتبا.

لە ماستەر نامەیەکدا دەربارەی ھەماھەنگی نێوان نەمسا‌و بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەھەم بۆ ھێنانە دیی ئاشتییەکی سەقامگیر لە ئەوروپای پاش شکستھێنانی ناپلیۆن، ھێنری کسنجەر دەڵێت، (لێھاتوویی دەوڵەتمەدار لەوە دایە کە بتوانێت ھەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ پەیوەندیی نێوان ھێزەکانی گەڵاڵە بکا‌و بە پێی ئەو ھەڵسەنگاندنە کار بۆ بەدیھێنانی ئامانجە خوازراوەکان بکات). خاڵی لاوازی دەستەبژێری سیاسیی کورد سەرەڕای ئەزموونی دەوڵەمەندی لە سیاسەتدا، لەوە دایە کە ئەو ھەڵسەنگاندنە دروستەی نەبووە.

لە بەردەم مایکرۆفۆن‌و کامێراکاندا سیاسەتمەدارێکی ناسراوی ئەو دەستەبژێرە نەڕاندی (ئێمە پێشبینی ئەو کاردانەوە بەھێزەمان نەدەکرد). ئەمەش کڕۆکی مەسەلەکەیە. پێشبینی نەکردنی ئەو کاردانەوەیە، شکستێکی سیاسی - عەسکەریی لێکەوتەوە. داننان بە ھەڵەدا خۆی لە خۆیدا ئازایەتییە. بەڵام ئەم داننانە بەس نییە و کۆتایی مەسەلەکەش نییە، بەڵکو سەرەتایە.

ھەنگاوی یەکەم بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ھەڵەکە، پەی بردنە بەوەی کە ئەو کەسانەی ھیچ تێڕوانینێکی دروستیان بۆ رەوشەکە نەبووە، شیاوی ئەوە نین لە شوێنەکانی ئێستایان بمێننەوە چونکە ئەو کەسانە مەرجەکانی سەرکردایەتیان تێدا نییە، پاش ئەم پەی پێبردنە، ھەنگاوەکانی تر دەست پێدەکەن.

دەستبژێری سیاسیی کورد تا ئێستا ھیچ لێکدانەوەیەکی روونی بۆ ئاکامە خراپەکان نییە. بە ھۆی بیرکردنەوە ‌و ھەڵسەنگاندنی نا دروستی ئەو دەستەبژێرەوە، کوردستان لە ماوەی پێنچ رۆژدا ٢٥ شار و شارۆچکەی لە دەست داو پانتاییەک زەویی گەورەتر لە دەوڵەتێکی وەک لوبنان دۆڕاند. 

لەو پانتاییە ٣٥% ی، لە سنووری پارێزگای ھەولێرەوە تا سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، بە شەڕ و پاشان بە کشانەوەی ھێزەکان لە دەست دراوە، ١٥% ی لە قەرەتەپەوە تا خانەقین، بەبێ  شەڕ و بە پێی رێکەوتنی مەیدانی‌و ٥٠% لە مەخمورەوە بە شێوەیەکی کەوانەیی تا شەنگال، بە بێ شەڕو بە بێ رێککەوتنی مەیدانی.

ئەمە بەم واتایە دێت کە جوگرافیای کارەساتەکە زۆر گەورەیە، بەڵام ئەمە ھەموو زیانەکە نییە چونکە برێکی دیکەی زیان ھەیە کە ئەمجارە، بە بێ شەڕ و بە بێ لەشکرکێشی، لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەر کوردستان دەکەوێت. ئ

ەو دەستە بژێرە سیاسییەی کە ئەم ھەموو زیانەی بە کوردستان گەیاندووە، توانای ئەوەی نییە ئایندەیەکی باشتر بۆ کوردستان دابین بکات. ھەروەک ئەزموونەکە نیشانی داوە، وڵات بەم سیستەمە سیاسییەی ئەمڕۆ کاری پێدەکرێت ‌و بەم سیستمە حزبییەی کە زۆر بەخراپی بەڕێوە دەچێت ‌و بەو سەرکردایەتییەی کە کاروباری گشتی بەڕێوە دەبات، ناتوانێت پێشکەوتن‌و سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ خۆی دابین بکات.

ئەزموونە شکستخواردووەکان ئەزموونی تفت ‌و تاڵن بەڵام بە بێ ئەم ئەزموونە شکستخواردووانە سەرکردەی باش لە سەرکردەی خراپ، بیرکردنەوەی دروست ‌و بیرکردنەوەی چەوت، لێک جیا ناکرێنەوە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.