وتار
ڕێگای گەیشتن بە کابینەی نۆیەم

فەرید ئەسەسەرد

سەرەڕای پێنج خوولی دانوستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، ھێشتا ھەواڵەکان بە ئاکامی خوازراو نەگەیشتوون. بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە دۆخێکی نموونەیی نیە، بەڵام دەبێ دان بەوەشدا بنرێ کە مەرج نییە پێکھێنانی کابینەی تازە ھەموو جار بە ئاسانی بەڕێوەبچێ. ئەوە بۆ خۆی بەڵگەیە کە پێکھێنانی کابینەی چوارەمی ئەنگیلا مێرکل لە ئەڵمانیا، شەش مانگی خایاند. کابینەی ئەم دوواییەی سەعد حەریریش لە لوبنان پاش زیاتر لە ھەشت مانگ لە دانووستان پێکھێنرا. لە ھەندێ ھەلوومەرجدا دەبێ دانوستانکاران پشوو درێژ بن بۆ ئەوەی بتوانن کابینەی تازە لەسەر بناغەیەکی پتەو پێکبھێنن.

دروست نییە بەو جۆرە سەیری پێکھێنانی کابینە بکرێ کە تەنھا دابەش کردنی پۆستە وەزارییەکانە بەسەر لایەنە پێکھێنەرەکاندا. دیارە مەسەلەکە لەوە ئاڵۆزترە و پێویستی بە کۆششی زۆرترە. ھەموو ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە پێکھێنانی کابینەی تازەدا مافی خۆیانە داوای بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە پرۆسەی دروست کردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریدا بکەن و ڕۆڵێکی کارایان لە داڕشتنی سیاسەتە گشتیەکاندا ھەبێ، ھەروەک مافی خۆیانە گەرەنتیی لەم ڕووەوە بەدەست بێنن بۆ ئەوەی ھەڵە و کەموکوڕیەکانی کابینەی ھەشتەم دووبارە نەبنەوە.

دەبێ سڵ لەوە نەکەینەوە کە ھەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانەمان بۆ کابینەی پێشووی لایەنێکی سیاسی بەشدار لە کابینەدا بە شێوەیەکی نایاسایی دوور خرایەوە و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ پەک خرا، ھەر وەک کابینەی ھەشتەم لەناو ھەموو کابینەکاندا تاکە کابینە بووە کە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەرەکانی بدات و بە دڵنیاییەوە لە دوای خۆی قەرزێکی بۆ کابینەی نۆیەم بەجێ دێڵێ.

کابینەی تازە پێویستی بە پەیکەرکردنەوەی سیاسەتی گشتی و دام و دەزگا حکومییەکان ھەیە کە ئەمەش دەبێ پێشوەخت بە تێر و تەسەلی تاوتوێ بکرێ و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێ.

لایەنە پێکھێنەرەکان بۆ ماوەی چوار ساڵی داھاتوو پێکەوە وڵات بەڕێوە دەبەن و پێکەوە سیاسەتە گشتییەکان دادەڕێژن و پێکەوە جێبەجێی دەکەن، بۆیە دەبێ ھەم لەوە دڵنیا بن کە بەشداری ڕاستەقینە دەبن لە لێپرسراوەتیدا ھەم دەبێ لەوە دڵنیا بکرێنەوە کە سیاسەتی پەیڕەوکراوی کابینەکە ڕەنگدانەوەی گیانی لێپرسراوەتی ھاوبەش دەبێ و داھاتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ھەموو ناوچەکاندا دابەش دەکرێن. ئەمەش بەم واتایە دێت کە دەبێ ھەمووان ڕۆڵێکی ڕاستەقینەیان ھەبێ لە داڕشتنی سیاسەتی پەرەپێداندا و ھەموو دەسەڵاتەکان لە ناوەند چڕ نەکرێنەوە. بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە ھەموو ناوچەکان بەشدار بن لە لێپرسراوەتی ھاوبەش لە بواری پەرەپێدان.

ھێنانە دی کابینەیەکی بەھێز دەوەستێتە سەر ئەندازەی تەبایی لایەنە پێکھێنەرەکان. جوگرافیای تەبایش تەنھا ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ناگرێتەوە، بەڵکو سەرتاسەری ھەرێم و دەرەوەی ھەرێمیش دەگرێتەوە، بە تایبەتی ناوچە جێناکۆکەکان. فراوان کردنی جوگرافیای تەبایی بە چەشنێک کە ھەرێم و کەرکوک و بەغداد بگرێتەوە، مەرجی سەرەکی ھاتنە دی کابینەیەکی بەھێز و تۆکمەیە و لە ھەمان کاتدا مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی کابینەکەشە، بە تایبەتی کە ئەزموونی کابینەی ھەشتەم نیشانی داوە کە کێشەی نێوان لایەنە پێکھێنەرەکان لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەرھەڵنادەن، بەڵکو لە دەرەوەی ھۆڵەکە دروست دەبن، لە شەقامدا و لە ناو دامودەزگاکاندا، لە ناو سەندیکاکان و زانکۆکاندا، ھەروەھا لە کەرکوک و بەغداد. پاشان سنووری جوگرافی خۆیان دەبەزێنن و لەناو ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەنگ دەدەنەوە.

ناتوانرێ نکوڵی لەوە بکرێ کە دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی تازە ڕەنگدانەوەی قەیرانی بێ متمانەییە. بەڵام ئەگەر بە چاویلکەیەکی گەشبینەوە سەیری مەسەلەکە بکەین، دەتوانین وا لە دۆخەکە بڕوانین کە سەرکەوتنی لایەنەکان لە گەیشتن بە فۆرمێکی گونجاو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەم، خۆی لە خۆیدا و لە ھەمان کاتدا دۆخێکە بۆ گێڕانەوەی متمانە و چەسپاندنی و رەواندنەوەی نیگەرانیەکان بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە بەشدارەکان پێکەوە لێپرسراوەتیەکە بە ھاوبەشی بگرنە ئەستۆ.

ڕێگای کابینەی نۆیەم مینڕێژکراو نەکراوە، بەڵام تەگەرەی لەبەردەم دایە. ئەو تەگەرانە تەنھا بە دەستەبەرکردنی بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە دەسەڵات و بڕیار و بەڕێوەبردن و پەرەپێدان ڕادەماڵدرێن.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.