وتار
حکومەت لە بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە و وێرانکردندا !

ئارێز عەبدوڵا

ئاو سامانێکی سروشتی نەتەوەییەو تەنیا ھی زیندوانیش نییە، بەڵکو سامانی نەوەکانی داھاتوی گەلانە. ھەر لەبەر ئەوەشە ئێستا لەھەموو جیھان ئاو پێگەیەکی ھەرە گرنگی ستراتیجی‌و جێی بایەخی ھەیە. زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووان‌و گەشەسەندن‌و پەرەسەندنی تەکنۆلۆجیاو گۆڕانی کەشوھەوا پێگەی ستراتیجی ئاویان گەورەترو فراوانتر کردۆتەوە. دەوترێ کە شەڕی جیھانی سێیەم لەسەر ئاو دەبێ. مەبەستی ئێمە لەئاو ئاوی سەر زەوی‌و ژێر زەوی کوردستان دەگرێتەوە کە سەرەڕای کاریگەری خراپی کەشوھەوا ھێشتا وڵاتەکەمان خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی ئاوە. بێگومان ئەگەر بەپلانی زانستیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ‌و بەپێی پێویست‌و بەشێوازی گونجاو بەکاربھێندرێ ئەوا نەک ھەر خۆمان بەڵکو نەوەکانیشمان لەکارەساتی بێ ئاوی دەپارێزین.

ساڵانی رابردوو حکومەت لەبواری گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداو ھەندێ ھەنگاوی باشی ناوە، بەڵام دروستبونی قەیرانی دارایی‌و رێگری کردنی ھەندێ لایەنیش لەو کەرتە ھەنگاوەکانی وەستاندون یان زۆر سست کردوون. ئەوەی گرنگە ئەو کەرتە کەوتۆتە ناو پلان‌و پلانەکەش بایەخی زیاترو سەرمایەگوزاری زیاتری دەوێ.

ھەرچی سەبارەت بە ئاوی ژێر زەوییە بەداخەوە زۆر خراپ وەبەردەھێندرێ‌و حکومەتیش لە ئاستیدا دەستەوەستان‌و کەمتەرخەمە. شارەزایان دووپاتی دەکەنەوە کە ئاوی ژێر زەوی کوردستان بەھۆی کەم بارین‌و خراپ بەکارھێنانی رۆژ بە رۆژ لە کەم بوونەوەدایەو زۆری بیرلێدانی نا زانستی‌و نا پێویست تا دێت خێراتر ئەو سامانە مەزنە لەناو دەبات. ئاوەدانکردنەوەو دروستکردنی خانووبەرەو باخداری‌و ئاژەڵداری زۆر گرنگن، بەڵام ئایا ئەوەی ئێستا لەکوردستان دەگوزەرێ بەپێی پێوەری زانستی‌و پلان‌و ستراتیجیەتە؟.

لەقۆناغێکی زۆر مەترسیدارداین

بێگومان نا، چونکە دروستکردنی ئەو ھەموو قەسرو ڤێلاو خانو و مەزرەعانە لە دەرەوەی بازنەی شارەوانی‌و گوندەکان‌و لەسەر گردو بەرزایی‌و زورگ‌و دەشتە دێمەکارەکان بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی ئەگەر لەسەرێک نیشانەی ئاوەدانکردنەوەبن ئەوا لە سەرەکەی تر بەڵگەی وێرانکردنێکی مەترسیدارە، بەتایبەت بۆ نەوەکانی داھاتوو. ئایا کەی حکومەت سنورێک بۆ ئەو دیاردە مەترسیدارە دادەنێ‌و بەپێی پلانێکی زانستی ھاوسەنگی بۆ بەکارھێنانی ئاو و ھەڵکرتی بۆ نەوەکانی داھاتوو دادەرێژێ؟.

ئێمە لەقۆناغێکی زۆر مەترسیدارداین‌و ئەڵێی لەم وڵاتە کۆچەرین‌و دەمانەوێ ئەوەی سەر زەوی‌و بن زەوی بە زوترین کات دەربھێنین‌و بیخۆین‌و بڕۆین!.

