وتار
کورد شۆڕشگێڕەکانی نافرۆشێت

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

ھەرچەند بڕیارەکەی ئەمریکا لەم کاتەدا بۆ پێدانی زانیاری سەبارەت بەشوێنی ھەڤاڵان ( جەمیل بایک ، موراد قەرەیلان ، دوران کاڵکان ) لەبەرامبەر ١٢ ملیۆن دۆلاردا زیاتر وادەردەکەوێ جۆرێک لەمجامەلەی سیاسی ئەمریکای خاوەن سیاسەتی بێ ڕوویی بێت لەگەڵ تورکیای گیرۆدە بە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی ، بەڵام جێگای ھەڵوێستە و تێڕامانێکی جدییە و ناکرێ نەپرسین ئەو بوێرییەی ئەمریکا لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ھێندە بێمنەتانە مامەڵە بە سێ گەورە شۆڕشگێڕی کوردەوە دەکات ؟! دوای دەستگیرکردن و تەسلیمکردنەوەی ئۆجەلان لەپلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا لە ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩ ئەمریکا ھیچ کاتێک حاشای نەکردووە و بەڵکو بەئاشکرا چەندینجار دانی بەو ڕاستیەدا ناوە کە چاوەڕوانی ھەڵوێستێکی جەماوەری بێوێنە و مێژووی لەوشێوەیە نەبوون چ لەناوخۆی کوردستان چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەرحەق بەو غەدرەی لە ئۆجەلان کراوە !!ئەی خێرە دوای ٢٠ ساڵ لەپاڵ درک کردن بەو ھەڵەیەی لەڕابردوودا ئەنجامیداوە جارێکیتر ئەمریکا تێھەڵدەچێتەوە و جورئەت دەکات ھەڕەشەی دەستگیرکردن و لەناوبردنی سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانی کورد دەکات !؟ 

بە دڵنیاییەوە دەیڵێم نە ئێستا نە ڕابردووش ھیچ ھێز و دەوڵەتێک جورئەتی ئەوەی نەبووە و نابێت ھەڕەشەی دەستگیرکردنی سەرکردەکانمان و داگیرکردنی خاکەکەمان بکات ئەگەر بەڕوونی درکی بەپەرتەوازەیی و لێک ترازانی ناوماڵی کورد نەکردبێت !!
وەک چۆن لەکۆبانێ بینیمان یەکگرتووی و یەک دەنگی گەلی کورد لەڕووی فکری و سیاسی و جەماوەرییەوە لە سەرتاسەری جیھان ھۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنە سەربازییەکانی یەپەگە بوو بەسەر ھێزێکی دڕندە و بێشوماری وەک داعشدا ، وەک چۆن بینیمان یەکدەنگی و ھەڵوێستی جەماوەری گەلی کورد سەبارەت بە ھەوڵی دەستگیرکردنی (ساڵح موسلیم) لە ووڵاتی چیک شکستی بەپلانی دەوڵەتانی بەشداری ئەو ھەوڵە ھێنا ئاواش ئەو یەکدەنگی و ھەڵوێستە فراوانەی گەلەکەمان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو بەردەوامبێت شکست بەپلان و بڕیارە دژ بە تێکۆشەرانی کورد دێت و ھەموو دنیا تێدەگات کە گەلی کورد چیتر ئەو گەلە پەرتەوازە و لاوازەی جاران نییە..!!
ئەگەر بۆ ئەمریکای قازانج ویست و خاوەن سیاسەتی بێ ڕوویی سەرکردەکانی ئێمە نرخیان بە پارە بەراورد بکرێ و بەشێک بن لەمامەڵەی ژێربەژێری سیاسی بەدڵنیاییەوە بۆ ئێمەی کورد بەرگریکردن لەتێکۆشەرەکانمان واجبێکی ئەخلاقی و ئینسانی پیرۆزە و ھەرگیز درێغی ناکەین و دەیسەلمێنین (کورد شۆڕشگێڕەکانی نافرۆشێت)

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

٧-١١-٢٠١٨

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.