وتار
لە پەراوێزی بودجەی ساڵی ٢٠١٨ دا

فەرید ئەسەسەرد

بودجەی ساڵی ٢٠١٨ ی عیراق کە حکومەتی عەبادی دایناوە، یەکەم بودجەیە کە پاش ریفراندۆمەکەی کوردستان دادەندرێ. ھەر وردبونەوەیەک لەو بودجەیە دەری دەخا کە بەغدا ھەموو کارتەکانی لە مستی خۆی کۆکردۆتەوەو بێ منەتییەکی زۆری بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان نیشانداوە. ئەمەش ئەو بۆچونە پشت راست دەکاتە کە پێش ریفراندۆم دەخرایە روو سەبارەت بەوەی کە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەو پەلەپەلییەو بەبێ ئامادەکاریی پێویست، پێگەی ھەرێم لەپاش ریفراندۆم بێھێز دەکا‌و ھیچ کارتێکی بۆ مانۆری سیاسی بەدەستەوە ناھێڵێ. سیاسەتی سەرکێشی‌و لێکدانەوەی چەوت ھەمیشە ئەنجامی خراپی دەبێ، وەک لە کوردستاندا دەیبینین.

بەپێچەوانەی بودجەی ساڵانی رابردووەوە، ھیچ پشکێک بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە. مەسەلەی دیاریکردنی پشکەکە بۆ رێژەی دانیشتوان بەپێی پارێزگاکان ھێڵدراوەتەوە. بەم پێیە، لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان رێژەی ٦/١٢% دیاری کراوە. ھەر لەم بودجەیەدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەی «حکومەتی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان» ناوی ھاتووە کە ئەمەش لەگەڵ دەقی ماددەی ١١٧ی دەستور رێکناکەوێ کە بەناو ناوی «ھەرێمی کوردستان» ی تێیدا ھاتووە.

ھەروەھا بەھەمان پێودانگی بودجەی ساڵانی ٢٠١٥‌و ٢٠١٦ ‌و ٢٠١٧، دیسان ئەو مەرجە دانراوەتەوە کە ئەگەر حکومەتی ھەرێم نەوت رادەستی حکومەتی فیدرال نەکات، مافی وەرگرتنی بودجە لەدەست دەدا. ئەمەش خۆی لەخۆیدا تەگەرەیەکی ترە، چونکە لەمەوبەر حکومەتی ھەرێم‌و حکومەتی فیدراڵ دووجار، ھەم لە ساڵی ٢٠١٤ پێش دانانی بودجەی ساڵی ٢٠١٥‌و ھەم لە ساڵی ٢٠١٥ پێش دانانی بودجەی ساڵی٢٠١٦، لەسەر ئەوە رێک کەوتون کە نەوتی ھەرێم بەرامبەر بە وەرگرتنی بودجە بێ. ھەردوو جاریش حکومەتی ھەرێم رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووەو ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی کە مەسەلەکە بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.

دەبێ حکومەتی ھەرێم بزانێت کە ھەلومەرجی پاش ریفراندۆمە شکستخواردووەکە تەواو جیاوازەو ھەرێم بەرگەی ئەوە ناگرێت کە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم چونکە بەغدا چیتر رازی نابێ ھەرێم بەشێوەی نیمچە دەوڵەت ھەڵسوکەوت بکات.

