وتار
رەھەندەکانی پەرەپێدان‌و خزمەتگوزاری لە دروشمەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردندا

فەرید ئەسەسەرد

ھاوکات لەگەڵ بانگەشەی ھەڵبژاردندا، روپێوێکی دیمۆگرافیی گرنگ لە ھەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە کە بەھاوکاریی وەزارەتی پلان دانانی ھەرێمی کوردستان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ ‌و سندوقی دانیشتوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دراوە. مایەی تێڕامانە کە ئەنجامەکانی روپێوەکە تا ئەندازەیەکی زۆر ھاوجوتن لەگەڵ ناوەڕۆکی دروشمە سەرەکییەکەی بانگەشە ھەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە زۆرتر جەخت دەکاتە سەر سێ چەمکەکەی ئارامی، ھەلی کار‌و خزمەت، بەکردەوە، کابینەی داھاتوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێ داتاکانی روپێوەکە بکاتە نەخشە رێگایەک بۆ سیاسەتی پەرەپێدانی چوار ساڵی داھاتوو.

ئەنجامە بڵاوکراوەکان تا رادەیەکی زر ئومێد بەخشن، بەرەچاوکردنی ئەوەی کە رەوشەکە پێویستی بە کارکردنێکی زۆرترە بۆ سەقامگیرکردنی ناوەڕۆکی ئومێد بەخشییەکە و ھەروەھا بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە رەوشەکە پێویستی بە گۆڕینی تەواوی سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانە، ھەروەک پێویستی بە ستراتیجێکی تازەیە بۆ رایی کردنی پرسەکانی خزمەتگوزاری و رێکخستنی کۆمەڵایەتی و چاککردنی بارودۆخی ھێزە کارکەرەکان. گرنگترین خاڵی ئەنجامە راگەیەندراوەکان نیشانی دەدا کە چینی ناوەڕاست لە ھەرێمی کوردستان توانای ھەڵسانەوەی ھەیە ئەگەر حکومەت بتوانێ ستراتیجێکی باشتر پیادە بکات و بە فێڕۆدانی داھاتی گشتی کەم بکاتەوەو بنەمایەکی باش بۆ ئابورییەکی سەقامگیری بەرھەمھێن-خزمەتگوزار دابمەزرێنێ.

بەپێی ئەنجامە راگەیەندراوەکان ھێزێکی کاری بەتوانا ھەیە، بەڵام ئەم توانایە لەبەر کەموکوڕیی سیستمی پەیڕەوکراو سودی لێ وەرنەگیراوەو بەگەڕ نەخراوە. بەھۆی ئەمەوە رێژەی بێکاری لەنێوان لاواندا بە بەرزی ماوەتەوە. ئامانجەکان نیشانی دەدەن کە زیاتر لە سەدا ٤٠ی دانیشتوانی ھەرێم لەوانەی کە تەمەنیان کەوتۆتە نێوان ١٥ی ٦٤ ساڵ بەشێکی چالاکی ھێزی کار پێکدێنن، لەوانە نیوەیان لە کەرتی گشتیدا کار دەکەن.بەڵام لەھەمان کاتدا ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نزیکەی ٢٠%ی لاوان لەوانەی کە تەمەنیان کەوتۆتە نێوان ١٨-٣٤ ساڵ ھیوای چنگ کەوتنی کاریان لەدەستداوە. ئەم رێژەیەش رێژەیەکی گەورەیە و پێویستی بە چارەسەری خێرایە.

ھەروەھا ئەنجامەکان دەریانخستووە کە داھاتی مانگانەی ٨٧%ی خێزانەکان لە ٨٥٠ دۆلار کەمترە. ئەمەش بەم مانایە دێت کە یەکێ لە گرنگترین ئەرکەکانی کابینەی داھاتوو ، کارکردنە بۆ بەرزکردنەوەی ئەو داھاتە لەساڵی یەکەمیدا بۆ لانی کەم ١٢٠٠ دۆلار‌و لەساڵی دووەمیدا بۆ ٢٠٠٠ دۆلار، کە ئەمەش بەپلانی رێکوپێک ‌و جێبەجێ کردنی چاکسازیی ریشەیی‌و پشتگیری کردنی ئابوریی پیشەسازی، کارێکی قورس نابێ.

ھەروەھا ئەنجامەکان نیشانیان داوە کە نێونجی قەوارەی خێزان لە ھەرێم پێنج کەسە. دەشێ ئەم نێونجە بە بەراورد لەگەڵ توانای ئابوریی ھەرێم‌و بەرزیی پێداویستییەکانی ژیانی مۆدێرن، پێویستی بە کەمکردنەوە بێ بۆ چوار کەس. بۆیە لە قۆناغی داھاتوودا ئەرکە لەسەر حکومەت کە ھانا بۆ میکانیزمە ھەمەجۆرەکانی ھۆشیارکردنەوە با بۆ رونکردنەوەی تێڕوانینی خۆی لەم بارەیەوە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەشێکی گرنگی سیاسەتی رێکخستنی کۆمەڵایەتی دەبێ. بەپێی ئەنجامە راگەیەندراوەکان زۆبەی خێزانەکانی ھەرێم خانوی خۆیان ھەیەو گوزەرانێکی گونجاویان ھەیەو لەماڵەکانیاندا ئامێرە پێویستەکان‌و ئاوی پاک بۆ خواردنەوەو کارەبایان ھەیە.

بەڵام لەدەرەوەی ئەنجامە راگەیەندراوەکان، ئەمە بەس نیە بۆ ھەڵسەنگاندنی گوزەرانی خێزانەکان. بەکردەوە ، پێویستە لەسەر حکومەت پلانێکی ستراتیجیی بۆ کەمکردنەوەی ھەژاری لە قۆناغی یەکەمدا‌و بۆ نەھێشتنی ھەژاری لە قۆناغی دووەمدا دابنێ ‌و ئاستی گوزەرانی خێزانە کەمدەرامەتەکان بەرز بکاتەوە.

دروشمی»ئارامی، ھەلی کار، خزمەت» کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بانگەشەیەی ھەڵبژاردن بەرزی کردۆتەوە، زۆرتر لەگەڵ چەمکی پەرەپێدانی بەردەوامدا دەسازێ و لە خەم‌و ئارەزووەکانی ھاووڵاتیانەوە نزیکترە. پەیامی دروشمەکەی بانگەشەی یەکێتی ئەوەیە کە سەروەری و سەربڵندیی نیشتمان بە زۆریی ژمارەی سەرباز‌و تفەنگ و تانک یێوانە ناکرێ، بەڵکو بەزۆریی ژمارەی ھاووڵاتیانی بەختەوەر‌و کارکەر‌و بەرھەمێن‌و داھێنەر پێوانە دەکرێ، چونکە لەگەڵ بوونی بوونی ھەژاری و بێکاریدا، لەگەڵ بوونی برسێتی ‌و کەمدەرامەتیدا، نیشتمان ھیچ مانایەکی نامێنێ. نیشتمان بە سەروەری و کارکردن ‌و بەرھەم ھێنان و خۆشگوزەرانییەوە نیشتمانە، نەک بە ھەر شتێکی تر.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.