وتار
خۆپیشاندان وەک ماف ‌و وەک رەفتار

فەرید ئەسەسەرد

لەھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەک لەگەڵ مافی خۆپیشاندان نییە. ئەم مافە یاسا سەلماندویەتی ‌و رێکی خستووە. لە کاتی گفتوگۆکانی ناو پەرلەمان سەبارەت بە شێوەی رێکخستنی مافی خۆپیشاندان دوو بۆ چوون ھاتە ئاراوە، یەکێکیان جەختی کردە سەر پێویستیی پێدانی مۆڵەت بۆ داواکارانی خۆپیشاندان ‌و ئەوی تر پێی وابوو خۆپیشاندان پێویستی بە مۆڵەت نییە و تەنھا ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەسە. لە کۆتاییدا لایەنگرانی مۆڵەت بردییانەوە، ھەرچەند نەھێشتنی مۆڵەت دیموکراتیترە و بەڵگەی متمانەشە بە نیاز و مەرامی خۆپیشاندەران.

لە راستیدا خۆپیشاندان مافێکی رەسەنی مرۆڤە و بە بەشێکی ئازادیی رادەربڕین دەژمێردرێ چونکە خۆپیشاندەران لە رێی خۆپیشاندانەوە گوزارشت لە راو بۆچوونی خۆیان دەکەن ‌و پەیامی خۆیان دەگەیەنن بە دەسەڵات. خۆپیشاندانەکانی ھەفتەی رابردووی کوردستانیش پەیامی خۆیان گەیاند بە دەسەڵات، پەیامەکەش پەیامی ناڕەزایی بوو. بە کردەوە، مافی خۆپیشاندان بە مانای مافی ناڕەزایی دەربڕین دێ‌و ھەوڵێکیشە بۆ ناردنی پەیام. جاڕنامەی جیھانیی مافی مرۆڤ ناوی مافی خۆپیشاندان ناھێنێ، بەڵام ئەم مافە بە چەردەیەک مافی ترەوە دەبەستێتەوە وەک مافی ئازادیی رادەربڕین ‌و لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەم مافە تەنھا ئازادیی رادەربڕینی ئاشتییانە دەگرێتەوە. بۆیە لە ماددەی ٢٠ دا ھاتووە کە "ھەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی ھەیە بەشداری لەگردبوونەوە و گروپی ئاشتییانەدا بکات". بە ھەمان پێودانگ، ماددەی ٢١ی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی ‌و سیاسییەکان جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە "مافی گردبونەوەی ئاشتییانە مافێکی دانپێدانراوە".

کاتێک خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی ئاشتییانە ناڕەزایی دەردەبڕن ‌و ھیچ زیانێک بە موڵکی گشتی و تایبەت ناگەیەنن، یاسای لۆکال ‌و یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی لە مافی ئازادیی رادەربڕین دەکەن. مافی خۆپیشاندان وەک مافی ئازادیی رادەربڕین مافێکی رەھا نییە. بەکارھێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکان دژی بارەگاکان ‌و موڵکی گشتی ‌و تایبەت، زێدەڕۆییەکی زاڵمانەیە لە بەکارھێنانی ماف ‌و زیانی گەورە لەخزمەتگوزاری ‌و دامەزراوە گشتییەکان دەدا. سوتاندنی بارەگای حزبی ‌و شارەوانی ‌و وێستگەکانی ئاو و کارەباو ترافیک کە ھەر ھەمووی بارەگای مەدەنین، مۆرکی مەدەنیبوون لە خۆپیشاندان دادەماڵێ. ھیچ میکانیزمێک نییە مافێکی رەھا بۆ جۆری ھەڵسوکەوت بە خۆپیشاندەران ببەخشێ. مافی خۆپیشاندان بەندە بە پابەندبونی خۆپیشاندەران بە چوارچێوەی ئاشتییانەی رەفتار. کاتێک ئەم چوارچێوەیە دەشکێ ‌و ئازادیی رادەربڕین لەسنووری خۆی دەترازێ و ھانا بۆ توندوتیژی دەبرێ، گردبونەوەکە لە خۆپیشاندانەوە دەبێتە گێرەشێوێنی. ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە خولی ٢١دا مافی گردبوونەوەی ئاشتییانەی سەلماندووە. یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ھیچ دەقێکدا پشتگیریی خۆپیشاندانی توندوتیژیان نەکردووە، بەڵام ھەمیشە داکۆکییان لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە کردوە. گێرەشێوێنی شێوەیەکە لە شێوەکانی پشێوییە مەدەنییەکان کەتێیدا ھانا بۆ پەلاماردان‌و سوتاندن ‌و تێکدانی موڵکی گشتی‌و تایبەت دەدرێ.

دیاردەی تێکدانی موڵکی گشتی ‌و سوتاندنی بیناو بارەگا حزبییە مەدەنییەکان دیاردەیەکی تازەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا و زۆرتر بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. رەفتارەکانی ئەم دیاردەیە بە شێوەی تاڵان ‌و سوتاندن ‌و دزی ‌و تێکدان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆجییە چونکە تەشەنە سەندنی ئەم دیاردەیە لەم دواییەدا، بەڵگەی ئەوەیە کە کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی ‌و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە تەنگانە دان. بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٩٩١و ساڵانی شەڕی ناوخۆ، دیاردەی سوتاندنی بارەگا حزبی ‌و حکومییەکان لە ماوەی ٧ ساڵی رابردوو زۆرترە.

لەساڵی ١٩٩١دا ھیچ بارەگایەکی حزبی بەعس و ئەمن و حکومەت لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک نەسوتێنراوە. بە درێژایی ٤ ساڵی شەڕی ناوخۆش دیاردەی سوتاندنی بارەگاکان زۆر دەگمەن بوو. لە کەرکوکیش لە ساڵی ٢٠٠٣، کاتێک ھێزی پێشمەرگە چووە ناو کەرکوک، ھیچ بارەگایەکی حزبی و حکومی نەسوتێنرا.

ئەمە بەم مانایە دێ کە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵی کوردەواریدا لەم ساڵانەی دوایی، ئاماژەیەکی رونە بۆ کەموکوڕییەکی گەورە کە بە شێوەیەکی تایبەت ستراکچەری کۆمەڵایەتیی گرتۆتەوەو ئەگەر ئەم کەموکوڕییە زوو چارەسەر نەکرێ، ئاکامی خراپتری لێ دەکەوێتەوەو وڵات بەرەو پاشاگەردانی دەبات چونکە رەھایی ماف یەکسانە بە رەھایی پاشاگەردانی، بە تایبەتی لەو روانگەیەوە کە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان ئەو کۆمەڵگایانەن کە مافیان لە چوارچێوەیەکی شارستانی ‌و مەدەنیدا رێکخستووە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.