وتار
ئه‌وه‌ ( عه‌د) یش ته‌واو بوو…

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

هه‌ر وه‌ك ده‌زانن دووباره‌ كردنه‌وه‌ی عه‌دو فه‌رز له‌ سه‌ر داوای چه‌ندین په‌پوله‌ی گۆشه‌ی باخچه‌كه‌ی خۆمان و باخچه‌ پان و به‌رینه‌كه‌ی عیراق بوو كه‌ بڕیاردا ژماره‌یه‌ك له‌‌ سندوقه‌ گومانلێكراوه‌ داماوه‌كان به‌ ده‌ست بژمێردرێنه‌وه‌…
پاش ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند مه‌ركه‌زێك و بێ سه‌روشوێن كردنی ده‌یان سندوق و به‌ قودره‌تی قادر كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی چه‌ندین سندوقێكی تر له‌ پشتی پێكابه‌كانه‌وه‌ و پێشتر شكاندنی كۆمه‌ڵێك سندوق كه‌ بێ گومان هیچ یه‌ك له‌و كارانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی براوه‌كاندا نه‌بوونه‌.. به‌ڵام هێشتا هه‌ر دڵخۆش بووین‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش كۆتایی هات …
ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی سه‌ر سوڕمانه‌ هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵێك لایه‌نه‌ كه وا هه‌مدیس له‌ كۆبوونه‌وه‌دان و خوا پێم نه‌گرێت به‌ته‌مان داوا بكه‌ن كه‌ ژماردنی ده‌نگه‌‌كان ئه‌مجاره‌یان به‌ ( قاچ) سێ باره‌ بكرێته‌وه‌…
‌ زۆر سه‌یره‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نایه‌وێت دان به‌و واقه‌عه‌ تاڵه‌ی عیراق و هه‌رێمدا بنێت و نایه‌وێت تێبگات كه‌ بابه‌ وه‌ڵا، بیلا..‌ خه‌ڵك بێزارن له‌ زۆربه‌ی سیاسیه‌كان و تاقه‌تیان له‌ به‌ڵێنی درۆ و ده‌موو چاوه‌ تیكرارییه‌كان چووه‌ .. و تێ گه‌یشتوون كه‌ په‌رله‌مان لای هه‌ندێك وه‌ك ( شاری یاری) و عه‌لوه‌ی فرۆشتنی توور و ته‌ڕه‌پیازه‌…..
جێی داخه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ‌ له‌ سه‌رزه‌مینه‌كه‌ماندا ئه‌گوزه‌رێ گه‌ڕانه‌وه‌مانه‌ بۆ‌ هه‌رهه‌مان ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ سه‌یره‌ی سه‌رده‌می ( هه‌زارو یه‌ك شه‌و) و ( علی بابا و چل دزه‌كه‌ی به‌غدا) و ( قه‌ره‌قۆش) و ( فانوسه سحرییه‌‌كه‌ی عه‌لادین) و ( وه‌یخڕ پاشا) و ( فه‌نته‌لۆس) و ( پڕۆفیشاڵ)….
چونكه‌ گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم له‌ دووایین هه‌ڵبژاردندا ( ٢٠١٨) هه‌شتاو حه‌وت حزب (٨٧) و كه‌یانی سیاسی به‌ شه‌ش هه‌زارو نۆسه‌دو نه‌وه‌د (٦٩٩٠) كاندیده‌وه‌ به‌شدرای هه‌ڵبژاردنیان كرد بۆ په‌رله‌مانه‌ سێ سه‌دو بیست و نۆ (٣٢٩) كۆرسیه‌كه‌ی عیراق…
بێ گومان هه‌ر پێش ده‌نگدان هه‌موو لایه‌نه‌كان كه‌وتنه‌ مه‌دح و سه‌نای ئامێره‌ كۆرییه‌كه‌ و ئه‌وه‌نده‌یان به‌شاخ و باڵیدا هه‌ڵدا و له‌ كاتی بانگه‌شه‌دا ئه‌وه‌نده‌یان هه‌لهه‌له‌ كێشا كه‌ گۆایه‌ ئه‌مجاره‌ كه‌س فێڵی لێ ناكرێ ئامێرێكی بلیمه‌ت و بێ وێنه‌یه‌.. به‌زاتی خوا كاتێك كه‌ چووم بۆ ده‌نگ دان وه‌خت بوو چاكی و چۆنی و ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ ئامێره‌كه‌دا بكه‌م..
جا سه‌ره‌ ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌یانووت كه‌ رێز له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌گرن … ئه‌وی كه‌ وا نه‌بوو !!!!
هه‌ر كه‌ ورده‌ ورده‌ش ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ئاشكرا ده‌بوون هه‌ندێك یه‌كسه‌ر دستیان ئه‌كرد به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئامێره‌ نه‌گبه‌ته‌كه‌ …
كه‌س نه‌بوو نه‌ڵێت غه‌درم لێ نه‌كراوه‌ هه‌ر له‌ تۆمه‌تبار كردنی یه‌كتر له‌ دزینی ده‌یان هه‌زار ده‌نگه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گه‌یشته‌ سه‌روو دوو سه‌د هه‌زار ده‌نگیش و هه‌روه‌ها له‌ بێ سه‌روشوێن بوونی كورسیه‌كه‌وه‌ تا وه‌كو بیست كورسیشمان هه‌بوو… جا ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا موعاده‌له‌یه‌كی سه‌یر دێنێته‌ كایه‌… ئه‌ڵێم باشه‌ گه‌ر هه‌ر حزبه‌و به‌ موعه‌ده‌ل سه‌د ‌هه‌زار ده‌نگی دزرابێت واته‌ تێكڕا هه‌شت ملیۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار ده‌نگ له‌ عیراقدا دزراوه‌.. به‌و پێیه‌ش بێ ده‌بێت پیاچوونه‌وه‌ به‌ نفوسی دانیشتوانی عیراقدا بكرێته‌وه‌ و بشزانین ئاخۆ ئامێره‌ كۆرییه‌كه‌ ده‌نگه‌كانی نه‌داوینه‌ته‌ ولاتێكی تر ؟؟
ئه‌رێ به‌راست.. ئه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كان نه‌یان ده‌وت ده‌چینه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستورو ماده‌ی سه‌دو چل ( ١٤٠) و بودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی ئه‌و عاله‌مه‌ و پاره‌ی جوتیاران و ئه‌نفالكراوان و هه‌ڵه‌بجه‌ و یاسای نه‌وت و غاز و هین ومین
جێ به‌جێ بكه‌ین .؟ ئه‌ی بۆ ناڕۆن و بۆ نایكه‌ین..؟؟؟؟
كوڕه‌ كاكه‌ به‌سیه‌تی هات و هاوار و بێنه‌ و برده‌ و خڕی مڕی.. برام ده‌ بڕۆن و قۆڵی لێ هه‌ڵماڵن ئه‌و ده‌ستوره‌ قوربه‌سه‌ره‌‌مان بۆ جێ به‌جێ بكه‌ن خۆ ئه‌گه‌ر به‌راستتان بێت هه‌مووتان پێكه‌وه‌ ئه‌بنه‌ گه‌وره‌ترین كوتله. ئه‌ی بۆ نایكه‌ین ؟؟؟

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.