وتار
ڕۆژی شەممە ئۆف دەبێت یان نا ..؟؟

بەرھەم مستەفا

بەپێویستم زانی چەند سەرنج و تێبینیەک بخەمە ڕوو ، لەسەر نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە بە ژمارە ٣٦٦  کە لەبەرواری ١٦_١١_٢٠١٧ بە واژۆی بەڕێز وەزیری پەروەردە دەرکراوە بەناونیشانی بەدواداچون و دەربڕینی ڕا..

١_ لەخاڵی دووەمی نوسراوەکەدا دەڵێت (ڕۆژانی شەمە ئۆف نامێنێت)  ھەر لەھەمان خاڵدا داوا لەبەڕێوەبەری پەروەردەکان دەکات ڕای خۆیان دەرببڕن ...کە ئەمە لەڕووی دەربڕینەوە ھەڵەیە ،چونکە ئەگەر بڕیاڕتان داوە کە ڕۆژانی شەممە ئۆف نامێنێت ،ئایا چ پێویستان بەڕای بەڕێوەبەری پەروەردەکان ھەیە؟!

٢_ کاتێک ئەم نوسراوە ئەخوێنیتەوە بەوەی لە وەرزی دووەمدا ڕۆژانی شەممە ئۆف نامێنێت ، ئەوا پێدەچێت  وەزارەتی پەروەردە دڵنیابێت لەوەی کە لەوەرزی دووەمدا موچەی مامۆستایان ئەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو ، واتە موچەی تەواوەتی دەدرێتە مامۆستایان و بۆیە لەم ساتە وەختەدا ئەم بڕیاڕەی داوە. کە ئەگەر وابێت ئەوا ھەقی خۆیەتی مامۆستایان پێشوازی لەناوەرۆکی نوسراوەکە بکەن .

٣_ ئەگەر  نەمانی ڕۆژی شەممە وەک ئۆف ، تەنیا ویست و حەزێکی شەخسیە لە نێو وەزارەت و دڵنیانین لەوەی کە موچەی مامۆستایان وەک خۆی لێ دێتەوە ، ئەوا نوسراوەکە  لە ئەساسدا بەمردویی لەدایک بووە ، چونکە ناکرێ ھیچ گۆڕانکاریەکت لە ژیان و موچەی مامۆستایان پێ نەکرابێت و داوای ئەرکی زیاتری لێ بکەیت .

٤_ ڕاستە لە ئێستادا جگە لەڕۆژانی شەممە ،ڕەنگە ڕۆژێک یان دووڕۆژی تر مامۆستا ئۆف بێت لەھەندێ لەقوتابخانەوخوێندنگاکان بەپێ ی گونجاندن ، بەڵام نیەت و ویستی مامۆستایان ئەوەیە  کە سەرجەم ڕۆژەکانی ھەفتە جگە لەھەینی دەوام بکەن، بەو مەرجەی ژیان و موچەکانیان بگەڕێتەوە دۆخی پێش پاشەکەوتی زۆرە ملێ، پێم وانیە مامۆستایەک ھەبێت لە مەسئولیەت ڕابکات، بەڵکو ئەوە ھەڵوێستەکانی حکومەتی ھەرێمە کەمامۆستای ناچار کردوە  بەوشێوەی ئێستا دەوام بکات..

٥_ لەکوتایدا ھیوادارم وەزارەتی پەروەردە سەرنج و تێبینیەکانم  وەک پەرۆشی وەربگرێت ، ھەروەھا ئومێد ئەخوازم لەوەرزی دووەمی خوێندندا ئاسۆیەک ھەبێت بۆ گەڕانەوەی مافەکانی مامۆستایان ، لەپێناو ئاسایی بوونەوەی پرۆسەی پەروەردەدا، ئەگەر ئەم ئاسۆیەش بەدی ناکەن ئەوا باشترە وەک کورد وتەنی دەڵێت: چاکی مەکەن با خراپتر نەبێت..

 

ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.