ئەرێ گەلۆ دەکرێ حکومەت لەبەرامبەر نەوەکانی دوا رۆژ ئەوەندە خەمساردو بێ باک بێ؟!

دووەم: کارەبا

یەکێک لەگرفتە گەورەکانی کوردستان کارەبایەو بێ کارەبایی وێردی سەر زمانەو یەکێکە لەو خاڵانەی کە بەردەوام حکومەتی پێ تومەتبار دەکرێ، گوایە نەیتوانیوە یاخود ناتوانێ گرفتی کارەبا چارەسەربکات. بەداخەوە حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە سیستمێکی گونجاو بۆ بەرھەم ھێنان‌و دابەشکردن یان فرۆشتنی وزەی کارەبا دابین بکات‌و لەو بوارەدا زۆر خێڵەکیانە مامەڵەی کردووە. ھەرچەندە سەرچاوەکانی وزەی کارەبای زیاد کردوون، بەڵام نەیتوانیوە کۆتایی بەگرفتەکە بھێنێ. من نامەوێ لێرەدا بچمە سەر بابەتی چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو گرفتانە، بەڵام دەمەوێ پەنجە بۆ بەکارھێنانی وزەی کارەبا لەبواری ئاوەدانی‌و ئاوەدانکردنەوە درێژ بکەم. رۆژ بە رۆژ کوردستان ئاوەدانتر دەبێتەوەو ئاواییەکان فراوانتر دەبن کە ئەوەش جێی خۆشحاڵیەکی گەورەیە. بەڵام ئەو ئاوەدان بوونەوە ھەڕەمەکی‌و بێ پلان‌و بێ خاوەنیەی کە ھەیە ھەر وەکو چۆن لەبواری ئاو زیانێکی کوشندەیە ئەوا لەبواری کارەباشدا زیانێکی گەورەیە. دروستکردنی ڤێلاو قەسرو ماڵ لە دەرەوەی بازنەی شارەوانی‌و گوندەکان پێویستی بە خزمەتگوزاری گشتی زیاترەو لەناویشیاندا کارەبا. پێویست بە بەڵگە ھێنانەوە ناکات ھەموومان رۆژانە دەبینین کە خوا پێداوان‌و لێپرسراوانی ئەم وڵاتەو خەڵکی تریش بە پشتبەستن بە دەسەڵاتدارو قسە رۆیشتوان رۆژ بەڕۆژ دوور لەئاواییە رەسەنەکان بینایی نوێ قوت دەکەنەوەو بیرێکی سوری لێ دەدەن‌و کارەبای حکومەتیشیان بۆ رادەکێشرێ !…

بەفیرۆدانی بڕێکی زۆر کارەبا

ئێستا سەدان‌و بگرە ھەزاران قەسرو ڤێلا لەم کوردستانە بە تاقی تەنیا چەندین کیلۆمەتر کارەبای حکومەتیان بۆ راکێشراوە کە ئەوەش خەرجییەکی گەورەو بەفیرۆدانی بڕێکی زۆر کارەباو تێکدانی سیمایی ئاوەدانی شارستانییە، ئەوە لەکاتێکدا ھێشتا دەیان‌و بگرە سەدان گوند ھەن تێلی کارەبای نیشتیمانیان بۆ رانەکێشراوەو بێ کارەبان!! گرنگە حکومەت خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەباو تەندروستی‌و خوێندن بگەیەنێتە ھەموو جێگایەکی پێویست، بەڵام کاتێک ئاوەدانکردنەوەو بڵاوبونەوەی خەڵک لەچوارچێوەی پلان‌و بەرژەوەندی گشتی‌و دواڕۆژ دەردەچێ‌و ئەوا ئاوەدانکردنەوەکە جگە لەوێران کردن‌و ماڵوێرانکردنی نەوەکانی داھاتوو ھیچی تر نییە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.