وتار
لە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانەوە بۆ دایەلۆگی ھەڵپەسێردراو

فەرید ئەسەسەرد

چوارشەممەی رابردوو لە کۆبونەوەی سەرۆکی کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لەگەڵ ھەردوو جێگرەکەی سەرۆکی کۆمار لە کۆشکی سەلام، داوا کرا "دەستبەجێ" دایەلۆگ لە نێوان حکومەتی فیدراڵ ‌و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار و نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێ بکات. پاش کۆبونەوەکەش بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاند کە بڕیارەکانی کۆبونەوەکە جێبەجێ دەکرێن.

سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی ھەرێم تا ئێستا چەندین جار داوای دایەلۆگی لە بەغدا کردووە، بەڵام بەغدا ھێشتا بڕیاری نەداوە دەست بە دایەلۆگ بکات. لەکاتێکدا بەغدا خۆی لە دایەلۆگ دەدزێتەوە، حکومەتی ھەرێم زۆر بە پەلەیە بۆ دەست پێکردنی دایەلۆگ. پەلەکردنی حکومەتی ھەرێم لە دەست پێکردنی دایەلۆگ ھەر بۆ پرۆپاگەندە نییە.

لە راستیدا حکومەتی ھەرێم جگە لە بژاردەی دایەلۆگ لەگەڵ بەغدا ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نەماوە. بەڵام پرسیارەکە ئەو نییە کە حکومەتی ھەرێم چەند بە تەنگ دایەلۆگەوەیە لەگەڵ بەغدا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دایەلۆگی چاوەڕوانکراو تا چ ئەندازەیەک دەشێت سوودی بۆ ھەرێم ھەبێ ‌و رۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا ھەبێ؟

حکومەتی ھەرێم سەرەڕای بەردەوامبونی لەسەر بانگھێشت بۆ دایەلۆگ، پێناچێ ھیچ ئەجندایەکی روونی بۆ دایەلۆگی سەر مێزی وتووێژ ھەبێ. لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم شتێکی وایان لێ ھەڵناکڕێندرێ، بەڵگەی تێڕوانینێکی رۆشن بێ بۆ پرۆسەی وتووێژ. سەرەڕای ناڕۆشنیی لێدوانەکان، لانی کەم دەتوانرێ چوار بۆچونیان لێ ھەڵ بکڕێندرێ.

یەکەم، ئەوەیە کە حکومەتی ھەرێم خوێندنەوەی خۆی بۆ دەقەکانی دەستوور ھەیە کە بە دڵنیاییەوە جیاوازە لە خوێندنەوەی حکومەتی فیدراڵ. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە شاندنی دانوستانکاری ھەرێم لە بەغدا ھەر سەرقاڵی رونکردنەوەی تێگەیشتنی خۆی دەبێ سەبارەت بە دەقەکانی دەستوور.

لێرە کێشەکە لەوە دایە کە بوونی خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقەکانی دەستوور، تەگەرە لە گەیشتن بە رێککەوتن دەداو رەنگە بشبێ بە مایەی نەگەیشتن بە ھیچ رێککەوتنێک. ئەمەش زۆرتر لە قازانجی بەغدایە کە ئێستا پەلەی دایەلۆگی نییە و بە دڵنیاییەوە لەسەر مێزی گفتوگۆش پەلەی رێککەوتنی نابێ.

دووەم، ئامادەیی بۆ وتووێژ "لە چوار چێوەی دەستووردا" خاڵێکی باش ‌و کۆکەرەوەیە بەڵام ئەم باشییە بە بوونی لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەستوور ھیچ بەھایەکی نامێنێ ‌و دەپووکێتەوە، لە ھەمان کاتدا کارێکی وا دەکات دەستوور وەک دیکۆمێنتێکی کۆکەرەوە نەمێنێتەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دانوستانەکە بنکۆڵ دەکا و زەمینەکەی دەڕوخێنێ.