کاتی ئەوە ھاتووە دان بەوەدا بنرێ کە لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی ھەرێم‌و لەناو حکومەتی ھەرێمدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان‌و وەزیرە ونەکەی، ئەو لایەنە بووە کە تەگەرەی خستۆتە بەردەم گەیشتن بە پێکھێنانی ئەنجومەنی نەوت‌و گازی فیدرال‌و یارمەتیی دەرکردنی یاسای نەوت‌و گازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نەداوە، چونکە لەو سەردەمەدا سەرمەستی پرۆژەی سەربەخۆیی ئابوری بووەو پێی وا بووە لە ساڵی دووەمی پیادەکردنی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوریدا پشکی ١٧%ی بە عیراق وەرگیراو تێدەپەرێنێ، لە قۆناغی یەکەمدا پشکەکە دەگەیەنێتە ٢٥% لە قۆناغی دووەمدا دەیگەیەنێتە سەرووی ٣٠%. ھیچ کام لەم خەمڵاندنانە راست دەرنەچوون‌و لەئاکامدا ھەرێم ١٧%ی پشکی لە عیراق وەرگیراوی لەدەستدا‌و لەسەریشی قەرزار بۆوەو کار گەیشتە رادەی لەدەستدانی توانای دابین کردنی موچەی کارمەندەکانی خۆی.

لەساڵانی رابردوودا فیدرالیزمی پەیڕەوکراو لە ھەرێمی کوردستان، لە ھیچ شوێنێکی جیھان‌و لەھیچ دەوڵەتێکی فیدرالدا نمونەی نەبووە. لەو ماوەیەدا ھەرێم پابەندبونێکی دارایی بەرامبەر بە حکومەتی فیدرال نەبوە. بەپێی ئەو سیستمەی لە عیراقدا پەیڕەو دەکرێ، ھەموو پارێزگاکان بەشێوەو بڕی جیاواز بەشدارن لە دابین کردنی داھات بۆ حکومەتی فیدرال لەوانە بە دابین کردنی داھاتەکانی نەوت، گومرگەکان، کارگە حکومییەکان، باج. لەناویاندا تەنھا ھەرێمی کوردستان بە ھیچ داھاتێک بەشدار نەبوە لە زیادکردنی داھاتی حکومەتی فیدرال. بۆیە، لەم سەروبەندەدا، جەخت کردنی بەغدا لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە لەسەر رادەست کردنی نەوتی ھەرێم بە حکومەتی فیدرال. بەشێکە لە سیاسەتێکی پەیڕەوکراو کە بەپێی دەستور ھەموو ھەرێم‌و پارێزگاکان دەگرێتەوە.

ئەم شێوازەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا کەڵکی نەماوەو پێویستە لەسەر ھەرێم رەفتاری خۆی بگۆڕێ. لەم ھەلومەرجەی ئێستادا گەورەترین دوو تەگەرە لەبەردەم چاک کردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا‌و ھەرێم، نەوت‌و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمە.

لەم رووەوە پێویستە گوتاری سیاسیی ھەرێم سەقامگیر‌و بنیاتنەر بێ. بەڵام ئەوەی کە دەیبینین وا نیە. لەکاتێکدا سەرەک وەزیرانی حکومەتی ھەرێم لە کۆشکی ئەلیزێ لە فەرەنسا لێدوان دەدا‌و دەڵێ ریفراندۆم کۆتایی ھاتووە» ‌و داوای دانوستان «بەپێی دەستور‌و لە چوارچێوەی عیراقێکی یەکگرتوو» دەکات‌و رایدەگەیەنێ کە ھەرێم «رێز» لە بڕیاری دادگای فیدرال دەگرێ کە ریفراندۆمی بە نادەستوری ناو بردووەو ئەنجامەکانیشی ھەڵوەشاندۆتەوە، لەھەمان کاتدا گوتارێکی تر بەرامبەر بەم گوتارە نەرمە فەرمییەی حکومەتی ھەرێم ھەیە کە ریفراندۆم دەکاتە «کاردانەوەیەک» لە دژی ساڵی ١٩٣٧ ی سەعد ئاباد‌و داوا لە ھەرێم دەکا بەناوی خۆڕاگرییەوە ھەڵوێستی توند بنوێنێ‌و بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە ھەرێم لە لاوازییەوە داوای دانوستان ناکا. مەسەلەکە پەیوەندیی بە لاوازی‌و ھێزەوە نیە. مەسەلەکە پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە جگە لە دانوستان ھیچ بژاردەیەکی تر نیە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.