وتار
پارانۆیای کورسیی دەسەڵات

فەرید ئەسەسەرد

کودەتا بێدەنگەکەی سوپای زیمبابۆی لە دژی سەرۆکی وڵات رۆبەرت مۆگابی کە ٣٧ ساڵە کورسیی دەسەڵاتی قۆرخ کردووەو ئامادە نیە واز لە دەسەڵات بێنێ، مشتومڕێکی گەرم‌و گوڕی دەربارەی سایکۆلۆژیای فەرمانڕەوا دەسەڵات پەرستەکان‌و نەخۆشیی پارانۆیای کورسیی دەسەڵات ناوەتەوە. ھەرچەند تاوتوێ کردنی ئەم بابەتە لە ناوەندە کۆمەڵناسی‌و دەرونناسییەکاندا شتێکی تازە نیە، بەڵام ناوبەناو سەرھەڵدانی مۆدێلێکی تازە لەم بارەیەوە، تیشک دەخاتەوە سەر بابەتەکەو پرسیارە کۆنەکان دەوروژێنێتەوە. لەنمونەی مۆگابی دا کە تەمەنی ٩٣ ساڵەو ئامادە نیە بۆ یەک ساڵیش دەست لە دەسەڵات ھەڵگرێ، دەردەکەوێ کە لێپرسراوی دەسەڵات پەرست کەس لە خۆی بەشایستەتر بۆ پۆستەکە نازانێ‌و ھەموان بەبچوکتر لە خۆی دادەنێ. بەشێوەیەکی گشتی، خۆی بە مەزن‌و خاوەن پەیام دەزانێ‌و بەھیچ شێوەیەک دان بەپێداویستییەکانی تەمەندا نانێ. مۆگابی گەیشتبوە ئەو رادەیەی کە لە کۆبونەوەکاندا خەوی لێ دەکەوت. مۆگابی‌و پێشتریش سەرۆکی تونس، حەبیب بورقێبە، پێیان وابوو رابردووی شۆڕشگێڕانەیان ئەو مافەیان دەداتێ بۆ ھەتا ھەتایە لەسەر کورسیی دەسەڵات بمێننەوە. مۆگابی یەکەم سەرۆکی زیمبابۆیەو ژیانی سیاسیی لە ساڵی ١٩٦٢ دەست پێدەکا، لەکاتێکدا بورقێبە تێکۆشەری سەردەمی خەباتە لەدژی داگیرکەرە فەرەنسییەکان، ھەروەھا پاڵەوانی سەربەخۆییشە. لەساڵی ١٩٥٥دا جەماوەری گەلی تونس وەک پاڵەوانی ئەفسانەکان پێشوازییان لە بورقێبە کرد، کەچی لە ساڵی ١٩٨٧دا، دوا بەدوای ٣٠ ساڵ حوکمڕانی، بە کودەتایەکی بێدەنگ‌و بەڕاپۆرتێکی پزیشکی لەکار خرا. بورقێبەش، وەک موگابی، خۆی بە مەزن ‌و رۆشنبیر و خاوەن پەیام دەزانی. مۆگابی‌و بورقێبە ھەموو ساڵانی گەنجێتیی خۆیان بۆ رزگارکردنی نیشتمان لە داگیرکەر تەرخان کردوە، بەڵام نەیانتوانیوە خۆیان لە ھەژمونی کورسیی دەسەڵات رزگار بکەن. یەکەمیان ٣٩%ی تەمەنی لە دەسەڵات بەسەر بردووەو ئەوی تر ٣٠%ی تەمەنی لەسەر کورسیی دەسەڵات بووە. ھەردوکیشیان بە کودەتایەکی بێدەنگ لابراون.

ھەموو ئەوانەی ناتوانن دەستبەرداری دەسەڵات بن، نەخۆشیی خۆبەزلزانین‌و خۆ بەمەزن زانییان ھەیە کە لەدەرونناسیدا پێی دەوترێ میگالۆمانیا. گرفتارانی میگالۆمانیا لەخودی خۆیانەوە سەیری ھەموو شتێک دەکەن‌و بەھا کۆمەڵایەتییەکان ھیچ نرخێکیان لە میتۆدی بیرکردنەوەیاندا نیە. خۆیان بە سەنتەری ھەموو شتێک دادەنێن‌و ئەوانی تر بە پاشکۆو کاڵفام‌و لەھیچ تێنەگەیشتوو. خۆبەزلزانین بەشێکە لە کەسایەتییە پارانۆیاییەکەی ئەم نەخۆشییە کە لایەنێکی جەستەییشی ھەیەو توشی مێشک دەبێ. یەکەم زانا لێی کۆڵیبێتەوە ریچاردفۆن کرافیبینگە، ئەویش لە ساڵی ١٨٧٩.