سێیەم، حکومەتی ھەرێم پێی باشە وتووێژەکە لە بەردەم لایەنی سێیەم بەڕێوە بچێ و لەم سەروبەندەدا پێی خۆشە لایەنی سێیەم کۆمیسیۆنی یونامیی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ.

زۆربەی جار داواکردنی لایەنی سێیەم لە دانوستاندا بۆ دوو ھۆ دەگەڕێتەوە. یەکێکیان نەبوونی متمانەیە لەنێوان لایەنە دانوستانکارەکان، بۆیە لایەنێک یاخود ھەردووکیان بوونی لایەنی سێیەمیان پێ باش دەبێ. دووەمیان، دەستەبەرکردنی بەجێھێنانی ئەو رێککەوتنەیە کە لایەنە دانوستانکارەکان پێی دەگەن.

لە وتووێژی داھاتوودا داواکانی بەغدا لەداواکانی ھەرێم زۆرترن. ھەرێم ئەو لایەنەیە کە "دەیبەخشێ"، لەکاتێکدا بەغدا ئەو لایەنەیە کە "وەردەگرێ". بۆیە تای تەرازووەکە زۆرتر بەلای بەغدادا دادەشکێ نەک بەلای ھەرێمدا و بە ھۆی ئەمەوە بوونی لایەنی سێیەم وەک لایەنێک کە دەستەبەری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات، ئەوەندەی کە لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵ دایە، ئەوەندە لە بەرژەوەندیی حکومەتی ھەرێمدا نییە و لەم سۆنگەیەوە حکومەتی فیدراڵ ئەو لایەنە نابێ کە خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بدزێتەوە.

چوارەم، ھێشتا حکومەتی ھەرێم خۆی لە دەربڕینی ھەڵوێستێکی روون و یەکلاکەرەوە بەرامبەر بە ئەنجامەکانی ریفراندۆم دەدزێتەوە. ئەگەر بەغدا بە ھۆی فشارەوە، نەرمی بنوێنێ و لە قۆناغی پێش وتووێژ واز لە داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم بێنێ، بە دڵنیاییەوە ھەمان نەرمی لەسەر مێزی وتووێژ نانوێنێ‌و لەوێ ھەر داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەکات‌و ئەمەش دەکاتە مەرجی بەردەوامبونی وتووێژەکە. بۆ حکومەتی ھەرێم مەسەلەکە مەسەلەی کاتە. ئایا ئێستا، پێش دەستپێکردنی وتووێژ، بۆ حکومەتی ھەرێم گونجاوترە، ریفراندۆم ھەڵوەشێنێتەوە یاخود پاش دەستپێکردنی دایەلۆگ، لەسەر مێزی وتووێژ، ھەڵبوەشێنێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەوەستێتە سەر میتۆدی بیرکردنەوەی حکومەتی ھەرێم، لەکاتێکدا کە ھەردوو رێگا ھەر بەرەو ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی دەبەن.

ئاڵۆزترین فایلەکانی سەر مێزی وتووێژ لەبەغدا، فایلی نەوتە. ئاڵۆزییەکە لەوە دایە کە بەبێ یەکلاکردنەوەی ئەم فایلە، گەیشتن بەسازان سەبارەت بەرێککەوتنێکی گشتگیرو سەقامگیر زۆر ئەستەمە. جگە لەوەی کە ئەم فایلە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆز و تێکچڕژاوە. بەشێکی دیکەی ئاڵۆزییەکە پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە نە حکومەتی ھەرێم تێڕوانینێکی رونی بۆ شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم فایلە ھەیە، نە حکومەتی فیدراڵ تێڕوانینێکی رونی بۆ چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ئەم فایلە ھەیە، بە تایبەتی کە ئەم فایلە ھەم تێکەڵ بە مەسەلەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەتی ھەرێم بووە، ھەم بە ھۆی گرێبەستە واژۆکراوەکانی حکومەتی ھەرێم‌و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتەوە ئاڵۆسکاوتر بووە.

بە ھەر حاڵ، وەک پێشتر وترا، جگە لە دایەلۆگ، حکومەتی ھەرێم ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نییە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.