وتار
فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی ھەرێم!

ئارێز عەبدوڵا

لەھەلومەرجێکدا کە ھەمومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێکەوتە باشەکانی رێککەوتن و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ ھەواڵی گواستنەوەی نزیکەی ھەموو فەرمانبەرە یەکێتیەکان و چەند پارتیەکی ناو دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ وەزارەتەکان بڵاوکرایەوە. ئەو ھەواڵە لەئەنجامی بڕیارێک بوو کە بە ئیمزای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە. بەراستی ئەو بڕیارە جێگای نیگەرانیە، چونکە: 

یەکەم: ئەو فەرمانبەرانە دەمێکە لەوێ کاردەکەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی ھەڵبژاردنی سەرۆک و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بوان.

دووەم: ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتێکی ھاوپەیمانی پێک دەھێندرێ و خەڵکی چاوەڕوانی کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و بەیەکەوە کارکردنن، نەک پاکتاوکردنی دامەزراوەکان و تاپۆکردنیان لەسەر لایەنێکی دیاریکراو.

سێیەم: سەیرکردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەچاوی حزبی و مامەلەی حزبایەتی کارێکی نەشیاوە، ئەبێ ھەموو لایەک بزانین کە دامەزراوەکانی دەوڵەت موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانن و ناکرێ لایەنێک یان چەند لایەنێک لە ئەلف تا ی خاوەندارێتیان بکەن.

چوارەم: لە ھەرێمی کوردستان ئازادی بیروباوەڕو حزبایەتی ئازادە، ناکرێ بەھۆکاری بیروبۆچونی جیاواز ھاوڵاتیان بەگشتی و کارمەندانی حکومەت بەتایبەت لەمافەکانیان بێ بەش  و جیاکاریان پێبکرێ.

پێنجەم: سزادانی بەکۆمەڵ کارێکی نا دەستوری و رێکارێکی نایاساییە و نابێ ئەو جۆرە ھەنگاوانە بندرێن.

شەشەم: راستە چەند ئەندامێکی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەکێتیەکانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاکتاوکردن کراونەتە قوربانی؟  

حەوتەم: سەرەڕای ئەوەش ھەواڵێکی وا ھەیە کە ھەندێ فەرمانبەری پلە باڵای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەندێ جێگای تریش ناچار بەخۆ خانەنیشکردن دەکرێن. ئەوەش ھەنگاوێکە کە نە لەڕووی سیاسی و نە لە روِوی یاسای لەبەرژەوەندی گشتی نییە و نابێ.

لە کۆتاییدا ھیوادام سەرۆکی حکومەت ئێستا و سەرۆکی ئاییندەی ھەرێم چاوێک بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە یەکێتی چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشێ، چونکە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە، ئەو بابەتانەش نیگەرانی و دڵەراوکێ و ترس لەناو خەڵکی کوردستان دروست دەکەن. 

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.