وتار
تۆش ویژدانت هه‌یه‌ ؟

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌ركرده‌ و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كورد و عیراقیه‌كان له‌ ئاوه‌ لێڵه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر سه‌رقاڵی (ڕاوه‌ كورسین)..!! دراوسێكانمان شولیان لێ هه‌ڵكێشاوه‌ شه‌لم، كوێرم، نابوێرم له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌لاماری گه‌ل و خاكه‌كامان ئه‌ده‌ن و شانازی به‌‌ ئۆپه‌راسێۆن دژ به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌كه‌ن..
 لێره‌دا ناكرێت كه‌ گله‌یی له‌ دوژمن و داگیركه‌ران بكه‌ین چونكه‌ كورد وته‌نی  ( پشیله‌ له‌ ماڵ نه‌بێت مشكان تلیلیانه‌).. !!
هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆغان له‌ میانی كۆنفرانسی یه‌كه‌می دادوه‌ریی دادگا باڵاكان و دادگا ده‌ستورییه‌كاندا ڕایگه‌یاند ``به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ زۆر شوێنی جیهان و به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كه‌مان سته‌مگه‌ری ئه‌وتۆ ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ ویژدانه‌كان خوێن لێدێنن``.
وتیشی ``ئۆپه‌راسیۆنمان بۆ سه‌ر شه‌نگال و دامێنه‌كانی مه‌خمور و قه‌ره‌چۆغ ئه‌نجامدا… و ئۆپه‌راسیۆنی دیكه‌شی به‌دووا دێت``
و هه‌روه‌ها وتی ئه‌و هێرشانه‌ بۆ`` پاراستنی شكۆی ئوممه‌ت و هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌`` 
من لێره‌دا به‌ ئه‌ردۆغان ده‌ڵێم به‌ڵێ زۆر راسته‌ هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابووردوت بۆ سه‌ر كامپی په‌نابه‌ران (شه‌هید ڕۆسته‌م جوودی) له‌ مه‌خمورو (گوندی سكێنی) شه‌نگال و شه‌هید كردنی ژن و منداڵی ئاواره‌ له‌ شه‌وی خۆ ئاماده‌كردنیان بۆ (جه‌ژنی ڕۆژوو) خوێنی له‌ وێژدانی خاوه‌ن ویژدانه‌كان هێنا به‌ڵام ئایا ویژدانی تۆشی هه‌ژاند؟؟ 
ئایا ‌‌له‌ پێناو پاراستنی ئوممه‌ت و هه‌موو مڕۆڤایه‌تیدا هێرش ده‌كه‌یته‌ سه‌ر منداڵه‌ شیرخۆره‌كان..؟؟ ئه‌رێ پێم  ناڵێیت تۆیه‌كی ویژدان ناسك كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ رێپێوانی چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ئه‌ترسی و پێتوایه‌ ئومه‌ته‌كه‌ت و مرۆڤایه‌تی ئه‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و خێرا خوێن به‌رچاوت ئه‌گرێ چۆن ویژدانت ئازارت نادات ژنه‌ شه‌رڤانی گه‌لێكیتر پارچه‌پارچه‌ بكه‌ی ؟
ئایا ویژدان لای ئێوه‌ كاتیه‌؟
هه‌ست ناكه‌یت كه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانت جگه‌ له‌ مه‌رگ و ماڵوێرانی هیچ ده‌ستكه‌وتێكی تریان بۆت هه‌بێت؟ ئایا‌ شكۆی ئۆممه‌ت و مڕۆڤایه‌تی به‌ كوشتن و بڕین و به‌ند كردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و سوتاندن ده‌پارێزرێن یان به‌ ئاشتی..؟؟
ئایا چڵه‌ زه‌یتون لای ئێوه‌ هێمای شه‌ڕه‌ یان ئاشتی؟
هه‌ركاتێك ویژدانت له‌خه‌و هه‌ڵسا ئه‌وكات باس له‌ ئوممه‌ت و مرۆڤایه‌تی بكه‌.. 
له‌ كاتێكدا كه‌ هێرشی فڕۆكه‌ توركیه‌كان بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و ئاواره‌ و پارته‌ كورد و كوردستانیه‌كان به‌ تووندی ئیدانه‌ ده‌كه‌م به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش ده‌ڵێم .. ئه‌ی كامپی ئاواره‌كان له‌ ژێر چاودێری وردی ئێوه‌دا نه‌بوو..؟ باشه‌ ئه‌ی  ویژدان و چاوو گوێ و مرۆڤایه‌تی لای ئێوه‌ چی لێهاتووه‌؟  ناشێ ئێوه‌ش له‌ پێناو پاراستنی شكۆی ئوممه‌ت و مرۆڤایه‌تیدا بێده‌نگیتان هه‌ڵبژاردبێت ؟
هیچم نیه‌ بۆ حزب و لایه‌نه سیاسی و‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم چونكه‌ ده‌مێكه‌ هه‌ستی كوردایه‌تیان له‌ناخدا مردووه‌‌ و ده‌ستم لێ شتوون…    

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.