وتار
بەسرە لە خۆپیشاندانەوە بۆ کردنەوەی دەرگای گۆڕانکاری

فەرید ئەسەسەرد

بزوتنەوەی ناڕەزایی بەسرە پەیامی خۆی گەیاندە بەغدا‌و ھەموو عیراقی ھەژاند. ھەرچەند بزوتنەوەکە زێدەڕۆیی لە توندوتیژی کردووە، بەڵام رەوشەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە ئەستەمە بزوتنەوەکە تەنھا وەک جموجوڵێکی توندوتیژ‌و ناڕازی بۆ دەربڕینی بێزاری لە ئاستی خراپی خزمەتگوزارییەکان بمێنێتەوە. ئەوەی زۆرتر رێی تێدەچێ ئەوەیە کە رووداوەکانی بەسرە لێکەوتەو ئاکامی قووڵ بە دوای خۆیاندا بێنن‌و رێ بۆ گۆڕانکاری خۆش بکەن.

دیارە یەکەم‌و کاریگەرترین لێکەوتەی خۆپیشاندانەکان، ریسواکردنی خودی عەبادی‌و ئاشکراکردنی بودەڵەیی حکومەتەکەیەتی. عەبادی بەرپرسی یەکەمە لەگەیشتنی رەوشی بەسرە بەو ئاستە خراپەی کە بۆتە مایەی ھەڵایسانی خۆپیشاندانی توندوتیژ. ھۆی سەرەکیی ھەڵایسانی خۆپیشاندانەکان، شکستی عەبادییە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی. پاش سەندنەوەی موسل‌و تێکشکاندنی داعش، عەبادی وەک سەرکردەیەکی سەرکەوتوو و براوەی جەنگ خۆی نیشاندا‌و بە شێنەیی‌و بەوپەڕی متمانەوە خۆی بۆ خولی دووەمی سەرەک وەزیرانی ئامادە کرد. بەڵام لەمەیدانی بنیاتنان‌و خزمەتگوزاریدا ھیچی پێشکەش بە ھاووڵاتییەکانی نەکرد. ئەمەش نەیارەکانی ھاندا خۆپیشاندانەکانی بەسرە بۆ سەلماندنی شکستی عەبادی بقۆزنەوە. ھادی عامری ھەلەکەی لەدەست نەدا‌و داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبادیی کرد. دوای ئەو، قەیس خەزعەلی سکرتێری عەسائیبی ئەھلی ھەق وتی: پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەبادی گەیشتووە بە بنبەست. ئەویش داوای لێ کرد دەست لەکار بکێشیتەوە. بەڵام لەھەمووی ناخۆشتر بۆ عەبادی ئەوەیە کە موقتەدا سەدریش داویەتیە پاڵ ئەوانەی کە داوای دەست لەکار کێشانەوەیان لێ کردووە.

بەپێی ئەم پێشھاتانە، دەردەکەوێ کە عەبادی چانسی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرەک وەزیران لەجاران کەمتر بووە، بە ڕادەیەک کە پێناچێ دۆستە ئەمریکییەکانیشی وەکو جاران پێداگری لەسەر ئەوە ناکەن کە پۆستی سەرەک وەزیرانی وەرگرێتەوە. لەگەڵ کەمبونەوەی چانسی عەبادی، ھیچ سەرکردەیەکی دیکەی حزبی دەعوە چانسێکی بەھێزتری بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرەک وەزیران نابێ. ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێشھاتێکی گرنگە کە عیراق ھیۆرتر دەکاتەوەو دەیگوازێتەوە بۆ قۆناغی پوکانەوەی دەسەڵاتی حزبی دەعوە.

لەلایەکی ترەوە، رەنگە خۆپیشاندانەکانی بەسرە گۆڕ‌و تینێکی زۆرتر بە پرۆژەی ھەرێمی بەسرە ببەخشن، بەتایبەتی کە لەم ھەلومەرجەی ئێستادا ھاووڵاتیانی بەسرە ئامادەترن بۆ پەسندکردنی پرۆژەی پێکھێنانی ھەرێمی بەسرە. ئەگەر بەسرە بەرەو پێکھێنانی ھەرێم ھەنگاو بنێ، دەرگای بەھەرێمکردنی پارێزگاکانی تر دەکرێتەوەو دور نییە لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا چەند پارێزگایەکی شیعی، ھەروەھا سوننی، ھەرێم پێک بھێنن.

بزوتنەوەی ناڕەزایی بەسرە فاکتەرێکی کارای دەبێ لە ھاندانی بەسرە بۆ بەدەستھێنانەوەی رۆڵی پێشڕەوایەتی وەک گەورەترین سێیەم شاری عیراق‌و وەک بەرھەمھێنەری نەوت‌و پایتەختی ئابوریی عیراق. دەستەبژێری سیاسی‌و رۆشنبیری بەسرە دەتوانێ پێگەیەکی سیاسیی گەورەتر بۆ بەسرە لە سیاسەتی عیراقدا دابین بکات.

بەدڵنیاییەوە بەسرەی پاش خۆپیشاندانەکان بەسرەیەکی تەواو جیاواز دەبێ‌و ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێ کە وەک یاریکەرێکی کاراتر‌و دینامیکیتر ھەڵسوکەوت بکات. بەسرە لەناو شارەکانی باشوردا لێی دەوەشێتەوە ببێ بە سەنتەری جەمسەرێکی کاریگەریی عیراق، بەتایبەتی کە بەسرە لەھەموو شارەکانی دیکەی باشوری عیراق سکولارترەو لەھەمویان زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگاکانی کەنداو تێکھەڵکێشترەو بەپێچەوانەی ھەموو شارەکانی عیراقەوە کەلتورێکی کیشوەری-دەریایی ھەیە.

بەسرە ھەمیشە لە عیراق جیاواز بووە. ھەر لەوێش خوێندنگە فەلسەفییەکانی موعتەزیلەو ئیخوانی سەفا پەیدا بوون کە تێڕوانینێکی ژیرانەیان بۆ دەقە پیرۆزەکان ھەبوە. بەسرە تەنانەت لە رێزمانی عەرەبیش خوێندنگەی تایبەتی خۆی ھەبوەو لەم بوارەدا ھەمیشە لە کێبڕکێ دا بووە لەگەڵ خوێندنگەی کوفە.

لەسەردەمی عوسمانییەکانیش تایبەتمەندیی خۆی ھەبوەو سەر بە بەغدا نەبوە، تەنانەت لە سەدەی ھەژدەھەمدا بازرگانیی لەگەڵ بریتانیا و فەرەنسا و ھۆلاندا ھەبوە. بەسرە لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقدا، کاندیدی بۆ پاشایەتیی عیراق ھەبوو کە تالیب نەقیبە، بەڵام ئینگلیزەکان رەتیان کردەوە چونکە کاندیدێکی لاواز‌و دەستەمۆ گوێڕایەڵیان دەویست. بۆیە لە عیراق دوریان خستەوەو تەنھا لە ساڵی ١٩٢٥ دا رێیان پێ بدا بگەڕێتەوە.

ئەم پێشینەیە بەسرە بۆ رۆڵێکی گەورە لە ئایندەی نزیکدا ئامادە دەکا. بەدڵنیاییەوە بەسرە شایستەی ئەو رۆڵەیە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.