وتار
وتووێژی هەڵپەسێردراوی هەولێر و بەغدا

فەرید ئەسەسەرد

 هێشتا گرێكوێرەی وتووێژی نێوان هەولێر و بەغدا نەكراوەتەوە. پێش ریفراندۆم، لێدوانە فەرمییەكانی هەرێم جەختیان دەكردە سەر ئەوەی كە هەرێم پاش ریفراندۆم دەست بە وتووێژێكی چڕ لەگەڵ بەغدا دەكات.
پاش پەرەسەندنی فشارەكانی بەغداو زیادبونی ئەگەری شەڕ، كۆبوونەوەی دوكان لە 15ی تشرینی یەكەم لە بەیاننامەكەیدا بەشێوەیەكی شەرمنانە یەكەم پاشگەزبوونەوەی نیشانداو ئامادەیی وتووێژی "لەسەر بنەمای پرنسیپە دەستورییەكان" دەربڕی، بەڵام خاڵی پێنجەمی بەیاننامەكەو لێدوانە توندەكانی كۆنفرەنسە رۆژنامەوانییەكەی پاش كۆبونەوەكە، دەرفەتێكی زۆریان بۆ چارەسەری دوور لە توندوتیژی نەهێشتەوە.
بەغدا هەر لە سەرەتاوە، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، سور بوو لەسەر ئەنجام نەدانی ریفراندۆم‌و دەستپێكردنی وتووێژ لەسەر بنەمای دەستور. پاش ریفراندۆمیش سوور بوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم‌و ئەمەی كرد بە مەرج بۆ دەستپێكردنی وتووێژ.
لەلێدوانەكانی دواتریدا، عەبادی وتی ریفراندۆم بۆتە بەشێك لە رابردوو. ئەم لێدوانە وا لێك درایەوە كە بەغدا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی هەڵگرتووە، بەڵام كەناڵەكانی پەیوەندی ئەم لێكدانەوەیەیان پشت راست نەكردەوە.
لە بەرامبەردا، حكومەتی هەرێم هەنگاوی دووەمی هەڵهێناو لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا ئەنجامەكانی ریفراندۆمی سڕ كردو ئامادەیی بۆ وتووێژ لە چوارچێوەی دەستوردا دەربڕی. بەڵام بەغدا هەر سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم، لەڕاستیدا وتووێژ لە چوارچێوەی دەستووردا هیچ جیاوازیی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم نییە. هەر وتووێژێك لە چوارچێوەی دەستووردا، بەكردەوەو بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم دێت. لەم رووەوە نە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم، پێگەی هەرێم لە وتووێژدا لاوازتر دەكا و نە وتووێژ لە چوارچێوەی دەستوردا پێگەی بەغدا لەوتووێژدا بەهێزتر دەكا. مەسەلەكە لەڕازی كردنی فیزی سیاسی بەولاوە هیچی تر نییە.
دەستەبژێری سیاسیی كوردو شەقامی كوردی هیچ گومانیان لەوەدا نەماوە كە ریفراندۆم شكستی هێناوە و تەنانەت زیانیشی بە بەرژەوەندییەكانی هەرێم گەیاندووە. لە دۆخێكی وادا كەللەڕەقیی پێداگرتن لەسەر ئەنجامەكانی ریفراندۆمێكی شكستخواردوو هیچ پاساوێكی نییەو بەكردەوە هیچ جیاوازیی لە كەللەڕەقیی ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە. ئامانجی ریفراندۆم بەدی هێنانی سەربەخۆیی بوو. ئەم ئامانجەش بەدڵنیاییەوە نەهاتە دی‌و هەر دەبێ‌ لە بەغدا پرۆسەیەكی دایەلۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەست پێ‌ بكات. بێگومان لەسەر مێزی گفتوگۆش، دایەلۆگەكە لەسەر بنەمای دەستور بەڕێوە دەچێ‌ نەك لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی ریفراندۆم.
ئەو بیانووە تەكنیكییەی كە بۆ هەڵنەوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم دەهێنرێتەوە، ئەوەیە كە هیچ لایەنێك دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی نییە چونكە ریفراندۆم گوزارشت لە رای گەل دەكات. بەرپەرچدانەوەی ئەم بیانووە كارێكی قورس نییە. بەیاننامەی حكومەتی هەرێم سەبارەت بەسڕكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆم‌و دەستپێكردنی وتووێژ لەچوارچێوەی دەستووردا، بە ناوەڕۆك وا مامەڵە لەگەڵ ریفراندۆمدا دەكات وەك ئەوەی كە هەر ئەنجام نەدرا بێ‌. كاتێك لە وتووێژدا پشت بەدەستور دەبەسترێ‌، ریفراندۆم لەیارییەكە دەردەچێ‌. هەر لێرەش بیانووە تەكنیكییەكە لەبەر یەك هەڵدەوەشێتەوە، چونكە ئەگەر حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی سڕكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەبێ‌، بەدڵنیاییەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەشی هەیە. جگە لەوە، پەرلەمانیش كە رەوایی بەپرۆسەكە داوەو رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی چەسپاندووە، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بەیاسا ئەم كارە بكا.
بەڵام ئەگەر بەغدا دەستبەرداری مەرجەكەی بوو و بەشێوەیەكی پرەگماتیكییانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ مەسەلەكەدا كرد، دەتوانێ‌ لەگەڵ هەرێمدا بگا بە رێككەوتنێك لە چوارچێوەی دەستوردا، بەتایبەتی كە دانوستانكارانی هەرێم لە بەغدا داوا ناكەن وتووێژ لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی ریفراندۆم بەڕێوە بچێ‌‌و هەروەها لەو روانگەیەوە كە ریفراندۆم هێزی خۆی لەدەستداوەو كەس پشتی پێ‌ نابەستێ‌.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.