وتار
دیسان بەردەکە بەر سەری کورد کەوت ..!

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد


ماوەیەک لەمەوبەر ڕەخنەم گرت لە مەسەلەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەھەولێر کە بەگەورەترین کونسوڵخانەی جیھان ناوزەندکرا ، دواتر ووتارێکم لەژێر ناونیشانی ( لەقەیسەرەوە تا پۆتین ) نووسی ، ڕەنگە بڕوانەکەن چەند نامە و تەلەفۆنم بۆ ھات تاکو ئەو بابەتانە لابەرم ..!! کاتێکیش ھۆکارەکەیم پرسی ووتیان ( ئاخر ئەمەریکا و ڕوسیا دۆستی کوردن با عاجزیان نەکەین ) سەرەتا ووتم ئەوانە کەسیان دۆستی کوردنین و ھەرگیزیش نابنە دۆستی کورد ، شەرمە گاڵتە بەخۆمان بکەین ، دەفەرموو ئەوەش دۆستایەتی ..!!

زۆر سەیرە ئەگەر بەردێک لەئاسمان بکەوێتە خوارەوە بەرسەری کورد ئەکەوێ !! ئاخر بڵێ کاکە ترامپ لەم سەری ساڵەدا ئەو نەگبەتییە چی بوو تووشت کردین ؟! برام خۆ کریسمس جەژنی لێبووردەیی و بەخشندەیی و میھرەبانی و خۆشەویستیە ، ئەرێ پێمناڵێیت بۆ لەکریسمسدا کوردت وەک بەرخەکانی جەژنی قوربانی خۆمان کردە قوربانی ..؟!

بەڕاستی نازانم ساویلکەیی و نەزانی و خۆش باوەڕی خۆمانە کە ( بەبستێک ئاو دەکەوینە مەلەکردن ) یانیش بەدبەختی ھەر لەچارەمان نوسراوە و قەدەر و چارەنووسی ئێمە بەوجۆرەیە ؟!

کورد ئەڵێ ( ئەگەر جارێک فێڵت لێکردم خوا بتگرێ ، ئەگەر دووجار فێڵت لێکردم خوا خۆم بگرێ ) وابزانم ئەوەندەجار فێڵمان لێکراوە دەبێت بڵێین خوا ھەردوو لامان بگرێ ..!!

جا بۆ نەگبەتی سەرەڕای پلانگێڕی دژ بە کورد و ئەو ھەموو چرا سەوزەی لەلایەن زلھێز و مێشک بچووکەکانەوە بۆ سوڵتان ئەردۆغان ھەڵکراوە کێشەیەکی تریش بەرۆکی گرتووین ئەویش (حەشدە چەکدارەکەی بارزانییە) کە بێ چاوێنی بێت بەتەمان ببنە فریادڕەس ..!! ئاخر ڕۆڵە ئێوە ھێزە تایبەت و ئۆرجیناڵەکەتان بەرگەی پێنج دەقە شەڕی داعشی نەگرت لەشەنگال ئیتر چ باس لە ھێزی علوج ئەکەیت ؟! کورد ووتەنی ( کەچەڵ تیمارکەر بوایە ، تیماری سەری خۆی ئەکرد ) ..!!

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
٢٩/١٢/٢٠١٨

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.