وتار
بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ نایانه‌وێت تێ بگه‌ن..

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

خوای ئه‌‌كرد هه‌زارو یه‌ك لیژنه‌تان پێك ئه‌هێنا و ته‌نانه‌ت لیژنه‌تان بۆ مریخیش ئه‌نارد و دیكتاتۆره‌ بچوكه‌كه‌ی كۆریاشتان ئه‌هێنایه‌ سه‌رخه‌ت.. هه‌رچی بكه‌ن هه‌ر هیچ له‌ هیچ  ناگۆڕێت..  چونكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌‌بێ قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت میلله‌ته‌! میلله‌ته‌ كه‌ بڕوا و متمانه‌ی پێتان نیه‌، میلله‌ته‌ كه‌ لێتان بێزاره‌ و هه‌ر میلله‌تیشه‌ كه‌ دووا بڕیار ئه‌دات و ئه‌وانه‌ی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن و رێفراندۆم دا ده‌‌كه‌ن خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ن، واته‌ هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ن كه‌ له‌به‌ر بێ كاره‌بایی له‌ گه‌رمادا هه‌ڵپڕوكاون و له‌ تینوێتیدا لێویان هه‌ڵقڵیشاوه‌ و له‌ برساندا قۆڕه‌ی زكیان دێت.. جا بۆیه‌  باشتر وابوو سه‌رێكتان له‌ گه‌رمیان بدایێ پێش ئه‌وه‌ی بڕۆنه‌ برۆكسل و وڵاتانی تری ئه‌ورۆپا، ده‌بووایێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌تان پێ بووایێ كه‌ بۆ: ( گه‌لێك كه‌ به‌درێژایی مێژوو ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی له‌ پێناو خاك و نیشتمانه‌كه‌یدا دابێت و گه‌وره‌ترین ئاواتی بڕیاردان بووبێت له‌ چاره‌نووسی خۆی بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونێك، ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نیه‌ به‌ ده‌نگتانه‌وه‌ بێت ؟؟ ئایا هه‌رگیز ئه‌و پرسیاره‌ به‌ مێشكتاندا گوزه‌ری كردوه‌؟؟؟ دڵنیام كه‌ هه‌رگیز نه‌ ئه‌و جۆره‌ پرسیارانه‌ له‌ خۆتان ده‌كه‌ن و نه‌ به‌ مێشكیشتاندا‌ تێپه‌ڕ ده‌كات چونكه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی ئێوه‌دا،‌ میلله‌ت كویله‌یه‌ و كویله‌ش مافی ژیان و ڕاده‌بڕینی نیه‌…..

جا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌سه‌له‌ی  حوكمڕانی و ڕێفڕاندۆم و هه‌ڵبژاردن و سه‌ربه‌خۆیی له‌وه‌ زیاتر سووك و ره‌زیل نه‌كرێت.. چاوه‌ نوقاوه‌كانتان بكه‌نه‌وه‌ و سه‌یرێكی وه‌زعی خه‌ڵك بكه‌ن و گۆێتان بۆ خه‌ڵك شل بكه‌ن..‌.. خه‌ڵك نان و ئاو و كاره‌بای ده‌‌وێت، ده‌نگده‌ر ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ده‌وێت و شه‌قام داوای ئازادی و یه‌كسانی و دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات.. به‌سه‌ خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك، به‌سه‌، كات به‌هه‌ده‌ردان و یاری كردن به‌ هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی، به‌سه‌ ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كۆتایی به‌و عه‌لوه‌ سیاسیه‌ بێنن كه‌ داتان ناوه‌.. 

 

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

٩-٧-٢٠١٧

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.