وتار
کەیسی خاشقچی لەنێوان تورکیا و سعودیەدا

فەرید ئەسەسەرد

شاراوە نییە کە کەیسی خاشقچی بۆتە بەشێک لە کێبڕکێی نێوان تورکیا و سعودیە لەسەر رابەریەتی کردنی جیھانی ئیسلامی سوننی. تورکیا پشت بە رابردووی عوسمانییانەی و سعودیە پشت بەست بە جوگرافیای سەرھەڵدانی ئیسلام و دوو شوێنە پیرۆزەکەی ئیسلام لە مەککە و مەدەینە. ھەردووکیان لە پێشبرکێدان لەسەر رابەرایەتی کردنی جیھانی ئیسلامی سوننی. لەم سەرو بەندەدا کەیسی خاشقچی تێکەڵ بەم پێشبڕکێیە بووەو لێی جیاناکرێتەوە.

لە ڕاستیشدا ئەگەر تورکیا نەبوایە ، کەیسی خاشقچی ھیچ دوراییەکی نێودەوڵەتیی وەرنەدەگرت و وەکو زۆر کەیسی تر بەئاسانی تێدەپەڕی و ھەڵای لەسەر دروست نەدەبوو. بەکردەوە ، لاوازترین بەشی پلانی سعودییەکان بۆ کوشتنی خاشقچی لە ئیستانبوڵ، پەیوەندی بەوەوە ھەیە، کە ھیچ حسابێکیان بۆ تورکیا نەکردبوو.

لانی کەم بۆ ماوەی دوو ھەفتە ، سعودیە بەھۆی لێدوانی کاربەدەستانی تورک و دزەکردنی ھەواڵەکانی تاوانەکە بۆ میدیاکانی تورکیا، سەریان لێ شێوا و جگە لە نکوڵی کردن و بەرگری لە خۆکردن، ھیچی تریان بۆ نەمایەوە. لە تورکیا ئەردۆغان یارییەکەی زۆر بەرێکوپێکی ھەڵسوڕاند و تەنگی بە سعودییەکان ھەڵچنی، لەو لاشەوە ناوبانگێکی جوانی بۆ خۆی و وڵاتەکەی وەک پارێزەری مافی مرۆڤ و پشتیوانی ئازادی رۆژنامەوانی دروست کرد.

بەڵام پاش داننانی سعودیە بە کوژرانی خاشقچی، ھاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا ھات، ئێستا سعودیە ، تاڕادەیەکی زۆر، دەستپێشخەری بەدەستھێناوەتەوەو خەریکی شانۆگەریی لێپێچینەوە لە تیوەگلاوەکانی کەیسەکە باش بەڕێوە دەبات. لەبەرامبەردا، ھەڵوێستی تورکیا خاوبۆتەوەو تەمومژی لەسەر نیشتووە. لە دوایین وتاری ئەردۆغان لە پەرلەمان ، ھەڵوێستی تورکیا پێی نایە قۆناغی سڕبونەوە، وتارەکە ھیچ شتێکی تازەی تێدا نەبوو.

ناوەڕۆکی وتارەکە ئەو پرسیارەی وروژاند، کە بۆچی سەرۆک ئەو قسانە دەڵێتەوە کەھەموومان دەیزانین؟ خودی وتارەکە گومانی لەسەر زانیارییەکانی تورکیا دروست کرد. ئەگەر تورکەکان زانیاریی نەوتراویان لایە، بۆچی سەرۆک لە وتارەکەی نەیوتوە؟ ئەوەی کە لە وتارەکەی ئەردۆغان کەمتر سەرنجی چاودێرەکانی راکێشاوە ئەوەیە کە ئەردۆغان لە قسەکانی لە پەرلەمان، مۆرکی سیاسی لە تاوانەکە داماڵیوەو کەیسەکەی لە کەیسێکی سیاسییەوە کردۆتە کەیسێکی جینائی.

