وتار
سبحان مغیر الاحوال ..!!

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

٦ی ١٠ی ٢٠١٧ دووا سه‌فه‌ری مام بوو ئه‌و رۆژه‌ مام‌ له‌ئامێزی خاكی پیرۆزی كوردستاندا سه‌ری نایه‌وه‌ ، ئه‌و رۆژه‌ مام ئێمه‌ی گوڵباران نه‌كرد ، ئێمه‌ ماممان گوڵباران كرد..!!

رۆژی ٣-١٠ كاتێك كه‌ دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی مام له‌ لێدان كه‌وت وه‌‌ك بیرم بێت یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ته‌له‌فۆنی كرد ئه‌ردۆغان بوو و پاش ئه‌و عه‌بادی ..!! عه‌بادی پاش ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی پێی ڕاگه‌یاندین كه‌ وه‌ك حكومه‌تی عیراق ئاماده‌كاری ته‌واو ده‌‌كه‌ن بۆپێشوازی كردن له‌ مام و سه‌رۆك ده‌وڵه‌تان و سه‌فیری وڵاتان بانگێشت ده‌كه‌ن له‌ به‌رده‌م كۆشكی سه‌لام بیست و یه‌ك تۆپ ده‌ته‌قێنن و به‌ گرنگی ده‌زانن كه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین‌ سه‌رۆك له‌ مێژوی عیراقدا كه‌ به‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌ت ماڵئاوایی‌ لێ كرابێت…!! ماڵئاوایی لێ بكه‌‌ن و پاش ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا بێنەوە بۆ سلێمانی ..!!

ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌وپه‌ڕی گرژیدا بوو و ده‌كرا هه‌ر وه‌ك چۆن مام له‌ ژیاندا به‌ (سه‌مامی ئه‌مان) ی عیراق ناو برابوو له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شیدا ببوایته‌ هۆی هێور كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كە ..!

ئه‌گه‌ر چی ئه‌وه‌ مافێكی مام بوو و مافی هه‌موو ئه‌وانه‌ش بوو كه‌ ده‌یانویست سه‌ری رێز بۆ سه‌رۆكه‌ ئاشتی خوازه‌كه‌ی عیراق له‌ به‌رده‌م كۆشكی ئاشتیدا دانه‌وێنن به‌ڵام داخه‌كه‌م هه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ساڵیادی ماڵئاوایی مام له‌ به‌غدا سه‌رقاڵی ده‌ست و پێ ماچ كردن بوون رێگریان نه‌ك هه‌ر له‌و بیرۆكه‌یه‌ كرد به‌ڵكو دژی دانانی ئاڵای عیراقیش وه‌ستانه‌وه‌ له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و تانانه‌ت چه‌ندین لایه‌ن و كه‌سایه‌تیشیان له‌ یه‌كێتی زویر كرد ..!!

ئه‌و كات وتیان ناكرێت دڵی بارزانی و پارتی عاجزبكه‌ین ..!! ناكرێت په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و پارتی تێك بده‌ین ..! ناكرێت ڕوو له‌ به‌غدا بكه‌ین و پشت بكه‌ینه‌ هه‌رێم ..! نابێت وه‌ڵامی به‌غدا بدینه‌وه‌ نابێت ته‌نانه‌ت فڕۆكه‌كه‌ی مامیش له‌ به‌غدا بنیشێته‌وه‌ … !!!!

ئه‌ڵێم ئه‌رێ گوڵم ئه‌و ناكرێ و ناكرێیه‌ی دوێنێتان له‌ چی بوو و ئه‌م ئه‌كرێ و ئه‌كرێیه‌ی ئه‌مڕۆشتان له‌ چی ..؟!

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

‎٧-١٠-٢٠١٨

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.