وتار
حکومەتی ھەرێم لەبەرامبەر دوو ھەڕەشەدا

ئارێز عەبدوڵا

بەشی (١)

لە نەزانینەوە بوو یان لە بێ بڕوایی حکومەتی ھەرێم نەک ھەر خەڵکی گەیاندە قۆناغێکی ناھەموار بەڵکو خۆشی توشی گەورەترین کێشە کرد و ناشزانێ چۆن لێی دەربازبێ. من پێم وایە نەک تەنیا ئۆباڵ خستنە سەر شان بەڵکو زوو بی یان درەنگ دەبێ ھەموو ئەو لایەن و کەسانەی بەرپرسیاریەتیان ڕووبەروو دەکرێتەوە لێپرسینەوەی سیاسی و یاسایشیان لەگەڵدا بکرێ. بەڵام ئەوەی من مەبەستمە باسی بکەم ھەڕەشەیە نەک لەسەر کابینە، حزب یان لێپرسراوان بەڵکو ھەڕەشەیە لەسەر قەوارەیەکی دەستوری- نەتەوەیی - سیاسیە واتا ھەرێمی کوردستان. ھەرێمی کوردستان بەتایبەتمەندی خۆیەوە بەشێک و بچوککراوەی دەوڵەتی عێراقە و پێش ئەوەیش کە رژێمی سەدام بروخێ و دەستور پەسەند بکرێ ھەرێمی کوردستان ھەر ھەبووە و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە وەک قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ ناسرابوو، مامەڵەشی لەگەڵدا دەکرا. دوای روخانی رژێمی سەدامیش بایەخی ھەرێمی کوردستان زیادی کردو کەمی نەکرد، بەتایبەت کە دەستور دانی پیاناو لەوەش پتر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم وەک جێ ناکۆک لەنێوان دەوڵەت و ھەرێم ناسێندران و نەخشە رێگای گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەشیان بەشێوازێکی دیموکراسی و خۆ ویستانە بۆ دیاریکرا. واتا بەپێی دەستوریش ھەژمونی ھەرێم لەسەر کەرکوک ، خانەقین ، خورماتوو،دەشتی نەینەوا، شنگال سەلمێندرا، بۆیە ھێزی ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوە جوگرافی و ئیداریەکەی زۆر گەورەتر بوو. بەڵام ھەڵەکانی حزبە کوردستانیەکان و باجەکەی ریفراندۆم و نەیارانی فیدراڵی و دیموکراسی و مافەکانی گەلی کوردستان خەریکە ریسەکە دەکەنەوە بەخوری. ئێمە دەزانین ھەر لەسەرەتاوە ھەندێ لایەنی سیاسی عێراقی چاویان بە دەستکەوتەکانی ئێمە ھەڵنەھاتووە، بەڵام دەستیان ئەوەندە درێژ نەبووە کە زەفەر بەرن تا ریفراندۆم، لەوە بەدواوە باش قۆڵی خۆیان لێ ھەڵماڵیوە بۆ تۆڵەکردنەوە و بەرتەسککردنەوەی سنوری مافە دەستوریەکان بەھەموو شێوەیەک ھەوڵدەدەن کە حکومەتی عێراق دەسەڵات و تواناکانی خۆی لەدژی ھەرێمی کوردستان بخاتە گەڕو دەرفەتی ھەڵەکانی حوکمرانی و ریفراندۆم بقۆزرێندرنەوە بۆ تۆڵەکردنەوە. تۆڵەکردنەوە لەدەست کەوتەکان نەک لە ھەڵە یان پێ درێژی ھەرێم بۆسەر مافەکانی ئەوان!... لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٨ بەمەبەست لەجیاتی ھەرێمی کوردستان زاراوەی پارێزگاکانی ھەرێم بەکارھاتووە کە ئەمەش نەک ھەر تەنیا پێشێلکردنی دەستورە بەڵکو ھەرەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر مافەکانمان و ھەوڵێکە بۆ لەباربردنی فیدراڵی عێراق و ھەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاکانی ھەرێم. ئەوەی جێگای تێڕامانە ھەندێک کەسایەتی کورد بەپاساوی نابەجێ نەک تەنیا پشتیوانی لەو سیاسەتە چەوتەی حکومەتی عێراقی دەکەن بەڵکو زانیای نادروستیشی پێدەدەن و ھانی دەدەن کە بەو ئاراستەیە بڕواو فشارەکانی زیاتر بکا ! 

ئەو سیاسەتە لەگەڵ ھەڵومەرجی عێراقی نوێ و دەستور ناگونجێ و بەدڵنیاییەوە حکومەتی فیدراڵی ئەگەر لێی پاشگەز نەبێتەوە زیانێکی زۆر گەورە بە ئایندەی عێراق دەگەیەنێ و ئەوانەی لای خۆشمان ھەر شەرمەزاریان بۆ دەمێنێتەوە. لەسەر حکومەتی فیدرالی پێویستە لەژێر رۆشنایی دەستور کار لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و پارێزگاکان بکا بۆ ئەوەی بتوانین ھەموو لایەکمان بەیەکەوە پایەکانی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی پتەو بکەین.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.