وتار
رۆژئاوا، یان رۆژئاوابوون؟

ئارێز عەبدوڵا

کورد لە رۆژئاوا ئازایەتی‌و قارەمانێتییەکی وایان نواند جیھانیان سەرسام کرد، ئەوەو دڕندەیی داعش وایکرد کە لەلایەن ئەمریکا‌و ھەندێ وڵاتی تر پشتیوانی بکرێن. سەرەڕای ھەڕەشەکانی تورکیا‌و پیلانەکان، کەموکوڕییەکانی خۆیشیان، ھێشتا توانیان سەرکەوتنی گەورە تۆماربکەن‌و ببنە ھێزی سەرەکی شکاندنی داعش‌و رزگارکردنی رەققەی پایتەختیان.

چاوەڕوانی ئەوە دەکرا لەدوای داعش‌و بنیاتنانەوەی سوریای نوێ، کورد رۆڵێکی سەرەکی ھەبێ‌و مافەکانی لەدەستووردا جێگیر بکرێن، بەڵام لەپڕ بەبڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوا نەک ھەر لەبەدەستھێنانی مافەکانیان دووردەخرێنەوە، بەڵکو روبەڕوی ھەڕەشەیەکی گەورەتر لەھەڕەشەکانی داعشیش دەبنەوە. ترەمپ؛ بۆ وایکرد‌و چی دەقەومێ؟ شتێکەو دەبێ کورد چۆن بڕوانێتە ئەو رووداوە گەورەیە؟ شتێکی ترە. لە کەس شاراوە نییە ترەمپ لەژێر کاریگەریی ھەڵوێستەکانی ئەردۆغان‌و رەنگە رێککەوتنێکی ژێربەژێریشی لەگەڵ روسیا، ئەو بڕیارەی دابێ، بەڵام دەبێ ئێمە چی بکەین؟ کشانەوەی ئەمریکا لەسوریا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ھەرێم‌و عیراق دەبێ، سەرەڕای ئەوەی لەمەودوا متمانە بەسیاسەت‌و ھێزەکانی ئەمریکا نامێنێ، ئەوا ھەڕەشەکان بۆ سەر عیراق‌و ھەرێمی کوردستانیش گەورەتر‌و زەقتر دەبنەوە.

لەم رۆژگارەدا نابێ ھیچ ھێزێک تەنانەت دژ بە پەیەدەو پەکەکەش، دڵیان بەو بڕیارەی ترەمپ خۆشبێت، چونکە بەبێ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکا لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان یان زلھێزێکی تر، ئەوا پەکەکەو پەیەدە نین بەتەنیا زەرەر دەکەن، بەڵکو گەلی رۆژئاوا‌و تەواوی کورد روبەڕوی مەترسی‌و کارەسات دەبنەوەو ئومێدیش بۆ سوریایەکی دیموکراسی زۆر کز دەبێت. یەکێک لەکاریگەرییەکی کشانەوەی ئەمریکا، ھاندانی تورکیا‌و ئەو وڵاتانەیە کە دژی مافە رەواکانی کوردن، ھەنگاو لەدژی ھەرێمی کوردستانیش بنێن‌و دەستکەوتەکانمان لێ بەرتەسک بکەنەوە. ئەم بڕیارەی ترەمپ دەبێ باش دیراسەبکرێ‌و لەسەر لایەنە سەرەکییەکانی وەک یەکێتی‌و پارتی‌و ھەموو حزبەکانی تریشە، کە بەڕاستی لانی کەم لەبواری دیپلۆماسی بچنە مەیدان‌و حکومەتی ھەرێمیش لەچوارچێوەی دەوڵەتی عیراق‌و لەڕێگای پەیوەندییەکانییەوە ھەوڵی رێگەگرتن لەدووبارەبوونەوەی کارەساتی مرۆیی لەڕۆژئاوا بگرن. دووبارە دەڵێم ھەڵوێست لە پەکەکەو پەیەدە لەبەشداریکردن لەدژی رۆژئاوا یان بێدەنگ بوون لێی، پاساوێکی رەوا‌و راست نییەو نابێ ھەشبێت، دەنا ئەگەر ئەمڕۆ رۆژئاوا بێت، سبەینێش نۆرەی باشوور دێت.

لەکۆتاییدا دەپرسم، ئایا ئەو بڕیارەی ترەمپ دەبێتەھۆی لەسەرپێخۆمانەوەی رۆژئاوا، یان رۆژئاوابوونەوەی کورد؟

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.