گرفتار بەھرەکانی خۆی بۆ قەبەکردنی کەسایەتیی خۆی‌و سەلماندنی ژیری‌و شایستەیی خۆی بەشێوەی جیاواز دەردەبڕێ لەوانە بەنوسین‌و خۆنواندن‌و دەنگ ھەڵبڕین‌و لەبەرکردنی جلوبەرگی گرانبەھا‌و لەم رووەوە چێژێکی بێ ئەندازە لەوە وەردەگرێ کەخۆی بە بڕیاردەری یەکەم‌و گەورە زاناو فەیلەسوف‌و داھێنەری مۆدێرنێتەو دروستکەری رۆشنگەری‌و پارێزەری بەھاکان پیشان بدات. گرفتارەکان بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆیان یان بۆ مانەوە لە پۆستەکانیان سڵ لە ھیچ شتێک ناکەنەوە. زۆربەی جاریش، بە وتاری درێژدادڕ توانای خۆیان دەردەخەن‌و بەزۆریش دەستەواژەی بریقەدارو رەوانبێژییەکی درۆزنانە بۆ شاردنەوەی رۆشنبیرییە کاڵەکەیان بەکار دێنن.

گرفتارەکانی پارانۆیا دوژمنی وەھمی بۆ خۆیان دروست دەکەن‌و شەڕی دۆن کیشۆتییانە دەنێنەوە. دنیایەک بۆ خۆیان دادەھێنن کەتێیدا ئەوان ھەمیشە براوەن‌و نەیارەکانیان دۆڕاوو شەرمەزار.

تیۆریی پیلانگێڕان لە میتۆدی بیرکردنەوەی گرفتاری پارانۆیا جێیەکی شیاوی ھەیە. ژیان بەلایەوە لە پیلانگێڕیی نەیاران‌و پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکان بەولاوە ھیچی تر نیە. گرفتار بەقەد ئەوەی کە حەزی لە دەسەڵاتە، خۆپەرستیشە تا ئەو رادەیەی کەھەموو شتێکی بۆ خۆی دەوێ. لەزۆربەی نمونەکاندا گرفتار زۆر بەخۆیەوە دەنازێ. لەم سەروبەندەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێ کەئینریش ھۆفمان، وێنەگری تایبەتی ھتلەر، باسی کردووە کەھتلەر ئەوەندە بەخۆی سەرسام بوو کە رۆژانە داوای لێ کردووە وێنەی بگرێ. ھۆفمان دەڵێ ئەو دەوروبەری دوو ملیۆن وێنەی ھتلەری گرتووە. گرفتاری پارانۆیا کێشەیەکی قووڵی لەگەڵ خودی خۆی یان لەگەڵ رابردووی یان لەگەڵ رەچەڵەکی یان لەگەڵ خێزانی‌و ھەروەھا، بەدڵنیاییەوە، لەگەڵ دەوروبەری خۆی ھەیە، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا دۆخێکی وای بۆ پێکدێنێ کە ھەمیشە ھەست بە گەمارۆدراوی‌و تەنگ پێ ھەڵچنراوی بکات، بۆیە زۆر بەدەگمەن لێبوردەیی دەنوێنێ‌و بەزۆری لەڕەفتاردا توندوتیژ دەبێ‌و بە ھەڵچونەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا دەکات. گرفتاری پارانۆیا ھەمیشە نیگەران‌و ھەستیارەو زۆر لەڕەخنەو بیروڕای جیاواز دەترسێ.

ھەموو ئەوەی لێرە باس کرا، نیشانی دەدا کە گرفتارانی پانۆرایای کورسیی دەسەڵات، نابێ لەسەر کورسیی دەسەڵات بن، بەڵکو دەبێ لە نەخۆشخانە بن، وەک لە نمونەکانی بۆرقێبەو مۆگابی‌و فڵان‌و فیساردا دەردەکەوێ.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.