وتار
گێژاوی ھەڵبژاردن

فەرید ئەسەسەرد

پێشبینی نەدەکرا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەو تەنگژە گەورەیەی لێ بکەوێتەوە. گەورەترین کێشە ئەوەیە کە خودی ئەنجومەنی نوێنەران لەبری ئەوەی کە ببێ بە بەشێک لە چارەسەر، بۆتە بەشێک لە کێشەکە. گومانێکی زۆر لە یاساییبونی ھەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە. ئەم ھەنگاوانە ئەنجومەنی نوێنەران دەرگای ھەموو ئەگەرە خراپەکانی بەکراوەیی ھێشتۆتەوەو بڕیاری وای دەرکردووە کە ھیچ ئومێدێکیان بە گەیشتن بە چارەسەر نەھێشتۆتەوە.

ئەگەر ئامانجی لایەنە ناڕازییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە راگەیەندراوەکانی ھەڵبژاردن و دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن بێ، ئەوا ئەم ئامانجە مەحاڵە بێتە دی ‌و ئەگەر سوریش بن لەسەر ئەم ئامانجە، ھیچ گومان لەوە نامێنێ کە ھەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە دوایین ھەڵبژاردن لە مێژوی عیراقدا.

ھەنگاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەڕووی یاسایی‌و دەستورییەوە مایەی گومانن، کێشەکەیان پێ چارەسەر ناکرێ و ئاڵۆزییەکی زۆرتر لەسەر ئاستی عیراق دروست دەکەن، چونکە ئەم ھەنگاوانە مایەی ھەڕەشەن بۆ سەر سیستمی دەستوری ‌و یاسایی دەەوڵەت و بەکردەوە بونەتە مایەی ئیفلیجبونی دەوڵەت.

ھەر لەو ماوەیەدا تورکیا دوو ھەنگاوی ناوە کە ھەردووکیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی عیراقدا ناگونجین. یەکەمیان، گرتنەوەی ئاوی روباری دیجلەیە بۆ پڕکردنی بەنداوی ئەلیسۆ ‌و دووەمیان، ناردنی ھێزە بۆ ناو خاکی عیراق بە بیانوی ھێرش کردنە سەر پەکەکە ‌و نەشاردنەوەی نیازی ھێرش کردنە سەر قەندیل‌و مەخمور‌و شنگال. لەھەردوو نمونەدا حکومەتی عیراق ھیچ ھەڵوێستێکی تۆکمەی دەرنەبڕیوە. ھۆکەش بۆ ئەو تەنگژە ناوخۆییە دەگەڕێتەوە کە ئێستا بەھۆی ھەڵبژاردنەوە لەئارا دایە.

تا تەنگژەی ھەڵبژاردن چارەسەر نەکرێ، ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێ ھیچ رۆڵێکی ئەکتیڤ بگێڕێ ‌و حکومەتیش ھەر وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوەو ھیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی نابێ. لە دۆخێکی وادا کۆمەڵگە تەنگی پێ ھەڵدەچنرێ و ناچار دەبێ لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایی و دەستورییە ھەڵپەسێردراوەکان بە دوای چارەسەردا بگەڕێ.

لەدۆخی ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی راستەوخۆ و حکومەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، فشارێکی زۆریان لەسەر کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دروست کردووەو ھەر یەکەیان بەشێوەیەک تەنگی پێ ھەڵدەچنن، لەکاتێکدا کێشەکە لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نییە، بەڵکو کێشەکە لەو یاسایانە دایە کە حکومەت وەک پرۆژە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ناردووەو ئەنجومەنی نوێنەران دەری کردون. ئێستا ھەردولا کۆمیسیون- بە کەموکوڕی تۆمەتبار دەکەن، لەکاتێکدا کە کەموکورییەکە لە خودی یاساکان دایە، نەک لە کۆمیسیۆندا.

سەرەڕای ھەموو شتێک، ئەم دۆخە نالەبارە پێویستی بە دۆزینەوەی دەریچەیەکە بۆ رێگرتن لە ھەرەسی تەواو، چونکە ئەگەر ئەم دۆخە لەوە زیاتر بەردەوام بێ، سەرۆکایەتیی کۆمار ‌و حکومەتی عەبادی ‌و ئەنجومەنی نوێنەران ماوەی یاسایی خۆیان تەواو دەکەن ‌و وڵات پێ دەنێتە قۆناغی بۆشایی دەستورییەوە کە تێیدا ھیچ دامەزراوەیەک شەرعیەتی نامێنێ‌و ھیچ بڕیارێکیش پشت ئەستور نابێ بە یاسا‌و دەستور.

بەدڵنیاییەوە، ھێزە بنچینەییەکان ھەست بەم مەترسییە دەکەن. ئەمەش ھانیان دەدا دەریچەیەکی گونجا و بۆ دۆخەکە بدۆزنەوەو سازانێک لەسەر ئاستێکی دیاریکراو بۆ تێپەڕین بەناو مینە چێنراوەکان دا وەدی بێنن و بتوانن سەقامگیریی پێویست دەستەبەر بکەن.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.