پاش وتارەکە، دادوەری گشتی تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە سعودییەکان کرد، ١٨ گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکەی رادەست بکەن تا لە تورکیا دادگایی بکرێن، دیارە تورکیا ھەر لەسەرەتاوە دەیزانی سعودییەکان ئەم داوایە رەت دەکەنەوە، ھەر واش دەرچوو، لەبەرژەوەندی سعودیەدا نییە تێوەگلاوەکان نە لە تورکیا و لە دادگایەکی جیھانیدا دادگایی بکرێن.

لەم ھەلومەرجەی ئێستادا سعودییەکان سەرکەوتوو بون لە مراندنی کەیسەکە تا ئەندازەیەکی زۆر، لەو بڕوایەشدان کات لەبەرژەوەندییان دایە. ئەگەر سعودیە بەردەوام بێ لە مراندنی کەیسەکە و لە کۆتایشدا دەریچەیەکی باشی بۆ بدۆزێتەوە، بەبێ زیان و بە سەلامەتی لێی دەردەچی،تورکیاش بە دەست بەتاڵی. لەم ھەلومەرجەی ئێستادا سعودییەکان لە تورکەکان بەشێوەیەکی سیستماتیکیتر کاردەکەن و ھەوڵیش دەدەن پێگەی خۆیان چەسپاوتر بکەن.

سعودیە ھەستی کرد کەیسی خاشقچی زۆر زیانی لێ داوە، لەلایەک بۆتە مایەی بەھێزکردنی پێگەی تورکیا لە جیھانی ئیسلامیدا، لانی کەم لەرووی میدیاییەوە، ھەروەک بۆتە سەقامگیرکردنی ھاوپەیمانیی تورکیا و قەتەر. ئەمەش دەشێ ھاندەر بێ بۆ بیرکردنەوە لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ قەتەر.

لەلایەکی ترەوە سەرقاڵبوونی سعودیە بە کەیسی خاشقچی ، بەربەستی لەبەردەم بەشداربوونی سعودیە لە گەمارۆدانی ئێران دروست کردووە، جگەلەوەی کە قەیرانەکە ھەموو ئەو پلانەی سعودیەی شڵەژاندووە کە بەھۆیانەوە دەیویست پشتیوانی لە پلانەکەی ترەمپ بکات بۆ سەپاندنی چارەسەرێک بۆ مەسەلەی فەلەستین لەسەر بنچینەی « گرێبەستی سەدە» سەرباری ئەوەی کە بە درێژایی ئەو ماوەیە، پاساوەکانی بەردەوامبوونی سعودیە لەسەر جەنگی یەمەن لەسۆنگەی کەیسی خاشقچییەوە ھەرەسیان ھێنا و راستگۆیان لەدەستدا.

بۆیە دەشێت لە قۆناغی داھاتوودا سعودیە پێداچونەوەیەک بە سیاسەتی لە یەمەن بکات، بەتایبەتی کە ئەندازایاری جەنگی یەمەن، واتە میر محەمەدی کوڕی سەلمان، ھێشتا لە ریسوایی کوشتنی خاشقچی رزگاری نەبوە.

گرنگترین خاڵ لە مەسەلەکەدا ئەوەیە، کە مەلیک سەلمانی باوکی چیتر ناتوانێ پشت بە کوڕە بێ ئەزمونە ھەڵەشە و سەرەڕۆکەی ببەستێ،دەبێ بگەڕێتەوە مەیدان و جڵەوی دەسەڵات بگرێتەوە دەست. ئەم خاڵە شتی تری لە پشتەوەیە، کە ھێشتا رواڵەتەکانی بە رونی دەرنەکەوتون. ناوەندە سیاسییەکان پێشبینی گۆڕانێکی دیاریکراو لە سیاسەتی ریاز دەکەن، ھەم لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەم لەسەر ئاستی دەرەوە.

ھەرچەند ئەستەمە ئەندازەی گۆڕانەکە دیاری بکرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە سعودیە پاش کەیسی خاشقچی ، ناتوانێ دەقاودەق ھەمان سعودیەی پێش کەیسی خاشقچی بێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.