وتار
پەیامەکانی کۆبوونەوەی دراوسێکانی عیراق لە بەغدا

فەرید ئەسەسەرد

پێرێ سەرۆکی پەرلەمانەکانی دەوڵەتانی دراوسێی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە، ھەندێ مەسەلەیان تاوتوێ کرد و بەیاننامەیەکی ھاوبەشیان دەرکرد. دەستەواژەی دەوڵەتانی دراوسێی عیراق لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا دەستەواژەیەکی تازەیە و مێژووی بۆ پاش رووخانی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە. پێشتریش پەرلەمانەکانی دراوسێی عیراق لە ساڵی ٢٠١٠ لە عەممانی پایتەختی ئوردون کۆبوونەتەوە و مەسەلەی ناسەقامگیریی عیراقیان تاوتوێ کردووە. بەڵام ئەمجارە لە بەغدا، لە سایەی سەقامگیریدا، کۆبوونەوە.

ناونیشانی ((سەقامگیری و پەرەپێدان)) کە بەغدا بۆ کۆبوونەوەکەی ھەڵبژاردبوو، ئامانجی کۆبوونەوەکەی پێکاوە و پەیامەکەشی بە دراوسێکانی عیراق گەیاندووە کە عیراق سەقامگیرە و بەرەو پەرەپێدان ھەنگاو دەنێ. بەڵام ئەمە تاکە پەیامی کۆبوونەوەکە نییە. کۆبوونەوەکە لانی کەم سێ پەیامی تری ھەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە عیراق دەتوانێ کۆکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان بێ و لە ھەمان کاتیشدا دۆستایەتی ھەمووان بکات. لە راستیشدا ئەوانەی کە لە کۆبوونەوەکەی بەغدا ئامادەبوون، کۆمەڵێک دەوڵەتن کە ناکۆکی دژواریان لەگەڵ یەکتریدا ھەیە و ھیچ ئاماژەیەکیش بۆ نزیکبوونەوەی ئاشتبوونەوەیان نییە. ھەر لەم سەروبەندەدا ئێران و سعودیە، تورکیا و سعودیە، سوریا و تورکیا بە ئاشکرا گرژی بەسەر پەیوەندییەکانیاندا زاڵە، سەرباری سارد و سڕی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئوردون. بەشداری نەکردنی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ، چونکە ئێران نوێنەری لە کۆبوونەوەکەدا ھەبوو. کۆکردنەوەی ئەم ھەموو دژانە، خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دیپلۆماسییەتی عیراق. پەیامی دووەم ئەوەیە کە بەشداریی ھەموو دراوسێکانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا، نیشانەی ئەوەیە کە ھیچ کامیان نایەوێ عیراق بۆ ئەوانی تر بەجێبێڵێ و سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا. پەیامی سێیەم ئەوەیە کە عیراق خەریکە رۆڵی جارانی بەدەست دێنێتەوە و لایەنە بەشداربووەکانیش پێشوازی لە عیراقێکی سەقامگیر دەکەن و ئامادەن ببن بە مایەی پتەوکردنی سەقامگیرییەکەی.

بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە کورت و بێ درێژدادڕی بوو، تێیدا بە روونی جەخت کراوەتە سەر گرنگیی((یەکپارچەیی عیراق)) و پشتیوانی کردن لە((یەکپارچەیی خاکەکەی)). ئەگەر بەو چاوە سەیری دەستەواژە بەکارھێنراوەکانی ناو بەیاننامەکە نەکەین کە دەستەواژەی کلاسیکین و لە بۆنەکاندا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەوترێنەوە، دەشێ شتێکی وا لەو دەستەواژانە ھەڵکڕێنین کە دراوسێکانی عیراق دەرگای بیرکردنەوە لە پارچە پارچە کردنی عیراق بە یەکجارەکی دادەخەن و دژی ھەر ھەوڵێکن بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجە. دەشێ پەیامەکە رێک بۆ کورد بێ، ھەروەھا دەشێ بۆ ھەندێ لایەنی ناو شیعە و ناو سوننەش بێ. ھەرچەند لە ھەموو کۆبوونەوەکانی لەمەوبەر ھەر جەختکراوەتە سەر یەکپارچەیی خاکی عیراق، بەڵام ئەمە یەکەم جارە دراوسێکانی عیراق لە بەغداوە ئەم ھەڵوێستە پشت راست دەکەنەوە، نەک لە تاران و ئەنکەرە و عەممانەوە.

کۆبوونەوەکە لە ھەلومەرجێکدا بەستراوە کە تێیدا زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە نیگەرانی دایگرتوون، چونکە واشنتن لە کەناڵی جیاجیاوە ئەو پەیامەی گەیاندووە کە کاتی راگەیاندنی ناواخنی ((گرێبەستی سەدە)) نزیکبۆتەوە.

ئەم پرۆژەیە کە واشنتن کار بۆ تێپەڕاندنی دەکا، ئەگەر رەزامەندیی لایەنە سەرەکییەکانی لەسەر نەبێ، زۆر ئەستەمە سەرکەوتوو بێ. ئاڵۆزیی پرۆژەکە لەوەدایە کە نیازی نییە قودسی رۆژھەڵات بداتەوە بە فەلەستینییەکان و جۆلان دەکاتە بەشێکی جیانەکراوەی ئیسرائیل و چارەنووسێکی لێڵ بۆ فەلەستینیەکان دیاری دەکات کە تێیدا دەبێ رازی بن بە یەکگرتنەوە لەگەڵ ئوردون یان بە دەوڵەتێکی بچووکی بێ بەھا. ھەرچەند کۆبوونەوەکەی بەغدا نەچۆتە سەر تاوتوێ کردنی ئەم پرۆژەیە، بەڵام تارمایی ئەم پرۆژەیە، چ باس بکرێ و چ باس نەکرێ، لە ھەموو کۆبوونەوەکاندا دەبینرێ. لانی کەم دوو لەو دەوڵەتانەی کە بەشدار بوون لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، واتە ھەر یەک لە سوریا و ئوردون، پرۆژەکە راستەوخۆ دەیانگرێتەوە، یەکەمیان بە ھۆی بەرزاییەکانی جۆلانەوە و دووەمیان بە ھۆی تێکھەڵکێشبوونی لەگەڵ مەسەلەی فەلەستین. لەو لاشەوە باس لەوە دەکرێ کە سعودیە رۆڵێکی لە پرۆژەکەدا بۆ دیاری کراوە، بە تایبەتی کە پرۆژەکە بەبێ رەزامەندیی سعودیە، مەحاڵە سەرکەوتوو بێ.

لە سۆنگەی پێشھاتە سیاسییەکانی ئایندەوە، ناوچەکە پێویستی بە ئەکتیڤ کردنی رۆڵی عیراقە کە ٢٩ ساڵە ھیچ رۆڵێکی کاریگەری لە ناوچەکەدا نەگێڕاوە. عیراق خۆیشی مەبەستێتی رۆڵی ئەکتیڤی خۆی بە دەست بھێنێتەوە و نایەوێ لەوە زیاتر لە پەراوێزی رووداوەکاندا بێ. ئەمەش بەبێ سەقامگیری لە ناوخۆدا و بەبێ پەرەپێدانی ھاوسەنگی و ھاوکاری کردنی دەوروبەری خۆی نایەتە دی.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.